لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت ئەو پاسانەی کەس بە ئیشی خۆی نەزانی ڕایانگرێت

ئەو پاسانەی کەس بە ئیشی خۆی نەزانی ڕایانگرێت

0 تێبینییەکان 22 بینینەکان
هۆکاری ڕاستەقینەی ئەوەی کە ئەو گەنجانەی کەلار ئەمڕۆ ئەو پاسە ڕادەگرن، ئەوەیە کە دوێنی کەس پاسەکانی ئەوانی ڕانەگرت.
لە بەهاری ساڵی ١٩٨٨ چەندین پاس لە کوردستانەوە بەناو گەرمیاندا بەرەو باشوور بەڕێ کەوتن. سەرنشینەکانیان گەشتیار نەبوون، بەڵکو دەیان هەزار ژن و منداڵ و پیری سەدان گوند بوون کە چۆڵ کرابوون، تەخت کرابوون، وە ئاگردرابوون. دایکانێک بوون کە هیچ سۆراغێکی هاوسەرەکانیان نەدەزانی. منداڵانێک بوون کە برسیی بوون، ترساو بوون، وە حەپەساو و بێدەنگ بوون بەو جۆرەی کە منداڵان دەحەپەسێن و بێدەنگ دەبن کاتێک دونیای دەوروبەریان ئیتر هیچ مانایەک نادات، وە هیچ تێناگەن لەوەی کە دەگوزەرێت.
برانە بیابانی تاریک. ئەو سەربازانەی لەناو چاڵەکاندا دەوریان دان و بە لم زیندەبەچاڵیان کردن، هیچ لەو قسانەیان تێنەگەیشتن کە بەر لە ونبوونیان لەژێر لمەکە، بە دەم هاوار و گریانەوە دەیانووت.
پاسەکان بەناو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووردا تێپەڕین. بەناو شارەکاندا، بەلای گوندەکاندا، بەسەر چواڕێیان و ترافیک لایتەکاندا، بەلای ماڵەکاندا و، بەناو خەڵکانێکدا کە هەر ئەوەندە بیریان لە دیمەنەکە کردەوە کە دەوڵەتە و خەریکی ماڵییکردنی ئەو خەڵکە غەریبە و نەناسەی باکوورە کە دەوڵەت بە یاخیی بوون و،گرفت لە وڵاتدا دروست دەکەن.
هیچ کۆمەڵە گەنجێک لەو شارانەی ناوەڕاست و باشووربە ئیشی خۆیان نەزانی بیر لە دواکەوتن و ڕاگرتنی پاسێکیان بکەنەوە و بڵێن ئەمە نایاساییە، ئەمە ڕەفتارێکی قبوڵنەکراوە، ئەمە تاوانکارییەکە کە دەوڵەتەکەی ئێمە ئەنجامی دەدات.
تاوانکارییەکە ئەوەندە نەبووە جێگەی باس کە خەڵکی ناوەڕاست و باشووری وڵات بیرۆکەکەیەکی ڕۆشن وەربگرن و بەتەواویی بزانن ئەوە چی بوو ئەو بەهارە ڕوویدا.
ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، پاش نزیک بە چوار دەیە، کەمینەیەکی خەڵکی ئەو ناوچانە دەزانن ئەنفال چییە و جۆر و قەبارەی ئەو تاوانانە چی بوو دەوڵەت لەو پرۆسەیەدا دەستی بۆ برد. هیچ هەستێکی وا ئامادە نەبوو کە ئەوە ڕووداوێکی خاوەن ڕەهەندی مێژووی گەورە لە نیشتیمانەکەی مندا دەگوزەرێت و دەنگێکی بیستراو نەبوو بڵێت ئەو کارە سکانداڵێکی نەتەوەییە و دەبێت دونیا پڕ بکرێت لە تووڕەیی. هیچ حەزێکی ڕاستەقینە مەوجود نەبوو بۆ تێگەیشتن لە وردەکاریی ئەوەی دەگوزەرا. میدیایەک نەبوو لە پێرسپێکتیڤێکی ڕەخنەییەوە شتێکی لەسەر بڵێت. هیچ کەس باسی لێپێچینەوەی لە تاوانکاران نەکرد. کەس باسی لە تێکدانی نەزمی گشتیی و پێشێلبوونی کەرامەتی خەڵکی مەدەنیی و شکاندنی حورمەتی ڕێگەوبان و هاتووچۆ و ترساویی سەرنشینەکانی نەکرد. هیچ دەنگێک نەبیسترا کە باسی برایەتیی و ژیانی هاوبەش و هاوچەرەنووسیی بکات. وە هیچ قسەیەک لەسەر مومارەسەی ڕاسیزم ئامادە نەبوو. 
٭٭٭
بەهاری ئەمساڵ پاسێك لە باشوورەوە بەناو گەرمیاندا هاتە کوردستان. سەرنشینەکانیان خەڵکانی ئەنفالکراو و خانەوادەی ترساو نەبوون. بەڵکو گەشتیار بوون و هاتبوونە کوردستان. 
کاتێک چەند گەنجێک لەسەر ناکۆکییەک و دواتر لەسەر ئەوەی شۆفێرەکە بە پاسەکە لە یەکێکیانی دا، هەوڵی ڕاگرتنی پاسەکەیان دا،ئەمجارە لەپڕ هەموو عێراق لە خەو هەستا. 
