دوو مانگی تر پێده‌نێینه ساڵی 2017وه، ئه‌و ساڵه‌ی ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌و گیروگرفتێك له هه‌رێمی كوردستان بوونی نه‌بوایا، ده‌بوو كوردستان هه‌ڵبژاردنی تیا بكرێت. بوونی ئه‌و هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانه زیاتر ده‌مانخاته به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه ناكرێ ساڵی 2017 وه‌ك ئێستا بمێنینه‌وه، به هه‌موو پێوه‌رێك مهحكوممین به‌وه‌ی نابێت ساڵی ئاینده به‌م جۆره بین.
به‌ڵام ئاماژه‌و پێدراوه سیاسی و سه‌ربازیه‌كانی ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه تا چه‌ند ساڵێكی تریش ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردن له كوردستان و ته‌نانه‌ت له عیراقیش جۆرێكه له مه‌حاڵ. كه واتا هه‌رێم یان ده‌بێت مشت و ماڵی رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشتری نێوان لایه‌نه‌كانی بكاته‌وه، یان پێویستی به سه‌رله‌نوێ رێككه‌وتنێكی تر هه‌یه، تا بڕی ئه‌و واده‌یه بكات كه ده‌گه‌ینه هه‌ڵبژاردنێكی تر.
بۆیه له ئێستاوه تا چه‌ند مانگێكی تر ده‌بێت چه‌ند سیناریۆیه‌ك تاقی بكاته‌وه. له‌وانه:-
رێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان كه پێش زیاتر له دوو ساڵ ئیمزایان كردووه‌و ئێستا كاری پێناكرێت، ببوژێنرێته‌وه و به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر كار، كه ئه‌مه‌یان گه‌یشتۆته بنبه‌ست.
ده‌كرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر پارتی بۆ گۆڕانی تهرحكردبوو، گۆڕان كه‌سێكی تر بكات به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش هه‌ر زوو گۆڕان ره‌تیكرده‌وه.
رێگه‌ی سێهه‌م ئه‌وه بوو كه له‌ئه‌گه‌ری رازی بوونی یه‌كێتیی و گۆڕاندا، ئاڵوگۆڕ به پۆسته‌كان بكرێت و یه‌كێتیی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش زوو له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه ره‌تكرایه‌وه.
رێگه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه چوارلایهنهكهی خاوه‌ن پرۆژه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فراكسیۆنه‌كانی بزوتنه‌وه‌و شیوعی و سۆسیالیست و مه‌سیحی و توركمانه‌كان بتوانن، له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی پارتی په‌رله‌مان بخه‌نه‌وه سه‌ركار، كه ئه‌وه‌شیان هه‌ر جۆرێكه له مه‌حاڵ.
رێگه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌بوو وه‌ك خوله‌كانی پێشتر یه‌كێتیی و پارتی پێكه‌وه، په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رن، ئه‌مه‌ش یه‌كێتیی پێشتر ره‌تیكرده‌وه كه به‌بێ گۆڕان به‌شداری له حكومه‌ت بكات.
ئه‌گه‌ر پارتی و هاوپه‌یمانه‌كانی له پێكهاته‌كانی توركمان و مه‌سیحی، له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی یان كۆمه‌ڵ بگهیشتنایا به‌ڕێكه‌وتن، ئه‌وه‌ش ده‌رچه‌یه‌كی تر بوو بۆ ده‌ربازبوون له دۆخی چه‌قبه‌ستووی ئێستا.
هیچ كام له‌و رێگه رێگه‌پێدراوانه نه‌گیرانه‌به‌ر و قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم تا دێت قوڵتر ده‌بنه‌وه.
وا ده‌گه‌ینه ساڵی 2017 و چیتر ناكرێت ئه‌م دۆخه به‌م جۆره به‌رده‌وام بێت. یان ئه‌وه‌تا هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه به‌رپرسیارێتی ئه‌م قۆناغه بگرنه ئه‌ستۆ تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت به شكڵێكی تر رێككه‌وتنێكی نوێ بێته ئاراوه. ئه‌وه‌ش ده‌كرێت: پارتی و یه‌كێتیی و یه‌كگرتوو پێكه‌وه به‌مه‌رجی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه، بۆ چوار ساڵی ئاینده له‌سه‌ر پاكێجێك رێككه‌ون. یان به‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی خۆیان ناویان له‌خۆیان ناوه (باڵی زۆرینه‌ی م س یه‌كێتیی) له‌گه‌ڵ پارتی سه‌رۆكایه‌تیه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت دابنێن كه سه‌رۆكی حكومه‌ت بدرێته‌وه به م س یه‌كێتیی. یان به‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی خۆیان ناویان له‌خۆیان (باڵی ناوه‌ندی بڕیار) له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كگرتوو رێككه‌ون و سه‌رۆكایه‌تیه‌كی نوێ بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت دابنێن. كه یه‌كگرتوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌رگرێت و باڵی ناوه‌ندی بڕیار سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و پارتیش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.