

ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ سەیرکردنی توندوتیژی بەگشتی و بەرپرسیاریەتی ئیداری لە گۆشەیەکیترەوە، کەسی ئیداری وبەرپرسی ناکرێ بە جەند عیبارەتێکی سەرپێ ی خۆی بدزێتەوە، بە تایبەتی بەکارهێنانی ئەو قوفڵە حازەرە ” ڕەخنە لە یەکێتیمان، لە پارتیمان ” دەگریت ؟ شارەکانی کوردستان ڕەنگە وەکو دیفاکتۆیی مەرحەلەیی لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی دیاریکراوبن بەڵام ئەمە ئەو مافەت پێنادات کە وابزانی ئەم شارانە موڵکی حیزبەکەتە، لەوێشەوە یانی لەم تێگەیشتنەوە مامەڵە لە گەڵ رەخنەو ئەو دیاردانە بکەیت کە ڕەخنەی لێدەگیرێت.

٩٠ ساڵ لەمەوبەر لە زستانی ١٩٣٢ دا، مەلیك فەیسەڵی عێراق یاداشتنامەیەك بۆ زۆربەی سیاسەتمەدارەکان و سەرۆك حیزبە سیاسیەکان بەرپرسە یداریەکان دەنێرێت و داوای هاوکاریان (یارمەتی دانی حکومەت و دەوڵەت) لێ دەکات لە کۆنتڕۆڵ کردنی چەکی بێ مۆڵەت و ژمارەی زۆری ئەو چەکانە لە دەستی هاوڵاتیاندابوو. لەو یاداشتنامەیە مەلیك ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی عێراق خۆی خاوەنی (١٥،٠٠٠) پانزەهەزار تفەنگە، بەڵام چەکی بێ مۆڵەت و دزەکردویی دەستی هاوڵاتیان خۆی دەدات لە (١٠٠،٠٠٠) سەت هەزار تفەنگ!
ئەم نموونە مێژووییە (بە چاو پۆشین لە سیستەمی مەلەکی خراپ یان باش بووە) خەمخۆری بەرپرسێکی باڵای وڵات نیشان دەدات لە چارەسەری دیاردەیەکی کوشندە، هەروەها ئەم ” دانپیانانە ” بەوەی کە کێشەیەك هەیەو پێویستمان بە یارمەتیە جۆرێکە لە “جورئەتی ئیداریی” نزیکەی سەدەیەك لەمەوبەر کە بە باسکردنەوەی دەبێ بەرپرسە ئیداریەکانی شارەکانی کوردستان پێ ی شەرمەزار ببنەوە!
هەندێ ئاماری نافەرمی کە لە ژمارەی 16207 ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە ڕۆژی ١٣ نیسان ی ٢٠٢٣ بڵاو بۆتەوە، باس لەوە دەکا کە نزیکەی ٧ ملیۆن پارچە چەكی نایاسایی لە دەستی هاوڵاتیانی عێراقدایە، بە تایبەتی لە دەستی خێڵەکان دایە کە چەکی قورسیش دەگرێتەوە. ئەم ئامارانە ڕاستە هەرێم ی نەگرتۆتەوە، بەڵام لە کوردستانیش خێڵە سەرەکیەکان هەمووی چەکدارن و چەکی قورسیشیان هەیە، بەشی زۆریشیان مانگانە بودجەی ” دیوانخانەیان ” بۆ بڕاوەتەوە!
بوونی چەک نیوەی کێشەیەکە نیوەکەیتر لەو مەترسیە دایە کە چەکداری موتوربە دەکرێتەوە بە ” کلتور” ی نمایشی کەسایەتیە سەربازیەکان، سەرۆك عەشیرەتەکان، سەرۆك جاشە قەدیمەکان (کە هەندێکیان سەرەڕای لێبوردنی گشتی بەرەی کوردستانی لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژی راپەرینی شاری هەولێر تا نزیکەی کاتژمێر ١٠ ی بەیان بەرگریان کردوو ڕووی دۆشکەو بیکەیسیەکانیان لە پێشمەرگەو خەڵکی راپەریو بوو) دواتر بێ ئەوەی خۆیان تەسلیم بکەن تەنیا دۆشکەکانیان خامۆش کرد و بەرەی کوردستانیش پارێزگاری لێکردن! لە شەڕی ناوخۆش بە پێ ی دابەش بوونیان بەسەر زۆنی سەوزو زەرد چەندین بارە چەکیان بەسەر دابەش کرایەوە!