میدیاکان لە خەو هەڵسان. کۆمێنتەکان گڕیان گرت. دەسەڵاتدارانی ئەمبەر و ئەوبەر کەوتنە خۆ. وشەگەلی «یاسا»، «ڕێز»، «هاونیشتیمانیی»، «میواندۆستیی»، «برایەتیی»، «ڕاسیزمی کوردیی» و «فاشیزم»هێنرانە بەردەست. لەپڕ باسی پاسەکەی کەلار بوو بە ڕووداوێکی نیشتیمانیی سەرتاپاگیر. لەپڕ هەموو خەڵکی وڵاتەکە بوون بە سەرکۆنەکەری ترساویی ژنان و منداڵانی ناو پاسێک. لەپڕ ئەو تاوانەی بەرامبەر بە سەرنشینەکانی پاسێک کرابوو بوو بە پێشێلکارییەکی خاوەن ڕەهەندی نیشتیمانیی کە نابێت بێدەنگی لێ بکرێت. 
٭٭٭
وەک ئەوەی زەمانە بیەوێت دوو وێنەی هاوشێوە لە یەک چوارچێوەدا دابنێت، هەر هەمان هەفتە کە ئەو ڕووداوەی کەلار ڕوودەدات، عەججاج ئەحمەد حەردان ئەل-تکریتی دادگایی دەکرێت. ئەو پیاوەی کە پێشێلکاریی بەربەرییانەی بەرامبەر سەرنشینەکانی پاسەکانی ئەنفال ئەنجام دا، وە قوربانییە ڕزگاربووەکان ئێستا، وەک ئەوەی بیانەوێت ئاماژە بە هاوبەشییەکی گەورە بکەن لە مێژووی عێراقدا، بە «حەججاج» ناوی دەبەن.
بێگومان پێشێلکارییەکەی کەلار و پێشێلکارییەکانی نوگرە سەلمان لە قەبارە و لە سروشتدا بەراورد ناکرێن، وە ناکرێت جەلادی بکوژ و گەنجانێک کە ڕێگەیان لە ترافیک گرتووە بەرامبەر یەکتر دابنرێن، بەڵام لێرەدا بەراوردەکە لەنێوان دوو کرداردا نییە، بەڵکو لەنێوان ئەو پەرچەکردارانەیە کە ئەو دوو ڕووداوە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا بەدوای خۆیاندا دەیهێنن: دادگاییەکەی عەججاج دۆزێک نییە میدیا ڕەسمیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییە عەرەبییەکانی ئەو وڵاتەی داگیر کردبێت. دۆزەکە لەوێ تەنها ئەوەندە باسی هەیە وەک ئەوەی دۆزی خەڵکانێکی دوورەدەستە، وە وا دێتە بەرچاو وەک ئەوەی دۆزی قوربانییە ڕزگاربووەکانە و، ئەوانن دادگایان لە پیاوێکی عێراقیی (نەک بەرپرسێکی ئەو دەوڵەتە) گرتووە کە زیادەڕۆیی بەرامبەریان نواندووە. لەبەرامبەردا، هەمان ڕۆژ، دۆزی پاسەکەی کەلارکۆمەڵگای عێراقیی تەنییەوە و، لایان دۆزێک بوو سەبارەت لادان لە برایەتیی ، سەبارەت بە ڕاسیزم،سەبارەت بە زەرورەتی لێپێچینەوەی یاسایی دەستبەجێ. 
٭٭٭
شتێک کە لەم سیاقەدا خاوەن دەلالەتێکی زۆر گەورەیە ئەوەیە کە وەنەبێت دەوڵەتی عێراق بووبێت لە هەڵمەتێکی نیشتیمانیی جیددیدا بۆ دۆزینەوەی جەلادانی ئەنفال، عەججاجی دۆزیبێتەوە. دۆزینەوەی عەججاج بەرهەمی ویژدانێکی ناڕەحەتی دەوڵەتی عێراق نەبوو لە ماوەی سی و حەوت ساڵدا لەئاست گەڕاندنەوەی عەدالەت بۆ قوربانییە کوردەکان و ڕزگاربووەکاندا. 
پاش سی و حەوت ساڵ، ژنێکی گەرمیانیی بە مانای وشە دلێر و قارەمانی واقیعیی بەناوی فەزیڵە، کە یەکێك لە قوربانییە ڕزگاربووەکانە، ناچار بوو ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ کە دەبێتدەوڵەت  بیکات. ئەو ئەرکی یەک نەتەوەی گرتە ئەستۆی خۆی و، گەڕایەوە بۆ باشوور و لەوێ عەججاجی لەناو ماڵی خۆیدا دۆزییەوە. ئەو خەمی خۆی هەر تەنها وەک بیرەوەرییەک هەڵنەگرتبوو، بەڵکو وەک بەرپرسیارێتیینواندن لەئاست نەتەوەیەکیشدا. ئەو تەنها بە دوای دۆزینەوەی تەنها جەلادێکەوە نەبوو، بەڵکو خەریکی ئەوە بوو بیسەلمێنێت کە جار هەیە خەیاڵدانی قوربانیی زۆر لە دەوڵەتێک چاونەترس و جەربەزەترە. 
بەڵام دۆزینەوە و دەستگیرکردنی گەنجەکانی کەلار، ئیرادەی دەستبەجێ لەئاستیدا هەبوو و، دەزگای ئاسایش هەر هەمان ڕۆژ، نەک هەر دەستگیرکردن، بەڵکو فریای بڵاوکردنەوەی وێنەشیان کەوتن. وە ئیدارەی گەرمیان فریای ئەوە کەوت، پێش هیچ بڕیارێکی دادگا لەسەر ئەوەی کە ئایا ”تۆمەتبارانتاوانبارن”، داوای لێبوردنی کورد بگەیەنێت بە کۆمەڵگای عراقیی و، پیشانی بدات کە کورد دەزانێت چۆن سەرکۆنەی خۆی بکات کاتێک هاوڵاتییانی عەرەب دڵیان گەرد دەگرێت.
ئەوە ڕۆشنە کە ئەو دەستوبردییەی دەزگای پۆلیس لە جێبەکردنی یاسادا گرفتێک نییە، بەڵام گرفتەکە لەوێدایە کە ئەم دەستوبردییە ئامادە نییە کاتێک دۆزەکە دۆزی برینێکی کوردیی و جەلادێکی دەوڵەتی عێراقییە.
دیارە ئەمە هەر وردەکارییەکی لاوەکیی نییە، بەڵکو پەردە لەسەر نەزمێکی ئەخلاقیی ڕاگەیەندراو لا دەدات کە تیایدا ترسی سەرنشینانێکی عەرەب لە پاسێکدا زوو دەبێتە دۆزێکی نیشتیمانیی، بەڵام عەزابی سەرنشینانێکی کورد لە پاسەکانی ئەنفالدا تەنها وەک یادەوەریی ناخۆش لەناو سەری قوربانییەکان خۆیاندا دەمێنێتەوە و،عێراق لە زاکیرەیدا شوێنی نییە بۆ هەڵگرتنی. 
٭٭٭
ئەو تووڕییە زۆرەی ئەو ڕۆژە لەناو ئەو گەنجانەی کەلاردا خۆی مانیفێست کرد،دەبێت لەم قوڵاییەدا بۆ ڕەگی بگەڕێیت. هیچ شتێک مرۆڤ لەوە تووڕەتر ناکات کە لەناو ماڵی خۆیدا، میوان وەک خاوەنماڵ سەیر بکرێت و، خۆیشی وەک میوانێکی داوەتنەکراو. 
ئەوەی لە کەلار ڕووی دا تەنها ئاکامی تووڕەییەک نەبوو لە ناکۆکیی لەسەر فڕێدانی زبڵ لەسەر جادە، بەڵکو دەرکەوتەی ناکۆکییەکی گەورەترە: ناکۆکیی نێوان شوناسێکی کوردیی لەلایەک کە خاوەنداریی لە ناو و سەرزەمین و دیگنیتیی خۆی دەکات، وە کیانێکی سیاسیی بەناوی عێراق کە، بە حوکمی سروشتی خۆی، ناتوانێت ڕێگە بە ژیانکردنی شوناسێکی کوردیی لەناو خۆیدا بدات بەبێ ئەوەی هەڕەشە بێت بەسەر مانای خۆیەوە. 
عێراق فەزایەکی بێلایەنی نێوان کورد و عەرەب نییە. خانوویەکی چۆڵ نییە گرووپی جیاواز جیاواز گواستبێتیانەوە ناوی و، ئینجا لەسەر ناوێکی هاوبەش بۆی ڕێککەوتبن.
عێراق، بە هۆی ئەو مێژوو و ئەو سیاقە سیاسییەوە کە تیایدا شەکڵی گرت، ناوی وڵاتێکە کە تیایدا شوناسی عەرەبیی بوو بە شوناسی گشتیی. بۆیە «شوناسی عێراقیی»شوناسێکی بێلایەنی نێوان کورد و عەرەب نییە، بەڵکو لە جەوهەردا شوناسی عەرەبییە لە فۆرمێکی سیاسییدا. وە ڕاوەدوونانی شوناسی کوردیی و سەرکوتکردنی، هەر وا لادانێکی لاوەکیی نەبوو لەناو تەجرەبەی عێراقییدا. یان هەر تەنها ئیقدامێکی هەڵەی ڕژێمێکی دیارییکراو و یان سەرۆکێکی سەرکوتگەر نەبوو کە بکرێت لە سروشتی کیانە سیاسییەکە جیا بکرێتەوە. کورد سەرکوت کرا چونکە ویسترا وڵاتێک هەبێت بەناوی عێراق. تا ئەو شوێنەی کیانێکی سیاسیی هەبوو بە ناوی عێراق کە لە هەوڵی دروستکردنی شوناسێکی نەتەوەیی هاوبەشدا بوو کە لە ڕاستییدا ماتریاڵی نەبوو بۆ دروستکردنی، سەرکوتکردنی کورد هەر دەبوایە ڕووی بدایە.
ئەم ڕاستییە زیاتر لە سەد ساڵە بە ئەندازەی پێویست دەستی نەخراوەتە سەر و، نەوتراوە سوناشی عێراقییبوون مومکین نییە بەبێ هەوڵی تواندنەوەی شوناسگەلێکی لەتواندنەوەنەهاتوو دروست بێت.
ڕەنگە نەوتنی ئەمە هەر بە هۆی لاوازیی لە تێگەیشتنی دەوڵەت و سروشتی شوناسی ئینسان نەبێت، بەڵکو بە هۆی ئەوەوە بێت کە هەم کورد و هەم عەرەب، بە هۆکاری جیاوازەوە، پێداگرییان لەسەر ئەمە نەکردبێت. عەرەب بەو هۆیەوە کە داننان بەم ڕاستییەدا کرۆکی ڕاستەقینەی ئەو دەوڵەتە ئاشکرا دەکات کە دەیانەوێت دروست بێت چونکە شوناسی ئەوان تیایدا شوناسە زاڵەکە دەبێت و ناو دەنرێت شوناسی عێراقیی. بەڵام کورد، بەتایبەت نوخبە سیاسیی و ئەکادیمییەکەی، بە هۆکاری ئایدۆلۆجییەوە یان بە هۆی زۆر دووبارەبوونەوەیەی وەهمی شوناسی نیشتیمانیی هاوبەشەوە، ئەو پرۆپاگەندەیەیان ئینتەرناڵیزە کردووە کە پرۆژەی عێراقیی یەک سەدەیە بۆ خۆی دەکات. پڕۆپاگەندەی ئەوەی کە کە گوایە عێراق مومکینە دەوڵەتی شەراکەت بێت، دەقی دەستووریی زامنکەری فیعلیی ئەو شەراکەتەی هەبێت، مافی هاوڵاتیی یەکسان جێبەجێ بکرێت، مافە دواخراوەکان بدرێن، وە هەر لادانێک لەو هێڵە نیشتیمانییە هەبێت ڕاست بکرێتەوە. دیارە ئەمە جگە لەو دڵدانەوە فێڵبازانەیەی کە چەندین سەدە پێش پرۆژەی عێراقیش، زوو ئاوی بە دڵی باوەڕداری فەقیرحاڵی کورددا کردووە و نیگەرانیی نەهێشتووە، کە گوایە ئێمە لە ئایندا براین و،گوایە ئەوە زەمانەتی پێکەوەژیانی بێ تەفرەقەمان دەکات، وەک ئەوەی ڕێزبوون لە تەنیشت یەک و نوێژکردن ڕووەو یەک قیبلە، گرێی ناکۆکییەک دەکاتەوە کە سەبارەت بە ناو و خاک و یادەوەرییە.
بەم جۆرە، سەرووی سەدەیەکە بەشی گەورەی ئەو خەڵکە پێیانوایە ئەو گرفتانەی کورد لە عێراق هەیبووە تەنها گرفتن لە جێبەجێکردندا، نەک خەلەلی ستراکتۆریی. وەک ئەوەی تەنها ئەگەر هەموو لایەک نییەتەکانیان ساف بکەن، ئەوا تاکی کورد دەتوانێت بە شوناسێکی کوردیی ئازاد و شانازییکەر بە خۆوە، لەناو شوناسی عێراقییدا ئاسوودە بژی. 
تا ئێستاش سیاسەتکار و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستی کورد هەن کە باوەڕیان بە ڕاستەقینەیی ئەو خەونە هەیە و دەیڵێنەوە کە گوایە شوناسی جیاواز دەتوانن لەناو تاکە کیانێکدا وەک چەپکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ لەناو ئینجایەکدا بەتەنیشت یەکەوە گەشە بکەن. عەبەسییەت ئەوەیە کە بۆ پاڵپشتی واقیعییبوونی ئەم خەونە، نموونەی وڵاتانێكی فیدڕاڵیی ئەوروپیی دەهێننەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بیرێک لەوە بکەنەوە کە ئایا هیچ جیاوازییەکی جەوهەریی لەنێوان عێراق و ئەو وڵاتانەدا هەیە.
وەختی ئەوەیە ئیتر ئەو مۆڕالیزمە ناییڤە لەناو کۆمەڵگای کوردییدا، (کە زۆرجار لە فۆرمی برایی دینیی و، هاوخەباتیی چینایەتیی و، بەهای هیومانیستیی ڕۆژئاواییدا، هەوڵدەدات ڕەوایی خۆی بسەلمێنێت) لەو خەوەی هەڵسێنرێت.
٭٭٭
بەڵێ گرفتی عێراق و هەر سێ ئەو دەوڵەتەی تر کە هەر یەکە بەشێک لە خاکی کوردانیان بردۆتە ژێر سەروەریی خۆیان، ئەوەیە کە خەلەلی ستراکتۆریی لە بونیادیاندا هەیە.ئەمە، زۆر بە سادەیی، چونکە هیچ دەوڵەتێک نییە بەبێ شوناس. وە هەموو دەوڵەتێکی بێ شوناس زوو دەبێتە ئۆردوگای قیسریی بۆ گروپە لاواز یان بچوکترەکانی ناوی.
