ئا: محەمەد هاوژین
دۆناڵد ترەمپ، تا ئێستا شەش جار باسی ئەوەی کردووە کە چەکی داوە بەکورد بیگەیەننە دەست خۆپیشاندەرانی ناڕازی ئێران، کەچی ئەوان نەیانگەیاندووەو “دزیویانە”، سەرکردەی پارتێکی کوردی رۆژهەڵات دەڵێت “هیچ هاوکارییەکمان نە لەئەمریکا، نە لەوڵاتانی کەنداوو نە لەئیسرائیل وەرنەگرتووە، ئێمە لەسەر پێی خۆمان وەستاوینو پشتمان بەجەماوەری خۆشمان ئەستورە”.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وەک ئەوەی داخێکی لەدڵدا بێت، ماوەی مانگێکە هەر کە سەری قسە دادەمەزرێو باسی کورد دێتە پێشێ، یەکسەر دەڵێت “چەکمان دانێ بیگەیەننە خۆپیشاندەرانی ئێرانی، کەچی بردیان بۆ خۆیانو دزییان”!
ئەم لێدوانە پەیتا پەیتانەی ترەمپو دیارینەکردنی ئەو لایەنانەی جەکەکانی داونەتێ، مشتومریکی گەورەی لەڕای گشتی کوردستانو لەنێوان هیزە سیاسییەکاندا دروست کردووە، تا ئەو ئەندازەیەی کە یەکێتیو پارتی یەکتریان تۆمەتبار کرد، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو.
فەریقی یەکەم، جەبار یاوەر شارەزای کاروباری سەربازیو ئەمنیو ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە جەغت لەوە دەکات کە هیچ زانیارییەکی نییە لەبارەی ئەوەی ئەمریکا چەکی ناردووە بۆ کورد یان نا، ئەو بەئاوێنەی وت “ئەمریکاو ترەمپ خۆیان دەتوانن بڵێن چەکیان بۆ کێ ناردووەو کێ دەستی بەسەردا گرتووە”.
ئەم شارەزایەی کاروباری سەربازی ئەوە رووندەکاتەوە کە ناردنی چەک ڕێگاو ڕێکاری خۆی هەیە، هەروا بەهەڕەمەکی نانێردرێت بۆ شوێنێکو بۆ لایەنێک، ئەو وتی “رێی تێناچێ چەک بەسندوق بێنن لەهەرێم فڕێی بدەنو بڵێن بینێرن بۆ فڵان شوێن، ئەمە ڕێکاری خۆی هەیە ئێستا کە ئەو هەڵایە لەسەر ئەو چەکانە دروست بووە، حکومەتو فەرمانگەی پەیوەندیەکانى دەرەوەی هەرێم دەتوانن بەنوسراوێکی فەرمی داوا لە کونسوڵگەری یان باڵیۆزخانەی ئەمریکا بکەن، ئەو چەکانە چەندنو دراون بەکێو ئاگادارمان بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو مەتەڵە هەڵبێتو ئەو قسەو قسەڵۆکانە نەمێنن”.
وتیشی “ئەگەر ناردنی ئەم چەکانە ڕاست بێت بێگومان کاریگەری لەسەر پەیوەندی ئەمریکاو کورد دروست دەکات، لەڕووی دووەمیشەوە کاریگەری لەسەر پەیوەندی هەرێمو ئێران دروست دەکات، چونکە ترەمپ دەڵێت ئەو چەکانەم ناردووە بۆ خۆپیشاندەران، بۆیە ئێستا ئێران ڕەنگە چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی ئەم بابەتە بکات”.
ئەمە لەکاتێکدایە کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەنوێترین لێدوانیدا لەبارەی تۆمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەبردنی چەک لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، رایگەیاندووە کە “ئافەرین کورد ئەمجارەش دوژمنتان خەڵەتاندو بێهیواتان کردن.”
لیوا محەمەد سابیر هەمەوەندی، شارەزای کاروباری سەربازیو ئەمنی، بەئاوێنەی وت “بەدڵنیایی ئەو چەکانە لای حکومەتی هەرێم نییە، هەرگیز پێشبینی ئەوەش ناکرێت کە یەکێتیو پارتی چەکیان وەرگرتبێتو ناردبێتییان بۆ ئێران یان لای خۆیان گلیان دابێتەوە، چونکە ئەوە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدارە”.
وتیشی “هەر گروپو لایەنێک ئەو چەکانەی وەرگرتبێت ریسکی کردووەو کێشەی بۆ خۆی دروست کردووەو دەکەوێتە بەر توڕەیی ئەمریکاو ئێران”.
ژمارەیەک لەچاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن ئەو چەکانەی ترەمپ باسیان دەکات، دراوە بە بەشێک لەهێزە ناڕازییە کوردییەکانی رۆژهەڵاتو پەیوەندی بەیەکێتیو پارتییەوە نییە.
توێژەرێکی ئێرانی، کە لەئەمریکا دەژیو لە’جۆرلیزەم پۆست”ی ئیسرائیلی دەنووسێو نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە یەکەمجار نییە ئەمریکا هێزە کوردییەکان بەبردنی چەک تۆمەتبار دەکات، پێشتریش لەشەڕی داعشدا هەمان تۆمەتیان ئاڕاستە کردن، ئەو بەئاوێنەی وت “ئەوەی لەناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکادا باس دەکرێت، چەک دراوە بە بەشێک لەهێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات، بەڵام ئەو چەکانەیان بۆ خۆیان هەڵگرتووەو یەک فیشەکیش نەگەیەنراوەتە ناوخۆی ئێران”.
وتیشی “هاوکات پارتیو یەکێتیش نایانەوێ دڵی ئێران بیەشێننو رێگە بەهیچ جموجۆڵێک نادەن لەسنوورەکانیانەوە بەرامبەر بەئێران بکرێ، لەبەرئەوە تا ئێستا هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات ئامادە نین بۆ هیچ دەستپێشخەرییەکو کارێکی راستەقینەو کاریگەریان لەسەر ئەرزی واقیع لەدەست نایەت”.
هاوکات چاودێرێکی سیاسی لەهەرێمی کوردستان جەغت لەوە دەکات کە هەموو هێزە کوردییەکانی رۆژهەلات، جگە لەپژاکو کۆمەڵەی سەر بەحیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەم چەکو کۆمەکەیان لەئەمریکا وەرگرتووە.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە کارێکی ئاساییە لەکاتی تەنگانەدا پەنا بۆ هەر هێزێک بەریت بووپارێزێت، وەک ئەوەی کوردی باشور هاوکاری ئەمریکای کردو ئەمریکاش ئەم دۆخەی ئێستای بۆ رەخساندن، ئەو بەئاوێنەی وت “بەپێی زانیارییەکانی من هەموو هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات، جگە لەپژاکو کۆمەڵە بەسەرکردایەتی ئیبراهیمی عەلیزادە، چەکو هاوکارییان لەئەمریکا وەرگرتووە، تەنانەت پژاک بەو برادەرانەی وتووە ئەوەی وەرتانگرتووە بەئێمەتان بووتایە بۆمان دابین دەکردن، پێویست ناکات ئەمە رەتبکەنەوە، چونکە هیچ بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی دنیا نییە بەبێ کۆمەکو هاوکاری دەرەکی سەرکەوتوو بووبێت، ئەمانیش دەبێ یەکگرتوو بنو ئامادە بن بۆ هەر پێشهاتو گۆڕانکارییەک لەقۆناغی داهاتوودا، چونکە شەڕی ئەمریکاو ئێران کۆتایی نەهاتووەو ئەگەری زۆرە هێرشەکان دەستپێبکاتەوە”.
وتیشی “یەکێتیو پارتی هەڵەیان کرد کە بەبێ هیچ بەڵگەیەک کەوتنە یەکتر تۆمەتبار کردن، بەبێ ئەوەی ئەم بابەتە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت، کە نەحکومەتی هەرێمو نەیەکێتیو پارتی ئەو چەکانەیان لەئەمریکا وەرنەگرتووە”.
