ئەمە ئامێرێكی فڕیوی بێ فڕۆكەوانە، دوو فڕۆكەوان كۆنترۆڵی لێخوڕینی دەكەن، بەڵام لەسەر زەوی و لەدوری سەدان كیلۆمەترەوە. زۆر بەوردی ئامانجەكەی دەپێكێت و وێنەی كارەكەشی رەوانەی خاوەنەكەی دەكاتەوە لەدورترین شوێنی دونیا.
ئەم ئامێرە فڕیوە كە بە دڕۆنی MQ-9 ناسراوە، موشەكە هەڵگرەكانی لەرێگەی لەیزەرەوە ئاراستەدەكات، بەجۆرێك وردە لەپێكانی ئامانجەكەی، هیچ رێگەیەك ناهێڵێتەوە بۆ دەربازبونی نێچیرەكەی.
ئەو موشەكانەی هەڵیاندەگرێت ناویان “ئاگری دۆزەخە”؛ چونكە لەراستیدا دۆزەخێك بۆ نێچیرەكەی دادەخات، كە دەتوانرێت هەر یەكێكیان كڵاوەیەكی ئەتۆمیان بەبڕی 17 كیلۆگرام لێببەسترێت، ئەمەش بەسە بۆ تێكشكاندنی تانكێك.
فڕینی ئەم ئامێرە لەئاسماندا بەشێوەیەك خامۆشە، هەتا نەگاتە سەر ئامانجەكەی كەس دەنگی نابیستێت. هەر موشەكە دۆزەخیەكە شەش پەڕەكەی درێژی لەشێوەی تیخی تیژ لێبەستراوە، ئەم تیخانە لەشێوەی مشارێكدا دەخولێنەوەو پێش ئەوەی بەر ئامانجەكە بكەوێت، وەك چڕنوكی شێر درێژدەبن تا لەبری پێكدادان، باشتر ئامانجەكە بەشێوەیەكی شاقوڵی بهاڕێت.
دوای كۆبونەوەیەك لەسوریا، قاسم سولەیمانی بەفڕۆكەیەك بەرەو بەغدا دەكەوێتەڕێ، هەرسێ دەزگای هەواڵگری سعودیەو ئیسرائیل و ئەمریكا، لەرێگەی سەرچاوە چێنراوەكانیان، ئامێرە ئەلكترۆنیەكان و جیهازی چاودێرییەوە، شوێنپێی سولەیمانی هەڵدەگرن.
فڕۆكەكەی قاسم و دڕۆنەكەی ئەمریكا لەیەككاتدا بەئاراستەی یەكتری و بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا لەیەكتر نزیكدەبنەوە. قاسم و بەرپرسێكی حزبوڵای لوبنانی و دارودەستەكەی لەلایەن مەهدی موهەندیسەوە پێشوازیان لێدەكرێت.
بەهۆی دوو ئۆتۆمبیلی جۆری تیۆتا دەكەونەڕێ بەرەو دەرەوەی فڕۆكەخانەی بەغدا، قاسم و موهەندیس و پلەباڵاكانی دیكە پێكەوە دەچنەناو یەكێك لەئۆتۆمبیلەكان و هەموو پاسەوانەكانیشان دەچنەناو ئەوەی دووەم.
لەم كاتەدا دڕۆنەكەی ئەمریكا دەگاتە سەریان، سێ موشەك ئاراستەدەكات، دوانیان بۆ ئۆتۆبیلەكەی قاسم و هاوڕێكانی، دانەیەكیش بۆ ئەوەی پاسەوانەكان. لەیەك چركەدا هەردوو ئۆتۆمبیلەكە دەبنە پارچە ئاسنەڵاوێكی تێكترنجاو.
لەناو ئەو دۆزەخەدا كە موشەكی “ئاگرە دۆزەكان” دروستیدەكەن، قاسم بەهۆی ئەو موستیلە نقێم گەورە قاوەییەوە دەناسرێتەوە كە هەمیشە لەپەنجەی (برای توتە)ی دەستە چەپی بوو.
ساڵی رابردو، ژمارەیەك دەزگای هەواڵگری وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، هەڵدەستن بەكڕینی پارچە موڵكێك لەنزیك مزگەوتێكەوە لەشاری كرمانی ئێران، كە مزگەوتەكە لەلایەن باوكی قاسمی سولەیمانیەوە دروستكراوە، تا بتوانن بەنهێنی تونێلێك لێبدەن بەئاراستەی مزگەوتەكە و پاشان بۆمبڕێژكردنی و لەدەرفەتی گونجاودا بیتەقێننەوە و قاسم تیرۆر بكەن، بەڵام تاران ئەم پیلانەی پوچەڵكردەوە، دوریش نیە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا زانیارییەكانی ئاشكراكردبێت.
بۆیە كەڵكەڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی، شتێك نەبوە هەفتەی رابردو لە كەلەی سەرۆكی ئەمریكای دابێت، بەپێی زۆرێك لەسەرچاوە ئەمریكییەكان، ئەمە پلانێك بووە پێشتر خراوەتە بەردەم ئۆباما و تەنانەت جۆرج بوش-یش. بەڵام لەترسی دەرەنجامە مەترسیدارەكانی، هیچ كامیان بوێری ئەوەیان نەكردوە ئۆكەی لەسەربدەن.
هەرچەندە بوش لەپێڕی شەقاوەكانی تەكساسیش بوە. سەرەنجام ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس و ئاگاداركردنەوەی هیچ هاوپەیمانێكی بەخودی بەریتانیاشەوە، گڵۆپی سەوزی بۆ ئەم پلانە لەقوتونراوە هەڵكرد كە كەس نازانێت دەرەنجامەكانی چی دەبێت.
قاسم لەناو پلانێكی لەقوتونراودا
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، پارچە ئاسنێكی ئەلكترۆنی كە چوار موشەكی لێبەستراوە، بەخێرایی 370 كیلۆمەتر لەسەعاتێكدا، لەقەتەرەوە بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا بەئاسماندا دەفڕێت.