کاتێک دەوڵەتێک لە میللەتی جیاواز دروست دەکرێت کە نە زاکیرەیەکی هاوبەش و، نە زمانێکی هاوبەش و، نە هەستێکی هاوبەش بە شوێن کۆیان دەکاتەوە، ئەو وڵاتە لەپێناو مانەوەی خۆیدا، بەناچاریی و زۆربەی جار شوناسی خۆی لە میللەتە زاڵەکەی ناوی دەخوازێت و، دەکەوێتە هەوڵی ئەوەی ئەو شوناسە بە زۆر، یان بە فێڵی ناونانی بە شوناسی نیشتیمانیی، بکات بە بەری ئەوانی تردا. لە عێراق شوناسی میللەتە زاڵەکە شوناسی عەرەبیی بوو. 
بۆیە شوناسی کوردیی دەتوانێت بەبێ گرفت ڕەنگێکی کولتوریی سەربەخۆ بێت لەناو ئەو دەوڵەتەدا. دەتوانێت هەڵپەڕکێیەکی تایبەتی ئەتنیی بێت. دەتوانێت قەتار ئەڵڵاوەیسیی و، مرادخانیی و، ڕۆژنامە بێت بە زمانی کەمینەیەک. دەتوانێت زمانێکی ڕێگەپێدراو بێت لە قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان. هەموو ئەمانە دەوڵەت بەرگەی دەگرێت مادامێک لە مانای سەروەریی ئەو نزیک نابێتەوە.
بەڵام هەرکات شوناسی کوردیی سەری بەرز کردەوە و جورئەتی کرد بڵێت هەستێکی ”وام هەیە منیش شوناسێکی کامڵم و، بیرەوەرییەکی جیاوازترم لە مێژوو لەناو سەردا هەیە، وە هەست دەکەم لەژێر پێی ئەو کولتورەدا کە تۆ دەتەوێت بۆ ڕەنگاوڕەنگکردنی شێوەی خۆت هەتبێت، خاکێک دەبینم کە مێژوو سنوورێکی بەدەوردا کێشاوەو مانایەکی پێ داوە”، ئیتر ئەو شوناسە وەک توخمێکی ناو هەمەڕەنگیی کولتوریی نامێنێت، بەڵکو دەبێتە ئاڵنگارییەک بۆ بێماناکردنی مانای عێراق. 
بۆیە بەکارهێنانی چەمکی ”شیمالی عێراق”، هەر تەنها دەستنیشانکردنێکی جوگرافیی سانای سەر نەخشە نییە. کاتێک عەرەبێکی عێراقیی دەڵێت ”شیمالی عێراق” و کوردێک دەڵێت ”کوردستان”، ئەوە تەنها بەکارهێنانی دوو ناوی جیاواز نییە بۆ هەمان سەرزەمین، بەڵکو پێکداتەقانی دوو هەستکردنی جیاوازە بە زات و بە شوێن. یەکەمیان ئەو سەرزەمینە بە درێژکراوەی نەخشەی وڵاتێکی عەرەبیی دەبینێت و، ئەویتریان بە ماڵێکی کوردیی. ماڵیک کە دەیەوێت خۆی ناوی خۆی بنێت و، خۆی هاوژینی خۆی دیاریی بکات. ناوی ”شیمالی عێراق” و ”کوردستان” دوو ناونکە مومکین نییە لە هەمان کاتدا هەردووکیان دروست بن. هەر یەکەیان لە کاتی لەفزکردنیدا خەریکی کوشتنی ئەویتریانە.
ئەو کێشمەکێشە هەر لە مەیدانی ناودا ناگوزەرێت. کاتێک گەشتیارێک عەرەبی عێراقیی بۆیەیەک لەگەڵ خۆی دەبات و لەسەر تەپۆلکە و شوێنە گەشتیارییەکان شت دەنووسێت، ئەوە تەنها وەک پیسکردنێکی داروبەرد نایەتە بەرچاوی کوردێک، بەڵکو وەک نووسینێک لەسەر جەستەی خۆی هەستی پێ دەکات. کاتێک گەشتیارێکی عەرەب، وەک ئەوەی ئاساییترین و حەقانییترین کاری دونیا بێت، لە هەموو شوێنێکی کوردستان، بەبێ هیچ پرسێک لەوەی کە ئایا بەرامبەرەکەی عەرەبیی دەزانێت یان نا، بە عەرەبیی قسە دەکات و قەت بە پێویستی نازانێت خۆی فێری دوو ڕستەی کوردیی بکات، کوردێک ئەو دەستپێشخەرییە وەک پێشنیاری بەردەوامبوون لەسەر ڕەچاوکردنی ئەو جۆرە لە کۆمۆنیکەیشن هەست پێ دەکات کە سەدەیەکە تیایدا هەمیشە ئەوەی زمانی دەوڵەت بە ڕەوانیی نازانێت، تەرەفە لاواز و کەمزانەکەیە و، خەتای قورسیی و خراپیی کۆمۆنیکەیشنەکە لە ئەستۆی ئەودایە.