بەڵام لەبەرامبەردا سەرکردەو چالاکوانانی کوردی رۆژهەڵات بەتوندی ئەوە رەتدەکەنەوە کە چەکیان لەئەمریکا وەرگرتبێتو ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیەوێت شکستەکانی لەئێران بخاتە ئەستۆی کورد.
رەزا کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە یەکێکە لەو شەش حزبەی “هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”یان پێکهێناوە، بەتوندی ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە چەکو کۆمەکیان لەلایەن ئەمریکاوە وەرگرتبێت، ئەو بەئاوێنەی وت “هیچ هاوکارییەکمان نە لەئەمریکا، نە لەوڵاتانی کەنداوو نە لەئیسرائیل وەرنەگرتووە، ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین هیچ حزبێکی هاوپەیمانی حزبەکانی رۆژهەڵات چەکیان پێنەدراوەو ئەو قسەو هەواڵانە ئەسڵو ئەساسیان نییە، بەئەندازەیەکیش بێ بنەماو بێ بایەخ بوون کە پێویستمان بەوەش نەبوو بەدرۆی بخەینەوە”.
کەعبی پێیوایە ورژاندنی ئەم هەواڵانە لەبنەڕەتدا گرنگیو قورسایی هێزەکانی رۆژهەڵاتو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد پیشان دەدات کە لەئامادەباشیدان بۆ هەر گۆڕانکارییەک، ئەو وتی “ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان نییە لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل، شەڕ هەبێو شەڕ نەبێ، حزبەکانی رۆژهەڵات کاری خۆیان دەکەنو خۆڕاگر بوون، ٤٧ ساڵە بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بووینەتەوە، شەڕ ببێت ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانمان، شەڕ نەبێت ئەرکێکی تر دەکەوێتە سەر شانمانو کۆڵ نادەین”.
وتیشی “٤٧ ساڵە ئێمە بەتەنها بەرەنگاری جەورو ستەمی کۆماری ئیسلامی بووینەتەوەو نەئەمریکیەکانو نەئیسرائیلییەکانو نەعەرەبەکان بەهانامانەوە نەهاتوون، ئێمە لەسەر پێی خۆمان راوەستاوینو پشت ئەستور بووین بەجەماوەری خۆمانو درێژەمان بەخەباتی رزگاریخوازی خۆمانو شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) داوە”.
سەبارەت بەوەش کە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کەمپی حزبەکانی رۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان زیاتر بووە لەدوای ئەم لیدوانانەی ترەمپەوە، ئەو وتی “کۆماری ئیسلامی لەوەتەی هەیە هێرش دەکاتە سەرمانو تیرۆرمان دەکات، هێرشەکان تازە نین، ئەوەی تازەیە ئەو نیگەرانییە زۆرەیە کە رژێمی ئێران بەرامبەر حزبەکانی رۆژهەڵات هەیەتی بەهۆی جەماوەری بوونو متمانەو خۆشەویستیو پێگەی بەهێزیانەوە لەناو خەڵکدا، یەکێک لەمەترسییە گەورەکانی کۆماری ئیسلامی لەئێستادا حزبەکانی رۆژهەلاتەو بۆ بیانوو دەگەڕێت تا زیاتر فشاریان بۆ بهێنێت، کە لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی هەر لەبنەڕەتەوە لەدژی کوردستانێکی ئازادەو لەدژی هەرێمی کوردستانیش دەجوڵێتەوە”.
وتیشی “ئێمە لەهەڵوێستی حکومەتی هەرێمو حزبەکانو خەڵکی هەرێمی کوردستان رازین، هەوڵیشمان داوە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان رەچاو بکەین بۆ ئەوەی کێشەو گرفتیان بۆ دروست نەبێت، هەرێمی کوردستانیش بەپشتیوانی سەرەکی خۆمانو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لەپارچەکانی تر دەزانین”.
سەرچاوە: ئاوێنە