دۆسییەی کورد لە تورکیا یەکێکە لە ئاڵۆزترین و درێژخایەنترین کێشە سیاسییەکانی ناوچەکە. لە دوای شکستهێنانی “پرۆسەی چارەسەری” لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، تورکیا کەوتە ناو قۆناغێکی نوێی گرژیی سەربازی و سیاسی. لەم دواییانەدا، جارێکی تر پرسی ئاشتی و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بووەتە ڕۆژەڤ، بەڵام ئەمجارەیان لە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا کە ئاڕاستەی پرۆسەکە بەرەو دۆخێکی نادیار دەبەن.
دەستپێشخەرییە نوێیەکان کاتێک دەرکەوتن کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغان، دەستی تەوقەی بۆ نوێنەرانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) درێژ کرد. ئەم هەنگاوە بۆ چاودێران جێگای سەرسووڕمان بوو، چونکە باخچەلی هەمیشە بە توندترین نەیاری هەر جۆرە گفتوگۆیەک ناسراوە.
دواتر پێشنیاری هاتنی بەڕێز (عەبدوڵا ئۆجالان) بۆ ناو پەرلەمان و ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، گەورەترین پەرەسەندنی سیاسی بوو لە دەیەی ڕابردوودا. ئەم جووڵانە نیشانەی ئەوەن کە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە دەزانن بەبێ جۆرێک لە سەقامگیری ناوخۆیی، ناتوانن ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو ببنەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی غەزە و لوبنانەوە بەرەو گۆڕانکاری دەچێت.
سەرەڕای ئەم گوتارە سیاسییە نوێیە، واقیعی سەر زەوی ئاماژەی پێچەوانە دەدات. دانانی قەیووم (سەرپەرشتیاری دەوڵەت) بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلح و خەلفەتی و دوورخستنەوەی هاوسەرۆکە شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی کورد، گورزێکی کوشندە بوو لە متمانەی نێوان لایەنەکان. ئەم سیاسەتی “دەستێک بۆ تەوقە و دەستێک بۆ قەیووم”ـە، وا دەکات لایەنی کوردی بە گومانەوە لە نییەتەکانی ئەنقەرە بڕوانێت.
لە لایەکی ترەوە، تورکیا هێشتا نیگەرانە لە پێگەی کورد لە باکووری سووریا (ڕۆژئاوا). هەر پرۆسەیەکی ئاشتی لە ناوخۆدا ناتوانێت جیا بێت لە پرسی یەپەگە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە سووریا. ئەنقەرە دەیەوێت لایەنی کوردی لە ناوخۆدا بێدەنگ بکات بێ ئەوەی هیچ ئیمتیازێکی سیاسی یان دەستووریی ڕاستەقینە بدات. لەم حاڵەتەشدا سێ ئەگەر، یان سێ سیناریۆ دێتە پێشەوە:
– ساردبوونەوە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر/ ئەگەر دەسەڵات تەنها مەبەستی تێپەڕاندنی کات و گۆڕینی دەستوور بێت بۆ مانەوەی ئەردۆغان. ئەوا پرۆسەکە دەگاتە بنبەست و گرژییەکان نەک هەر دەست پێدەکەنەوە بەڵکو زیادیش دەکەنەوە.
– ڕێککەوتنی ئەمنی سنووردار/ ئەوەی تورکیا دەیەوێت وادەردەکەوێت “ئاشتییەک لە پێناو بێدەنگکردنی چەکەکان”ـە، نەک “ئاشتی بۆ چەسپاندنی مافە دیموکراسییەکان”. ئەمەش جۆرێکە لە ئاشتییەکی لەرزۆک کە تەنها کێشەکە بۆ داهاتووی ناوچەکە دوادەخات.
– وەرچەرخانی ڕادیکاڵ/ ئەمەیان کەمترین ئەگەری هەیە، بەڵام مەحاڵ نییە. ئەویش ئەوەیە کە تورکیا تێبگات بەبێ چارەسەرێکی دەستووری و دانپێدانان بە شووناسی کورد، ناتوانێت ببێتە هێزێکی هەرێمیی سەقامگیر.
لە کۆتاییدا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ئێستادا وەک “ڕێکردنە لە ناو کێڵگەیەکی مینڕێژکراودا”. لە لایەکەوە پێویستییەکی مێژووییە بۆ پێکەوەژیان و لەلایەکیترەوە بووەتە ئامرازێکی مانۆڕی سیاسی بۆ لایەنەکان. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی، پێویستە دەوڵەت لە سیاسەتی قەیووم پاشەکشە بکات و هەنگاوی کردەیی بۆ ئازادییە سیاسییەکان بنێت. بەبێ ئەمە، هەر هەوڵێک تەنها وەک درووشمێکی هەڵبژاردن و کایەیەکی سیاسی دەمێنێتەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێ خوێناوییە مێژووییە نابێت.
ئازاد جۆڵا-چاودێری سیاسی