ئەم وتەیەی گابرێل، یەکێک لە نامەکانی ژنە نووسەر و شاعیری ئەمریکی “سیلڤیا بلاس” ی بە بیرهێنامەوە، کە لە کتێبی نامەکانی سیلڤیا و لە بەرواری ٢٩ سیپتەمبەری ساڵی ١٩٦٢ بۆ بیۆشەر، پزیشکە دەروونییەكەی نووسیوویەتی، لە نامەکەدا دەڵێت:
“ببوورە كە زۆر دەنووسم، بەڵام ھەر ئەوەم بۆ ماوەتەوە، پێم وایە دەمرم و هەست بە بێهیوایی دەکەم. تێد بە جێیهێشتم و دوو هەفتەیە نەمبینیوە، ئەو لە لەندەن دەژی و هیچ ناونیشانێکی نییە. دوێنێ شەو بە هۆی ئەم تەنیایی و گۆشەگیرییە، کە منی تەنیووە، هەروەها ئەو باو و بارانەی کە توند خۆی بە پەنجەرەکان دادەکێشا، هەستم بە دڵتەنگی و غەمگینییەكی زۆر دەكرد، هەر بۆیە چوومە نھۆمی سەرەوە، بۆ ئۆفیسەکەی تێد، تامەزرۆی خوێندنەوەی نووسینەکانی بووم. دۆزیمەوە! شیعری خۆشەویستی هەستیاری بۆ ئەو ژنە نووسیبوو، ئەو ژنەی کە وابەستەی بووە و خۆی بۆ تەرخان كردووە، وەسفی جەستە سپییەکەی دەکات، کە هاوشێوەی عاج سپییە، بۆنە خۆشەکەی، جوانییە تایبەتەکەی، بۆی نووسیووە کە لە دونیایەکی جوانیدا دەژی و دەچێتە ئەوێ بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.
زیاتر بۆی دەنووسێت و دەڵێت: ” ئێستاکە ئەو لە ئەختەبوتەکەی چوار دەوری پەنجەکانی ڕزگاری بووە”.
ئەوەندە شیعری جوانی بۆ نووسیووە، لە کاتێکدا من خەریکە لێرە دەمرم. هەست دەکەم کە ناشرینم، قژە بژ و ئاڵۆسکاوەکەم، لوتە زلەکەم و مێشکە شۆردراوەکەم. تەنها خودا خۆی دەزانێت کە چۆن هەوڵی مانەوە و خۆڕاگری دەدەم.
* سیلڤیا بیری تێدی مێردی دەکات و تامەزرۆی بینینێتی، هەر بۆیە بڕیار دەدات کە بچێت بۆ ئۆفیسەکەی، ڕەنگە لە ناو نووسینەکانیدا شتێک بدۆزێتەوە کە تامەزرۆیی بۆی بشکێنێت و حەسرەتی دابڕانی تێر بکات! بەڵام شۆک دەبێت کاتێک نامەکانی مێردەکەی دەبینێت کە بۆ مەعشوقەکەی نووسیووە و تیایدا وەسفی سیلڤیای هاوسەری بە ئەختەبوت دەکات!
بوختەیەک لە ژیانی سیلڤیا بلاس
سیلڤیا بلاس لە ٢٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٣٢ لە ویلایەتی ماساتشوستس لە ئەمریکا لەدایک بووە، لە زانکۆی سمیث و زانکۆی نیونهام لە کامبریج خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ شاعیر تێد هیۆز هاوسەرگیری دەکات، سەرەتای هاوسەرگیرییان لە ئەمریکا دەژین، دواتر دەڕۆنە وڵاتی بریتانیا. دوو منداڵیان دەبێت بە ناوەکانی فریدا و نیکۆلاس.
کتێبی نامەکانی سیلڤیا، باس لە ژیانی نووسەر لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠-١٩٦٣ دەکات. سیلڤیا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی لە دەستداوە، دایکی نەخۆشی خەمۆکی هەبووە، بێبەش بووە لە هەست و سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکی و ئەمە کاریگەری لە سەر دەروونی کردووە و بە درێژای ژیانی ئەمیش وەک دایکی لە خەمۆکیدا ژیاوە.
لایەنی قووڵتری ئەم هەڵچوونە دەروونیانەی کە هەیبووە، پەیوەست بووە بە پەیوەندی نیوان خۆی و هاوسەرەکەی. کاتێک سیلڤیا بە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکەی تێد لەگەڵ ژنە شاعیر : ” ئاسیا واڤێڵ” دەزانێ، بە وازهێنانی تێد لە خێزان و دوو منداڵەکەی، سیلڤیا تێکدەشکێت و نائومێد دەبێت و دوای ساڵێک خۆی دەکۆژێت.
سیلڤیا لە ١١ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ لە تەمەنی سی ساڵیدا بە خنکاوی لە ناو چێشتخانەی ماڵەکەیدا دەدۆزرێتەوە، ئەو ڕۆژە پەرەستارەکەی بۆ یارمەتیدانی سیلڤیا لە چاودێری منداڵەکانی دێت، دەبینێت سەری لە ناو فڕنەکەدایە و بە هۆی ژهراوی بوونی بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن گیانی لە دەست داوە. خاولی تەڕی لە ژێر دەرگای چێشتخانەکە داناوە بۆ ئەوەی بەربەستێک لە نێوان چێشتخانە و ژووری منداڵەکانیدا هەبێت و منداڵەکانی ژەهراوی نەبن.
سیلڤیا بلاس هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای نووسینی هەبووە، وەک خۆی دەڵێت تەنها نووسین بووە کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا هاوکاری بووە و تروسکەیەک ئومێدی پێبەخشیووە، سیلڤیا ٤٤٥ شیعری نووسیوە، لە ماوەی ژیانیدا تەنها یەک کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە بە ناوی ( زەبەلاح و شیعرەکانی تر ) و ڕۆمانێک بە ناوی ( زەنگۆڵە شوشەکە ) و کۆمەڵە چیرۆکێک بۆ منداڵان.
* ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح