رەزا ساڵح :
ماوەیەکە چەند لایەنێک، کە دژی خواستەکانی کوردن، داوای ئەوە دەکەن کە کەرکوک بکرێت بە (هەرێمی سەربەخـۆی کەرکـوک) و لە کوردسـتان دایببـڕن.. بە تایبەتیش (بەرەی تورکمانی) ئەوەبوو . كە پەڕلەمانتاری تورکمان (حەسەن تۆران) ئەم باسەی ورووژاند و چەند لایەنێکی عەرەبی شۆڤێنیش هاوپشتیانن.. مەبەستیشیان ئەوەیە کە نکووڵی لە کوردستانییەتی کەرکوک دەکەن و، دژی ئەوەن کە کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردستان .. ئەم هەڵوێست و داوایەی بەرەی تورکمانی تازە و سەیر نییە بە لامانەوە .. چونکە بەرەی تورکمانی لە سەرەتایی دروست بوونییەوە تا ئەمڕۆ بەرەیەیەکی دەماگیرن .. چاویان بە ئازادی و بە پێشکەوتن و بە ئاوەدانی کوردستاندا هەڵنایات.. ئەوان تا ئەمڕۆش بە فەرمی لە میدیا و لە لێدوان و لە راگەیاندنەکانیاندا، لە جیاتی ناوی (هەرێمی کوردستان) دەستەواژەی (شمال العراق) بەکـاردەهێنن.. لە جیاتی ناوی (حکوومەتی هەرێمی کوردستان) دەستەواژەی (حکومة أربیل المحلیة) بەکاردەهێنن.. ئەوان نەک هەر کەرکوک بەڵکو (هەولێر و خانەقین و کفری) ش بە تورکمانی دەزانن .. بەرەی تورکمانی زیادەرۆیی دەکەن و.. لە بەڕەکەی ژێریان زیاتر پێیان رادەکێشن.. خۆ ئەگەر هەموویان کۆبکەینەەوە، لە پڕی سێ چارۆکە زیاتر دەرناچن.. کوردیش لە چاکە زیاتر هیچ خراپەیەکیان بۆیان نەبووە.. بێگومان ئەوان گوزارشت لە را و بۆچوون و هەڵوێستی هەموو برا تورکمانەکانمان ناکەن.. زۆر لە برایانی تورکمان هەڵوێستەکانی بەرەی تورکمانیان بە دڵ نین.
بەڵام ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە و، جێی داخە، ئەوەیە کەهەندێ لە بەرپرسان و کاربەدەستانی بەڕێوەبەر لە کەرکوکدا، لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسی و لە دەسەڵاتدا، مەخابین، کە چوونەتە پاڵ نەیارانی کورد و، بە نهێنی و بە ئاشکرا لەگەڵ ئەم پیلان و داوا گڵاوەدا کە (هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک) دابمەزرێت، لە پێناوی بەرژەوەندی و لە دەستنەدانی پایە و کورسییەکانیان، ئامادەن دەنگ و داوایان بخەنە پاڵ ناحەزان و نەیارانی کورد و، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەم پیلانەدابن.. ئەم بەرپرسانە سەر بە پارتێکی کوردستانین.. ئێمە ناویان نابەین.. “‘دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە” دڵنیام نەک هەر من بەڵکو بەشێکی زۆری کورد هەستیان بە هەڵوێستی ئەم بەرپرسە هەلپەرستانە کردووە و دەیانسان.. بە دووری نازانم کە بەم زوانە ئاشکرا ببن و.. پەڵەیەکی رەشی ناپاکی و شەرمەزاریش بە خۆیانەوە بنێن .. جا پێش ئەوەی ئەمەیان بەسەربێت.. باشتر وایە بەخۆیاندا بچنەوە و پاشەگەزببنەوە.. ئەگینا رسوادەکرێن.
هەر ئەمانەش هێزی (الحشد الشعبي) یان هێنایە سنووری کەرکوکەوە.. ئەمانە لە سەرەوە قسەی زل دەکەن و لە ژێرەوش کردەوەکانیان بە پێچەوانەی قسەکانیانەوەن، مەرای و مامە حەمەیی دەکەن و، ماستاو بۆ کاربەدەستانی بەغدا دەکەن.
کەرکوک بەشێکە لە کوردستان .. زۆبێت یا درەنگ دەیگەڕێنێنەوە بۆ سەر کوردستانی شیرینمان . لەم پێناوەشدا بە سەدان شەهیدمان داوە .. بە سەدان شەهیدی تریش بدەین دەست لە کوردستانییەتی کەرکوک هەڵناگرین، سازشکردن لەسەر کەرکوک گەورەترین ناپاکی و هێڵی سوورە و، لە کەسی قبوڵ ناکەین.. با هەلپەرست و کورسی پەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندیپەرستەکان، ئەوە باش بزانن.. کە ئەوە ئەستە کورد بەوە رازی بێت کە کەرکوک بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ و لە کوردستان دایببڕن.
نەفرەت لەو دەسەڵاتدارە کوردانەی کە دەیانەوێت کەرکوک بە کورسییەکانیان بگۆڕنەوە.. ئەمە ناپاکییە و، ناپاکیش لێبووردنی نییە.. کورد وتەنیش: ”هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی.. هەردەبێ بهێنن نووشستی”.