حزبی شیوعی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوەو تیایدا هاتوە “ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستی بەمیكانیزمی تایبەت هەیە”.
ئاوێنە: رۆژی (یەكشەممە ،٢٣\٤\٢٠١٧) حزبی شیوعی كوردستان راگەیەندراوێكی لەبارەی پرسی ریفراندۆمەوە بڵاوكردەوەو لەبەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتوە “مەبەست لەریفراندۆم كاركردنە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆ كە ئەمەش پێویستی بە میكانیزمی تایبەت هەیە بۆ ئەنجامدانی نەك مانەوەی بڕیاری دەوڵەت وەك كارتێكی فشار”.
لەبەشێكی تردا هاتوە “بابەتی ریفراندۆم یەكێكە لەبابەتە سیاسییە گرنگ و چارەنوسسازەكان بەهەمان شێوەی ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بەرەهەندو تەوەرەكانی قەیرانی سیاسی وئابورییەوە هەیە. دۆسێی هەر قەیرانێك لەو قەیرانانە لەیەكتر دابڕاو نین وكار لەیەكتریش دەكەن دور لەڕیزبەندیكردنیان بەشێوازیكی میكانیكی”.
لەراگەیاندراوەكەی حزبی شیوعی كوردستاندا 4 خاڵ و 10 بڕگە بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان خراوەتەڕو:
١-دانانی لیژنەیەكی پسپۆر لە تێكڕای حزبە كوردستانییەكان بۆ دیراسەتكردنی تێكرای ئەو نەخشە رێگایانەی كە حزبە كوردستانییەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە كوردستاندا خستویانەتە روو، وكاركردن بۆ دانانی پڕۆژەیەك كە سەرجەم خاڵە نزیك و هاوبەشەكان بگرێتە خۆی، وزەمینەی گفتوگۆ و ڕێككەوتن بۆ خاڵە جیاوازەكان ئاسان بكات، و هەنگاوی كردەیی بۆ كاراكردنی پەرلەمان و چارەكردنی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت دەستنیشان بكات و زەمینەی هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا، ساز بكات.
٢- دانانی لیژنەی دانوستان لە گەڵ حكومەتی ناوەند و ئامادەكردنی پرۆژەیەكی یەكگرتوو بۆ دانوستان كە پشتببەستێت بە پرنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان وئیرادەی ئازادانەی پێكهاتەكان لە عێراقدا، كە ئەمەش هۆكاری بنەڕەتین بۆ چارەكردنی قەیرانی بنیاتنانی دەوڵەت لە عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستەش حزبمان پرۆژەیەكی گشتكیری هەیە. گرنگە هێچ لایەنێكی كوردستانی لەم لێژنەیەدا پەراوێز نەكرێت و بەشداریكردنی لە گەڵ حكومەتی هەرێم لەو لێژنەیەدا مسۆگەر بكرێت.
٣- دانانی لیژنەی باڵای ئامادەكاری ریفراندۆم كە سەرجەم هێزەكانی نێو پەرلەمان بگرێتە خۆی ونوێنەری توركمان و(ئاشوری كلدان سریان)ی تێدا بێت و دابینكردنی بەشداریی ژنان لە لێژنەی باڵا و ولیژنەی دانوستان لە گەل بەغدا.
ئەركی لێژنەی باڵا بەرنامەرێژی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكات لە رێگای ئەنجامدانی ئەم كارانە:
ـ دامەزراندنی لیژنەیەكی پسپۆڕ بۆ ئامادەكردنی هۆكارە سیاسی وقانونییەكان كە ریفراندۆمی وەك پێداویستییەك فەرز كردوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە پرنسپی مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان كە بەشێكە لە پرنسیپەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان لە لایەك و پشتبەستن بە خودی دەستووری عێراق كە جێبەجیكردنی ماددەكانی دەستور مەرجی پاراستنی یەكێتی ئازادانەی خاك وگەل وسەروەری عێراقەو، بە شێوەیەكی پراكتیكی دەیان ماددەی دەستور كە مۆركی بە فدراڵبوونی دەوڵەتی عێراق دادەنێت دوای ١٣ ساڵ جێبەجێنەكراوە، وكاركردن بۆ وەرگرتنی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئاماژەكردن بەو بڕیارە لە دارشتنی گەڵاڵنامەی ریفراندۆم.
ـ دامەزراندنی لیژنیەكی ڕاگەیاندنی ناوەند كە ئاراستەی سەرجەم كارەكانی راگەیاندن بكات بە تایبەتی لە بواری داڕشتنی زمانی ئاخافتن لە گەڵ رای گشتی عێراق وعەرەب وگەلانی ناوچەكە بە گشتی.
ـكۆبونەوە لە گەڵ سەرجەم راگەیاندنەكانی كوردستان بۆ دانانی بەرنامەی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی نیشتمانی سازدان بۆ ریفراندۆم و دروستكردنی دەوڵەتی نیشتمانی، و جەختكردن لەسەر سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی كوردستانی وەك دروشمێكی سەرەكی جەماوەر.
ـ دانانی كەناڵێكی سەتەلایەت بە زمانی عەرەبی بە ناوی (الكوردستانیە) كە گوتاری یەكگرتوی كوردستانی بگەیەنێت.
ـ دامەزراندنی ناوەندیكی هاوبەشی رێكخراوە مەدەنی و ناحكومییەكان بۆ پشتگیریكردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.
ــ ئەنجامدانی كۆبونەوە لە گەڵ ڕێكخراوەكانی دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان وگەلانی دیكە بە مەبەستی كارتێكردنە سەر گەلانی دۆستی گەلی كوردستان بۆ پشتگیریكردن لە ریفراندۆم.
ـ ناردنی شاندی هاوبەش بۆ لای حزبە سیاسییەكانی عێراق وبۆ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەندامی بەردەوام لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕوونكردنەوەی هەڵوێستی گەلەكەمان لە ڕیفراندۆم.
ـ گفتوگۆكردن لە گەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركمان وئاشوری وكلدان لە ناوچەكانی مادەی ١٤٠ و خستەرووی پرۆژەیەك بۆ ئیدارەكردنی كردنی كەركوك لە كاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێم بە رچاوكردنی بەرژەوەندیی پێكهاتەكانی و مسۆگەركردنی بەشداری ومافەكانیان.
ـ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و گشتپرسی بە جۆرێك بە پێی قانون بێت و لە بەشبەشێنەی حزبی بەدوور بێت.
ــ دەستنیشانكردنی كاتی ریفراندۆم دوای تەواوكردن وئەنجامدانی پێداویستییە لۆجیستییەكانی.
٤- دانانی لیژنەی هاوبەش نێوان حكومەت ولایەنە سیاسییەكان بۆ پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابوری بە مەبەستی چاكسازی و چارەكردنی قەیرانی ئابووری لە كوردستاندا.