داهاتى خۆى یا تاکى بریتیە لەو بڕە پارەیەى لە ئەنجامى کارێک یا قازانجیک بە دەستى دەکەوێت ، مارگریت تاتشەر کە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆکى حزبى پاریزگارانى بەریتانیا بوو فەلسەفەیەکى داڕشت بە ناوى تاتشریە ناوبرا کە باسى لەوە دەکرد تایبەتمەندى و ئاستەنکگراوەکان بناغەى تاکن لە رووى کۆمەلایەتى و ئابورییەوە و شتێک نییە بە ناوى کومەڵگا بەلکو دەبێت پشت بە داهاتى تاکى ببەسترێت ، هەروەها زۆر لەسەر مەسەلەى مافى ئافرەت کارى کردووە ، کەواتە بە پێ ئەو فەلسەفەیە داهاتى تاکى زۆر گرنگە و داهاتیش لە ئەنجامى کارکردن پەیدا دەبێت، جا ئەگەرئەو داهاتە بۆ ئافرەت بێت ئەوا متمانە بە خۆبوون لە لایەک و پشت نەبەستن لە لایەکى ترەوە دەگرێتە خۆ و هەروەها تواناى ئافرەتەکەش زیاددەکات ، لە کۆبونەوەى جى بیست کە گەورەترین کۆبونەوەى جیهانى وڵاتانە لەسەر ئابوری ئەو تەوەرەى باسى لێ کرا بریتى بوو لە ئاسانکارى و هاوکاریکردنى ئافرەتان بۆ کارکردنیان بە شێوەیەک کە پلان بۆ ساڵى 2025 بە رێژەى %25 زیاد بکات واتە 100 ملیون ئافرەت هەلى کارکردنى بۆ برەخسێت و بەشدار بێت لە داهاتوودا ، هەڵبەتە ئەو باس و لێکدانەوانە گرنگى بەشدارى ئافرەت زیاد دەکات لە کارکردن و ئەمەش پیویستى بە هاوکارى و یارمەتییە ، ئەوەى جێگەى ئاماژە پێکردنە لە کۆمەڵگاى پیاو سالارى ئەگەر ئافرەتێک بێ داهات بێت ئەوا دەکەوێتە ژێر رەحمەتى پیاوەکان جا چ برا یا هاوسەر یا هەر کەسێکى نزیکى بێت بەمەش بێدەسەڵاتى باڵى بەسەردا دەکێشیت و ناتوانیت هیچ هەڵویستیکى هەبێت، لە سەرەنجامدا توندو تیژى و زوڵم و زۆر گرفتى گەورە بەرۆکى ئافرەتەکان دەگرێت . لە لایەکێ ترەوە کارکردنى ئافرەت جگە لە بەرژەوەندى خۆى قازانجى دارایى بۆ خێزانەکەى دەبێت ، بەلام بەربەستە ئابورییەکان و کاردانەوەیان لەسەر بژیوى ژیانى تاکەکان بە گشتى و ئافرەتان بە تایبەتى وایکردوە کە هەلى کارکردنى ئافرەتان سنووردار بیت ، لە کوردستاندا بارى ئابورى خێزان وا دەخوازیت ئافرەت و پیاوان شانبەشانى یەک کاربکەن ، هەر بەم پییەش ژمارەیەکى زۆرى ئافرەتان کاردەکەن ، بەڵام لێرەدا گرفتیک دێتە بەردەم ئەم رەگەزە ئەویش ئەوەیە تەنها پیاوان سەربەستى تەواویان لە هەڵبژاردنى کارەکاندا هەیە ، ئەگەر بە تەنها یەک لاپەڕە لە پەرتوکى ئابورى ئافرەتان هەڵبدەینەوەو باس لەیەک بوار بکەێن ، بۆ نمونە کارەکانى بازاڕ و کڕین و فرۆشتن نزیکەى %95 پیاوانن لە جیهاندا لە رووى ستاندەریشەوە ئافرەتان بە رێژەى نزیکەى %70 کراونەتە قاڵبى هەژارییەوە ، بەو پییەى لە سەرژمێرى جیهانى بێکارى نزیکەى 1.2بلیون کەس ئەم رەگەزەن ، کەواتە بە نەبوونى دەرفەتى کار بۆ ئافرەتان دەستى کارکردن زۆر کەمدەبێتەوە و بەمەش کاریگەرى دەبێت لەسەر هیڵى گەشەى ئابورى، هەموو ئەمانە مەترسى زیاترى وەبەرهێنان بە ئافرەتان زیاد دەکات پێویستە حکومەت هەوڵى جدى بدات لە تەشەنەنەسەندنى ئەم دیاردەیە .
ئافرەتان لە بازارەکانى کوردستان سەربەرزانە کارەکانیان دەکەن هەریەک لەوان سەرقالى کارەکانى خۆیانن بێ گوێدانە کەلتور ویا هێچ بەربەستیک بەلام زیاتر لە مۆڵەکان و کافتریا مودێرنەکان و ئارایشتگا و بەرگدروى تایبەت بە ئافرەتان کاردەکەن ، واتە ئەوەى تێبینى دەکرێت هەلى کارکردن لە بازارەکاندا بۆ ئافرەتان تەنها لە موڵ و ئەو شوێنانەن کە تێدا چاوێرى کامێرا و سیکیورتى هەیە . زۆربەى ئافرەتان و بگرە پیاوانیش بیرورایان وایە کە هەندێک کەلوپەلى ئافرەتان باشتر وایە لە فرۆشیارى ئافرەت بکردرێت ، کەواتە لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوەنەبوونى ئافرەتان لە بازارەگشتیەکاندا دوچارى دروستبوونى گرفت بووە بۆ ئافرەتان ، بە مانایەکى دى جار هەبووە پێداویستیەکى ئافرەتان لەوانەیە بە نرخێکى زیاتر لەمولەکان بە بەراوورد بە بازارەگشتیەکان بکردریت لە پێناو ئەوەى کە فرۆشیارەکە ئافرەتانن ، تەنانەت پیاوانیش بەشەرمەوە ناتوانن لە بازاڕەگشتیەکان کالاى تایبەت بۆ خێزانەکانیان بکڕن هەر هەمان پیاوان لە دەرەوەى ولات لە فرۆشیارى ئافرەتان هەموو کالایەکى ئافرەتان دەکرن و بە دیارى بۆ خیزانەکانیان دەیهیننەوە ، کەواتە داب و نەریت و کەلتورى ولاتەکان دەسەلاتى تەواوەتیان لەسەر کونترۆلکردنى بازارکردن هەیە تەنانەت کارکردنى بازارەکانیش
هەرچەندە رێژەى ئافرەتانى باکورو رۆژهەلات و رۆژئاواى کوردستان و هەروەها بیانیش زیاتر بەدێ دەکرێت لە بازاڕەکاندا بەهۆکارى ئەوەى لە ژینگەى ولاتەکانى تورکیاو ئێران و سوریا کارکردنى ئافرەتان لە نیو بازارەکان شتێکى زۆر ئاساییە ، بۆیە ئەتوانین بڵین کردنەوەى دەرگاى کارکردنى ئافرەتان لە بازاڕەکان بۆ دەست پێشخەرى ئەوان دەگەرێتەوە ، و خۆشبەختانە لە ئیستادا ئافرەتانى باشورى کوردستان ئەو تەوقەیان شکاند و تا رادەیەک بوونیان هەیە لە کارکردنى بازاڕەکاندا ، ئەوەى تێبینى دەکرێت زیاتر کورد میللەتێکى چاولێکەرە زۆرجار داب و نەریت گۆرانکارى بەسەردا دێت بە نمونەى کارکردنى ئافرەتان لە بازاڕەکان ، لەوانەیە بۆ ساڵەکانى داهاتوو بازاڕەگشتیەکانیش ژمارەى کارکردنى ئافرەتان زیاد بکات ،بەتایبەتى کە ئافرەتان ئامادەن لە بازاڕە گشتیەکان کاربکەن بەلام بەمەرجێک کۆمەڵگا ئاسانکاریان بۆ بکات، واتە تەنها هەنگاونانى ئافرەتان بەرەو بازارەکان دەرفەتى کارکردنیان بۆ دەرەخسینیت ، و داواکارى ئەوان دانانى کامیراى پیویست و کۆنترولکردنى ئەو بازاڕە گشتیانە وەک مۆلەکان ، کەواتە ئەرکى حکومەت و رێکخراوە مەدەنیەکان و کەرتى پەروەردە رێنماییکردنى ئافرەتانە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترسە و هەنگاونانیان بۆ کارەکانى بازاڕ ئەمانە جگە لەوەى کە هەوڵبدرێن لە رووى ماددیەوە وەک قەرز یا پرۆژەى بچوک هاوکارى ئەو ئافرەتانە بکرێت کە ئامادەباشیان هەیە بۆ کارکردن لە بازاڕەکان ، و هیچ کات نە ئاین و نە ئەقڵ رێگر نەبووە لە کارکردنى سەربەرزانە تەنها هەندێک بیرتەسکى و داب و نەرێتى دواکەوتوو ئاستەنگى بۆ ئەم دیاریدەیە دروست کردوە .
شيلان بيبانى، ماستهر له كارگیری كار