لە نێو تیك تۆکدا باوترین ئاکاری خێڵەکیانە نمایش کردنە وەکو ” شێخ ” و دانانی ئەو گۆرانیە عەرەبیانەی کە بەسەر شان و باڵی شێخدا هەڵدەڵێن! نمایش کردنی قافیلەی سەیارەکانیان، دیوەخانەکانیان، حیمایەکانیان، هەندێ جار گەعدەکانیان، بەشی زۆری ئەم نەوە تازەیەی کوردستان نازانێ ئەم هەموو ” شێخ ” و ” قارەمانە” خێڵەکیانە چۆن گەیشتونەتە ئەمڕۆ! بۆ نموونە کەسی وای تێدایە باوکی خۆی وەکو شەهیدێکی قارەمان وێنا کردووە لە کاتێکدا نەوەدەکان چەتە بوو، دزبوو، گەنج کوژبوو.
ئەم کلتورە ڕۆژانە لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە بەتایبەتی لە ڕێگەی تیك تۆکەوە بە بەبەردەوامی و بە بێ وەستان، شەو و ڕۆژ، سەدان و هەزاران ڤیدیۆی لێ بەرهەم دێت و دەئاخنرێتە نێو مێشکی سەدان مرۆڤی ” بێ دەسەڵات ” کە مەحرومن لە هۆشیاری، بە دوای ” مانایەك” دەگەڕێن کە هەست بکەن هێزو بوونیان هەیە! منداڵی زۆر تەمەن بچووك فێربووە ووشەی ” شێخ ” و “مافیا” بەکاردێنێت، یان قسەکانی دەمی ئەوانەی تیك تۆك دەڵێنەوە.
ئەم کلتورە تەنیا بەو توێژەی لەسەرۆك خێڵ و جاشە کۆنەکان پێك هاتووە دروست نەبووە، بەڵکو دەیان شەقاوەو لۆتی و لۆمپن و خاوە وەرگر و بەندبێژی بێ فەرهەنگی دەم پیس و خۆ نمایشەکەر ڕۆژانە بە هێزتر دەکرێت.
هەموو ئەو توێژانەی سەرەوە سوودمەندبوون لەوەی لە هەردوو زۆنی سەوزو زەرد جۆرێك لە دەسەڵات و ” پاراستنیان” پێدراوە کە وایانی لێکردوون تەنیا بە بڵاوکردنەوەی ڤێدیۆی ئاسایی وازنەهێنن، بەڵکو خۆیان لەسەرووی هەموو جۆرە یاساو دیسپلینێکی کۆمەڵایەتی یان مرۆڤایەتی ببینن، تەعداو تاوان ئەنجام بدەن دژ بە خەڵکی ئاسایی، بە ئاشکراش لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا بە چەکەوە بسورێنەوە.
لەم بەینەدا جۆرێك لە چاوپۆشی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەیە، بەشێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە کە ئەم چاوپۆشیە بریتیە لە پشت بەستنی حیزبی سیاسی بەم توێژانە بۆ مەبەستی ” تۆقاندن” و ” هەڵبژاردن ” هتد، بەڵام بەشێك لە ترازانی کۆمەڵگەو هەلار بوونی کۆمەڵگە ئەم هۆکارەیە کە سێکوچکەی چەك پارە، کلتوری خیڵ، سۆشیال میدیای خێراو فراوان بەیەکتر دەگەن، ئەو کاتە قوربانی تەنیا ژمارەی مرۆڤەکان نیە، بەڵکو ڕەگ داکوتانی کۆپیەکی زۆر خراپ لە ” کۆمەڵگەیە” لە سەدەی بیست و یەکدا!

یەکەم هەنگاو/ بەرپرسی ئیداری شارەکان دەبێ خۆیان لەو فۆبیایە ڕزگار بکەن کە ڕەخنە لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و جۆرێتی ئیدارەدانی شار ڕەخنەیەکە دژ بە حیزبەکەی ئەو، ئینتیمای حیزبی لە دوای تەواوبوونی دەوامی ئیداریەکەت بکە! دوای سەعات چواری عەسر ئەگەر لە زۆنی سەوزیت بڕۆ بۆ مەڵبەند و ئەگەر لە زۆنی زەردەیشی بڕۆ بۆ لق.
دووەم هەنگاو/ وەکو مەلیك فەیسەڵ ئەو جورئەتە ئیداریە بەکاربهێنەو دان بنێ بەوەی کە ” کێشەیەك ” هەیەو کۆمەڵگەش شەریك بکە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆی.
سێ یەم هەنگاو/ واز لەوە بهێنە تەنیا لە گۆشەیەکی ئەمنیەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخە بکەیت، ئەوەی کە مێرد مناڵێك، لۆتیەك، بە دەستێك دەمانچە یان هەر ئەداتێکیتری تەعداکردنی بە دەستەو بە دەستەکەیتر لایڤی تیک تۆکی کردۆتەوە بەروبوومی کۆمەڵایەتیانەی زاڵ بوون و هەژموون کردنی کلتورو ئاکاری کۆمەڵایەتی + سۆشیال میدیای نابەرپرسە، هەر یەك لەم بوارانە لە کوردستان دەیان شارەزای بواری کۆمەڵایەتی، یاسایی، دەروونی و کلتوریت هەن کە دەکرێ ببنە بەشێك لەو ئەقڵە سەلیمە ناحیزبیەی کە کار لەسەر ئەم ژەهرە کلتوریەی بکەن.
چوارەم هەنگاو/ نابێ چاوەڕوانی ڕووداوێکی تازە بکەیت ڕووبدات، دەبێ دەمێك بێت تۆ خانەیەک،(خانەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان) ت ئەکتیڤ کردبێت کە چالاك بن، بۆ داڕشتنی ئەو ستراتیژی و پلانانەی کە دەتوانێ لە بەرژەوەندی کۆمەلگە دژایەتی ئەو دیاردەو کلتورانە بکات و لە ئایندەدا بە یارمەتی و ڕێکخستنی پشتگیری کۆمەڵگەو ڕای گشتی بۆ بنەبڕکردنی ئەم ئافاتە کۆمەڵایەتیە.
ڕزگار عومەر: