
بەشێک لە نەکردنی ئەم بابەتە بۆ خودی دید و سیاسەتی ئابووری پەیڕەوکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە، کە بژاردەی ئابووری بازاڕی بەربەڕەڵای بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە ڕەخساندووە و، ئاکامەکەشی کەڵەکەبوونی سامانی زەبەلاح و درووستبوونی دیاردەی ملیاردێر و بۆرژوای مشەخۆرە و، لەبەرامبەریشدا ناوەندنی پەراوزێخراو لە نێو کۆمەڵگادا فراوان کردوە و، ئەوەی مۆرکی چینی مامناوەندی هەڵگرتووە کەوتۆتە بەرداشی میکانیزمەکانی بازاڕی سەرمایەداری وابەست بە ململانێی چینی بۆرژوای بیروکراتی حوکمران کە وەک چینێک و بەشێکی کاریگەر لە جموجۆلی ئابووری و بازاڕدا لە ڕێگای کۆمپانیا تایبەت کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە و، تەنانەت بەشێکی سەرەکی ناکۆکی نێوانیان کە بە شێوەیکی شەکلی ململانێی حزبییە، ناکۆکی و ململانێیە لەسەر دەسکەوت و بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی چالاکی ئابووری و درووستکردنی دەروازەی نوێی وەبەرهێنانی سەرمایەداری و، ئەو ململانێیەش شێوازی ئیحتیکارکردنی پانتایی گشتی و ئیدارە و پێگەکانی حوکمرانی گرتۆتەوە، بێ ئەوەی ناکۆکی و ململانێیەکان دەربارەی پلان و سیاسەتی گەشەپێدان و دیدی ئابووری بێت و، لەمەشدا لیبرالیزم گەر شێوازی دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن وەربگریت، یان بە شێوازی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی خۆی بنوێنێت، لە بازنەی ئاراستە و بژاردەی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم نەهاتۆتە دەرێ و، بەم جۆرەش لێکەوتەکانی سیاسەتی ئابووری ڕۆژ لە دووای ڕۆژ لە بواری ریزبەندی چینایەتی زیاتر دەردەکەوێت.
یەکێک لە دیاردە چینایەتییە مەترسییەکانی ئەم ئاراستە ئابوورییە پەیڕەکراوە لە کوردستان، دەرکەوتن و سەرهەڵدانی دیاردەی پەراوێزخستنە، کە پەیتا پەیتا فراوان دەبێت و ناوەندێکی فراوانی لاوان و دەرچووانی زانکۆکان قووت دەدات و، هەرچەندە تا ئێستا شێوازی چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی گرتۆتەوە، بەڵام تەشەنەکردنی پەراویزخستن کە نەک تەنیا دیاردەیەکی لۆکاڵی کوردستانییە، بەڵکو دیاردەیەکی ئابووری ــ کۆمەڵایەتی بەرهەمی سیستمی سەرمایەداری جیهانی و ئاراستەی نیولیبرالیزمە، هەنگاو دەنێ کە ئەو ناوەندە شێواز و شوناسی چینی کۆمەڵایەتی بە خۆوە بگرێت.
لە بواری هزری مارکسیزمدا لینین پێناسەی چینی کردوە بەوەی کۆمەڵەیەکی مرۆییە، کە ڕەوشێکی تایبەتی خۆی لە سیستمێکی مێژووی دیاریکراوی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ئەو کۆمەڵە مرۆییە بە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانەوە هەیە و، ئەمەش بەندە بە ڕۆڵی ئەوان لە ڕێکخستنی کۆمەلایەتی کار و، توانایان لە وەدەسهێنانی بەشیان لە ساماندا هەیە. بەم جۆرە چینەکان بریتین لە کۆمەڵە خەڵکێک کە بە هۆی جیاوازی شوێنی هەر یەک لەوانە لە سیستمی ئابووری لە نێو کۆمەڵگادا، یەکێکیان توانای چەوساندنەوەی کاری ئەوەی دیکەیان هەیە.
ئەم پێناسەیەی لینین بۆ چینی کۆمەڵایەتی بەشێکە لەو توێژینەوەیەی کە بە ناوی (پەرەسەندنی سەرمایەداری لە ڕووسیا لە ساڵی 1899 بڵاویکردوە، دوای ئەوەی کە پشتی بە سەرچاوە و توێژنەوەیکی زۆر بەست کە دەگاتە زیاتر لە 500 کتێب و گۆڤار و وتار و ئاماری هەمە جۆر سەبارەت بە ئابووری ئەو کاتەی ڕووسیا، کە لە قۆناغێکی وەرچەرخان لە بواری پەرەسەندنی سەرمایەداریدا بوو.
ئەم کتێبەی لینین کە بەشاکارێکی ئابووری دووای سەرمایەی مارکس دادەنرێت لە قۆناغێکدا نووسرا، کە قۆناغی بنیاتنانی سەرمایەداری بوو لە ڕووسیا. دوور لە یەکچوون و کۆپیکردنی ئەزموون و وانەکان، قۆناغی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بە هەموو ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکانی و ناکۆکییەکانی لە گەڵ عێڕاق و دەوڵەتانی دراوسێدا، بە قۆناغی بنیاتنانی سەرمایەداری دادەنرێت، کە شوناسی سەرمایەداری وابەست بە ناوەندە سەرمایەدارییە جیهانییەکان و دوواکەوتوو لە ئاستی گەشەپێدان و ئابووری بەرخۆر لە بواری سەرچاوەکان و ڕێگاخۆشکەر بۆ گەندەڵی و سپیکردنەوەی دراو دادەنرێت و، لە ئاکامیشدا پرۆسەی گەشەپێدانێکی بەرچاو کە خزمەتی بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و ڕەنجدەرانی بیروبازو بکات ناهێنەتە دی و سامان لای ئۆلیگارشی نوێ و هەژاری لای چەوساوەکان، کەڵەکە دەکات.
لەگەڵ پەرەسەندنی سەرمایەداری لە کوردستاندا لە سایەی نیولیبرالیزم و خۆگونجاندنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ ڕەوتی هەژموونی سەنتڕاڵیزمی ئەوروپی لە ئابووری و بەردەوامببونی عەقلیەت و نەریتەکانی پێش سەرمایەداری لە بواری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگایەدا پرۆسەی مۆدێرنەی بە خۆوە نەبینیوە، دیاردەی پەراویزخستن لە کوردستاندا تەشەنە دەکات و خەریکە ناوەندێکی کۆمەڵایەتی فراوان دەگرێتەوە و شوناسێکی تایبەت بەم ناوەندە کە شوناسێکی چینایەتییە لەخۆ دەگرێت.
پەراوێزخراوەکانی کوردستان کێن؟
بەشی زۆری لاوان ئەوانەی زانکۆ و پەیمانگەکان تەواو دەکەن لە ڕەوشێکدا بواری خوێندن هەر وەک سەرجەم بوارەکانی دیکەی وەبەرەهێنانی سەرمایەداری بۆتە کاڵا و زانکۆ و پەیمانگە تایبەتییەکان، کە سیاسەتی ئابووری بازاڕ و ئاراستەی بەتایبەتکردنی خوێندن کۆنتڕۆڵی دەکات، ئەم ناوەندەی لاوان پێکهاتەی سەرەکی پەراوێزخراوەکانن.
بەشی دیکەی پەراوێزخراوان بریتین لەو لاوانەی کە تا ئامادەییان خوێندوە و یان خوێندنیان تەواو نەکردووە.
هێڵی هاوبەش نێوان ئەم دوو ناوەندە بریتییە لەوەی بازاڕی کاری سەرمایەداری ئەمڕۆ شوێنی کارکردنی بۆ ئەم ناوەندانە نارەخسێنێت و ئەگەر بوارێکی کارکردنیش هەبێت، ئەوا دەرچووی زانکۆیە و لەوانەیە فەلسەفەی تەواو کردبێت، بەڵام ناچار دەبێت کاری سیکیۆرتی لەبەردەم دەرگای مۆڵێک یان ئوتێل و کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون بکات.
ناوەندی دیکەی پەراوێزخراوان ژنانە لە کوردستاندا کە ڕێژەیان ئێجگار کەمە لە بازاڕی کاردا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی پێش سەرمایەداری و عەقلیەتی پیاوسالاری باو و نەبوونی ئاسایشی کار بۆیان هۆکاری پەراویزخستنیانە.
جگە لەم دوو ناوەندە فراوانە، پێکهاتەی ئێزیدی بە هۆی نەبوونی پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندن لە ناوچەکانیان و پەراوێزخستنی ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێڕاق، دیاردەی بێکاری و پەراوێزخستن کۆمەڵگای ئێزیدی گرتۆتەوە.

لێرەدا دەمەوێ بە ڕوونی ئاماژە بەوە بکەم، کە پەرەسەندنی سەرمایەداری لە کوردستاندا لە ئاکامی ئەم سیاسەتەی کە حکومەتی کوردستان پەیڕەوی دەکات، بڵقی گەشەپێدان درووست دەکات، نەک گەشەپێدانێک کە کاری گونجاو شایستە بۆ خەڵک پەیدا بکات و ژیان و گوزەرانی خەڵک چاک بکات.
کاوە مەحموود