ئەمانە هەموو پرسیاری وا لە ناخی کوردێکدا دروست دەکات کە ئایا لێرەدا خۆی کێ دەبێت هەست بکات میوانە، وە لە عەمەلدا کاممان هەست دەکەین میوانین؟ئایا بۆچی لەفزی خراپی من لە کاتی قسەکردنی عەرەبییدا هەر لەحزە دەکرێت ببێتە ماددەی پێکەنینی ئەو، بەڵام ئەگەر پێی بڵێم بۆچی پاش چەند ساڵ ژیان لەم شارە هێشتا کوردیی قسە ناکەیت، یان تووڕە دەبێت یان بە ”ماکو فرق”ێک و تاکیدکردنەوەیەک لەسەر ئەوەی کە هەموومان براین، من وەک ئەو تەرەفەی ئاخاوتنەکە دەردەخات کە وەک ئەو دڵگەورە و خاوەن مۆڕاڵی بەرز نیم و، بەهای برایەتیی و دۆستایەتیی نازانم؟
ئەم غەریبخستن و غەریبکەوتنە لەناو ماڵی خۆتدا، سەرچاوەی نەخۆشکەوتنی دەروونیی و تێکشکانی غروری ئینسانە بەبەرچاوی خۆیەوە.
٭٭٭
بۆیە عێراق بۆ کورد قەت نیشتیمان نەبووە بە مانا قووڵەکەی وشەکە، بەڵکو هەمیشە چوارچێوەیەکی سیاسیی بووە کە وەک میوانی هەمیشەیی تیایدا ژیاوە. ئەمە نەک (تەنها) لەبەر ئەوەی کە لەم سەد ساڵەدا عەرەب خانەخوێیەکی خراپ بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی ماڵەکە لەسەر قیاسی ئەوان دروست کراوە و کوردیشی تیا دەژی. ماڵێک کە کورد دەتوانێت تیایدا کورسیی هەبێت لەناو ژووری پەرلەمانەکەیدا، مافی هەبێت لەناو دەستورەکەیدا، وە پۆستی سیادیی هەبێت لەناو سەرکردایەتییەکەیدا، بەڵام لێی قبوڵ ناکرێت بڵێت مادام ماڵەکە هاوبەشە، من حەز ئەکەم بەشەکەی خۆم جیا بکەمەوە و بە دڵی خۆم بیڕازێنمەوە.
بۆیە کە بە کوردێک دەوترێت خۆت بە عێراقیی بزانە، لە ڕاستییدا پێی دەوترێت تۆزێک لە کوردبوونی خۆت کەم کەرەوە و ناوماڵەکەم لێ مەگرە. کاتێک پێی دەوترێت ئێمە هەموو براین، لە ڕاستییدا پێی دەوترێت ناو و بیرەوەریی و پێویستییە ڕۆحیی و سیاسییەکانت مەکەرە ڕێگر لەبەردەم یەگرتووییماندا. وەک کاتێک پێی دەوترێت ئەمە شیمالی عێراقە، لە ڕاستییدا پێی دەوترێت هەرچی ناوی تۆی لەسەر بێت، دەیهێنین لەناو چیرۆکی عێراقیی هاوبەشماندا، لەپێناو ڕاگرتنی میسداقییەتی ئەدەبیی چیرۆکەکە، ناوی تری بۆ دادەنێین. 
تۆ، خوێنەری ئەم دێڕانە! ئەگەر بەلاتەوە جێگەی سەرسووڕمان و سەرکۆنەیە کە کوردانێک ئەو شتانە بە سازشێکی نەکردە دەزانن و، ناتوانن لەپێناو برایەتیی دینیی، یان هاوخەباتیی چینایەتیی، یان دۆستایەتیی مرۆڤانەدا قبوڵی بکەن، ئەوا فاکتێکی سادە هەیە کە هۆکاری ئەو سازشنەکردنەیە کە تۆ نایزانیت و پێویست دەکات کات بۆ تێگەیشتنی تەرخان بکەیت. فاکتەکە ئەوەیە کە کوردیش مرۆڤە. کائینی مرۆڤ دەتوانێت دەست لە هەموو شتێک بەردات، بەڵێ تەنانەت ژیانی خۆیشی، بەڵام شوناس نا. شوناس ئەو تەبریرەیە کە تاک بەکاری دەهێنێت بۆ قەناعەتهێنان بە خۆی لە پرسیاری ئەوەدا کە ئایا بۆچی من دەبێت ڕێزم بۆ خۆم هەبێت. بۆیە فرۆشتنی بەو جۆرە، تەواو غەریبی دەکات لە خۆی. چونکە هیچی بە دەستەوە نامێنێت بۆ خۆپێناسەکردن لای خۆی.ئەو خۆپێناسەکردنە پۆزەتیڤە ناوێکی هەیە. پێی دەوترێت کەرامەت. هەر کاتێکیش تاکێکئاوا ئیلحاحی لەسەر بێت کە کەرامەتی بخاتە سەر مێزی مامەڵە و بیفرۆشێت، درەنگ یان زوو، دەست بۆ قڵپکردنەوەی مێزەکە دەبات.
ئەو شەڕفرۆشتنەی لە ڕووداوەکەی کەلاردا لە ڕووکەشدا وەک ناکۆکیی لەسەر شتێکی سادەی وەک فڕێدانی زبڵدا خۆی مانیفێست کرد، لە بەشێکیدا دەرکەوتنی ئەو پێداگرییەی تاکی کورد بوو لەسەر ئەو نەفرۆشتنە.
٭٭٭
نامەوێت نیشانەی یەکسان دابنێم لەنێوان دوو واقیعی جیاواز لە یەکتر لە قەبارە و شێوە و مانای ئەخلاقییدا. وە نامەوێت خەباتی بەرگریی پێشمەرگەی پێش ڕاپەڕێن و ئەو هەموو ڕۆحی بەرپرسیارێتیی و قوربانییدانەی لەناو خەباتی پێشمەرگەییداهەبوو بەراورد بکەم لەگەڵ ئەو پەرچەکردارەی ئەو گەنجانەی کەلار، بەڵام هەردوو کردارەکە ناوکێکی هاوبەشەیان هەیە کە جوڵێنەریانە: ئەوەی کە کورد، وەک هەر کائینێکی ئینسانیی تر، ناتوانێت هەڵکات لەگەڵ ئەوەدا کە میوان لەناو ماڵی خۆیدا وەک میوانێکی ناپەسەند چاوی لێ بکات.
ئەوەی کە ئەو کارەی ئەو گەنجانە کردیان لە شێوازدا هەڵەیە و، نایاساییە و، نموونەیەک نییە پەسەند بێت چاوی لێ بکرێت،گومانی تیا نییە. بەڵام ئەوە مەسەلەیەکی ترە. پۆینتەکە ئەوەیە کە هەرچییەک بێت فۆرمەکەی، لە ناواخندا ئەوە تووڕەییەکە کە کەرامەتی ئینسانیش لە سەنگەردا لەگەڵی وەستاوە و پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە کائینی کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر، ناتوانێت دەم پانکاتەوە و بزە بکات بۆ کەسانێک کە بە جۆرێک لەناو ماڵەکەیدا شت دەدەن بەسەر یەکدا وەک ئەوەی حەوشەی پشتەوەی ماڵی خۆیان بێت.
تووڕەیی ئەوان تەنها لە پاسێک نییە، بەڵکو تووڕەییە لە تراوما درێژماوەیانە کە عێراق خستوویەتییە ناخی تاکی کورد و دەروونی دەستەجەمعیی نەتەوەکەوە. تراوما بۆماوەییە و نەوە دوای نەوە دەڕوات. مەرج نییە کاتی ئەنفال لە ژیاندا بووبیت ئینجا ئەو تراوما نەتەوەییە گەورەیە کارکردی نێگەتیڤی لەسەر تەندروستیی دەروونیی و وێنای خۆت بۆ خۆت دانابێت. مەرج نییە لە ئەمنە سوورەکە زیندان بووبیت ئینجا ئەو هەستەت هەبێت کە هەر لەحزە ئینتیگریتیی و ژیانت موعەڕەزە بە هێرش و، بۆی هەیە بشکێنرێیت یان هێرشت بکرێتە سەر. 
ئەو هێرشانەی کوردبوون بەری کەوتووە لە چەند سەدەی ڕابردوودا، وا دەکات ئەمڕۆ هیچ تاکێکی کورد نییە کەم یان زۆر تراومای نەبێت و گرفتی (نەک نەخۆشیی) دەروونیی نەبێت. ئەو تراومایانە بە چەند دانیشتنێکی تەراپیی تێناپەڕێنرێن. دوای دوو سێ نەوە لەناو ناچن. برینی نەتەوەیی لەناو زمان و کولتور و تەنانەت جەستەی کوردییدا، تەنانەت دوای گەڕانەوەش لە میوانیی و بوون بە خاوەنماڵ، نەوە دوای نەوە دەڕوات.
٭٭٭
بۆیە چەند قسەیەکی بێزارکەریش بێت بۆ خەڵکانی تر، پێویست دەکات زۆر بە ئاشکرا و بە ڕۆشنیی بووترێت: ئەو عەرەبە عێراقییانەی کە دێنە کوردستان، دەبێت هەست بەوە بکەن کە میوانن، وە وەک میوان ڕەفتار بکەن.
نەک لەبەر ئەوەی ئەوان دوژمن بن. وە نەک لەبەر ئەوەی کە پێویست بکات کوردستان بە ڕوویاندا دابخرێت. وەک نەک لەبەر ئەوەی کە کورد حەز بە زەلیلکردنی عەرەب بکەن. بەڵکو لەبەر ئەوەی کوردستان تاکە پارچە سەرزەمینە کە کورد لەسەری دەتوانێت هەوڵ بدات لە هەستی میوانبوون نەجاتی بێت. نەجاتی بێت لەو هەستی ئیغتیراب و نامۆییەی کە وایکردووە لەناو خۆیدا غەریب بێت لەبەرچاوی خۆی، پێش ئەوەی غەریب بێت لەناو دەوڵەتێکدا. 
بۆیە کاتێك گەشتیارێکی عەرەب دێت و وەک خاوەنماڵ ڕەفتار دەکات، یان ناوی دەنێت باکووری عێراق، یان وەک جەختکردنەوە لەسەر خاوەندارێتیی، نەک وەک شانازیی بە وڵاتی خۆی، ئاڵای عێراق دەگرێتە دەستەوە، یان وا مامەڵەی چیا و شەقام و ڕووباری ناوچەکە دەکات وەک ئەوەی شاری یاریی بێت و هیچ جێگەیەکیان لە زاکیرەی نەتەوەیەکدا نەبێت، بەو کارانە هەر ڕەفتارێکی ناپەسەندی گەشتیارانە ناکات، بەڵکو پێ بە تراوماکانی دانیشتووانەکانیدا دەنێتەوە و شەرعییەتی داگیرکردنێک جەخت لێ دەکاتەوە.
میوان کە دەچێتە شوێنان ئەوە لە هۆشیارییدا ئامادەیە کە ئەوە دەچێتە ناو ماڵی خەڵکانێکی ترەوە. بۆیە ماڵەکە بەو ناوەوە ناوە دەبات کە هەیەتی. هەر زبڵێکی هەبێت لە حەوشەکەدا فڕێی نادات. لەسەر دیوارەکان شت نانووسێت. وا ڕەفتار ناکات وەک ئەوەی کە میواندۆستیی خاوەنماڵەکە بە هۆکاری ئەوەوەیە کە خاوەنماڵەکە ئەوەندەی غیرەت و خۆشەویستیی بۆ خۆی نییە کە بوێرێت بڵێت بۆ وا دەکەیت.
هەر عێراقییەک ئامادە نەبێت لە کوردستان وەک میوان ڕەفتار بکات، لە پراکتیکدا داوا لە کورد دەکات لەناو ماڵی خۆی بە میوانیی بمێنێتەوە و هەستی غوربەتی هەر بمێنێت.
٭٭٭
ڕوویەکی ئازاربەخشی ئەم واقیعە ئەو چاوترساوییەیە کە لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا هەیە لەو جۆرە کێشانەدا. 
کاتێک ئاسایش لەسەر دەمەقاڵە و هەوڵی ڕاگرتنی پاسێک، وێنەی گەنجانێک بە کەلەپچەکراویی و سەرشۆڕکراوییە بڵاو دەکاتەوە. وە دەسەڵاتداران، کە قەت بۆ هیچ ڕووداوێکی گەورەش کە بە هۆی خراپیی ئیدارەی ئەوانەوە ژمارەی گەورەی هاوڵاتیی گیانی تیا لە دەست دەدەن، دوای لێبوردن ناکەن، زوو داوای لێبوردن بەناوی هەموو نەتەوەکەوە ئاراستەی هاوڵاتییانی عێراق دەکەن، ئەوان بەو کارەیان خەریکی ئیدارەی قەیرانێک نین، بەڵکو خەریکی مومارەسەکردنی ڕاسیزمێک و ڕوانگەیەکی دوونیین بۆ تاکی کورد، کە بە هۆی ئەوەی ساڵانێکە زۆرە بەرامبەر کورد مومارەسە دەکرێت، ئەوانیش ئینتەرناڵیزیان کردووە و، بە ئەندازەی فاشیستێکی عەرەب، ئینسانی کورد بە جۆرە کائینێکی کەمتر دەزانن لە هاوڵاتییانی عەرەبی عێراقیی.
زمانحاڵی ئەو ئاسایش و بەرپرسانە، بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، دەڵێت: ئەگەر عەرەبێک هەست بە ئیهانە بکات، ئەوان قەیرانێکی نیشتیمانییە و دەبێت زوو دۆخەکە ئارام بکرێتەوە. بەڵام ئەگەر کورد بۆ دەیان ساڵ ئیهانەی لەسەر کەڵەکە بوو، دەبێت دان بە خۆیدا بگرێت و شەرمەزارمان نەکات.
دەبوایە دەسەڵاتدرانی هەرێم ڕۆشن بیانووتایە: لێکۆڵینەوە لە هەموو ڕووەکانی ڕووداوەکە دەکەین. میوان دەپارێزین، بەڵام هاوڵاتییانی خۆشمان دەپارێزین. فەوزا قبوڵ ناکەین، بەڵام جگە لەو گەنجانە، لێکۆڵینەوە لە سزاباریی ئەوەش دەکەین کە شۆفێری پاسەکە بە ئەنقەست گەنجێک بەسەر ماتۆرسکیلەکەیەوە دەکاتە ژێرەوە. بەخێرهاتنی گەشتیار دەکەین، بەڵام دەبێت ڕێز لە ناوی کوردستان و، یاساکانی و، سروشتەکەی و، زمانەکەی و، کەرامەتی خەڵکەکەی بگرن.
کوردستان ماڵێکە کە ئێمە چێژبینین لە کوردبوونی خۆمانی تیا مومارەسە دەکەین. کوردبوون بە هەموو برینەکانییەوە، بە هەموو ئەو شانازییەیەوە کە قەت وازی لەوە نەهێنا کورد بێت، قەت ڕازیی نەبوو لەناو شوناسی تردا بتوێتەوە، قەت پێگەی میوانبوونی لەسەر خاکی خۆی قبوڵ نەکرد، وەک قەت ئامادە نییە لەسەر ئەو کارانەی داوای لێبوردن بکات.
کارێکی وا توندڕەویی نییە، بەڵکو ڕەفتاری میللەتێکە کە ڕێزی بۆ خۆی هەیە.

سیروان عەبدول
ئۆسلۆ ١٥/٥/٢٠٢٦
0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە