
پێشتر باس لە بوونی پیلانێكی لەو جۆرە كرا كە ئەمریكا بە هەماهەنگی لەگەڵ سعودیە، دەیانەوێت رێگە بۆ هەڵاتنی هەزاران چەكداری رێكخراوی داعش لە موسڵەوە بۆ نێو سوریا خۆش بكەن، لەكاتێكدا ئۆپەراسۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی ئەو رێكخراوە توندڕەوە پێی نایە رۆژی دووەم و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بۆ رزگاركردنی شارەكە تا دێن خێراتر دەبن.
پەڕینەوەی داعش لە موسڵەوە بۆ سوریا
بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی گشتی سوپا و هێزە چەكدارەكانی سوریا:”پیلانەكە دابینكردنی رێڕەوێك بۆ پەڕینەوەی چەكدارە توندڕەوەكان بۆ سنورەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتەوە، لەخۆدەگرێت”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە: “هەر هەوڵێك بۆ پەڕینەوە لە سنورەكان بدرێت، بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەری كۆماری عەرەبی سوریا دادەنرێت و هەرلایەنێكیش هەوڵێكی لەوە جۆرە بدات، مامكەڵەتی تیرۆریستی لەگەڵ دەكرێت و بە هەموو هێز و توانایەكەوە رووبەڕووی دەبینەوە”.
ئاژانسێكی روسی باسی پیلانەكەی كردبوو

رۆژەی 12ی ئەم مانگە، ئاژانسی “نۆڤۆسشتی” لە زاری سەرچاوەیەكی سەربازی- دیپلۆماسی لە مۆسكۆ بڵاویكردووە”لە میانی ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ، دەزگا تایبەتەكانی هەریەك لە ئەمریكا و سعودیە گەیشتوونەتە رێكەوتنێك تا رێڕەوێك بۆ دەرچوونی هەموو چەكدارانی داعش و خێزانەكانیان لە شاری موسڵ دابین بكەن بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی چونە نێو شارەكە”، رونیشكردووەتەوە، لەكاتی دەستپێكردنی هێرشی چونە نێو موسڵ، فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆردومانی ئەو باڵەخانانە دەكەن كە پێشتر لەگەڵ چەكدارەكان لەسەری رێكەوتوون و كەسییان تێیدا نییە.
ئاژانسی “نۆڤۆستی” باس لە بوونی “پیلانێكی نێوان واشنتۆن و ریاز دەكات كە فەراهەمكردنی رێڕەوێك بۆ گواستنەوەی چەكدارانی داعش لە موسڵەوە بۆ سوریا لەخۆدەگرێت “، ئاماژە بە گواستنەوەی زیاتر لە نۆ هەزار چەكداری داعش دەكات كە لە چوارچێوەی پیلانەكە لە موسڵەوە بۆ ناوچەكانی خۆرهەڵاتی سوریا دەگوازرێنەوە تا هێرشی گەورە بۆ دەستگرتن بەسەر شارەكانی دێر ئەلزور و تەدومور، ئەنجام بدەن.
ئاژانسەكە دەڵێت”باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ئێستادا بڕیاری لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ داوە”.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014، چەكدارانی رێكخراوی داعش توانیان شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا كۆنترۆڵ بكەن، دواتر دەستیان بەسەر ناوچەیەكی بەرفراواندا گرت لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و ئەنبار، بە هەمان شێوە ناوچەیەكی زۆرییان لە باشووری كەركوك كۆنترۆڵ كرد، لەم ماوەیەی دواییشدا هێزە عیراقییەكان توانیان زۆربەی ئەو ناوچانە رزگاربكەنەوە كە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبوون.
وەك چاوەڕوان دەكرا، بەرەبەیانی دوێنێ دوو شەممە پڕۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ دەستی پێكرد، هەواڵەكانیش باسیان لەوە كرد كە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە ناوچەی خۆرهەڵاتی شارەكە كشاونەتەوە.
دوێنێ دوو شەممە 17/10/2016، لە وتەیەكدا كە لە كەناڵی رەسمی عیراقەوە پێشكەشكرا و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازی لە چواردەوری بوون، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵی راگەیاند.
عەبادی وتی: “ئەمڕۆ رایدەگەیەنم كە ئەم پڕۆسەیە بۆ ئازادكرنی هاوڵاتیانی عیراق و دانیشتووانی شاری موسڵ لە زوڵم و زۆری داعش دەستی پێكردووە”.
سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختیشی لەوە كردەوە كە تەنها سوپای عیراق و هێزەكانی پۆلیس دەچنە ناو شارەكەوە.
لای خۆیەوە ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند كە پڕۆسەی سەربازی كۆنترڵكردنەوەی شاری موسڵ لە دەستی چەكدارانی داعش، ساتێكی یەكلاكەرەوەیە لە شەڕ دژی ئەو رێكخراوە توندڕەوە.
ئاشتۆن كارتەر وتی: “ئەمە ساتێكی یەكلاكەرەوەیە لە هەڵمەتەكەمان بۆ شكستپێهێنانی هەمیشەیی رێكخراوی داعش”.
وتیشی: “دڵنیایین هاوپەیمانە عیراقییەكانمان، دوژمنە هاوبەشەكەمان شكست پێدێنن و موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عیراق لە وەحشیگەرایی و دژایەتی داعش رزگار دەكەن”.
لای خۆیەوە بریت ماك گۆرك نوێنەری باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند كە “شانازی دەكەین بەوەی لە پڕۆسەی موسڵ لەگەڵ عیراقییەكانداین”.
بەڵام رێكخراوی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی لە چارەنووسی ملیۆن و نیوێك هاوڵاتی عیراقی نیشتەجێی شارەكە دەربڕی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی رایگەیاند، لەیەكەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەكەدا بۆ سەر چەكدارانی داعش، توانراوە 200 كلیۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش دەربهێنن و سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، ئەو رۆژەشی وەك رۆژێكی مێژوویی و وەرچەرخانێك لە شەڕی دژی تیرۆر، وەسفكرد.
لەئێستاشدا كە ئۆپەراسیۆنەكە پێ دەنێتە رۆژی دووەمەوە، هێزەكانی سوپا لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوەتی ناوچەكانی حەمدانیە و شۆرە و بەرتەلە و حەمام عەلیل نزیك دەبنەوە، هەنگاوەكانیش بۆ چوونە نێو شاری موسڵ و پاككردنەوەی لە چەكدارە توندڕەوەكان تا دێن خێراتردەبن.