ئەنجوومەنى دامەزرێنەرى سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکووری سوریا لەدواى ٢ ڕۆژ کۆبوونەوە، یاساى هەڵبژاردنى هەرێمى فیدڕاڵیى دیموکراتیکى باکووری و هەروەها یاسای دابەشکردنى بەڕێوەبەرێتییەکانى ئەو ناوچانەى پەسەند کرد. بڕیاریشە لە ماوەى ٥ مانگدا هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنە خۆجێییەکان، شارەوانییەکان و هەرێمى فیدڕاڵى ئەنجام بدرێن.
ئاژانسى هەواڵى هاوار لە ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنى دامەزرێنەرى سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکووری سوریا سێیەم کۆبوونەوەى لە هۆڵى سەندیکاى کرێکارانی شارۆچکەى ڕمێلانى سەر بە گرکی لەکى لە کانتۆنى جزیرە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنى یاساى هەڵبژاردن و یاساى دابەشکردنى بەڕێوەبەرێتییەکان (دابەشکردنى ئیداری) بەڕێوەبرد، کە ماوەى ٢ ڕۆژى خایاند.
ئاماژە بەوەش کراوە، دانیشتنەکەى ئەنجوومەنى دامەزرێنەى سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریا بە بەشداریى نوێنەرانى کانتۆنەکانى جزیرە، کۆبانێ، عەفرین و هەروەها ناوچەکانى منبج و گرێ سپى (تەل ئەبیەز) بەڕێوەچووە.
مەنسور سەلوم هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى دامەزرێنەری سیستمی فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکووری سوریا لە سەرەتاى دانیشتنەکەدا ڕایگەیاندووە “پێویستە ئەم قۆناغە مێژووییە و ئەو دەستکەوتانەى دەستخراون، پارێزگارییان لێ بکرێت. پێویستە سوریاى سبەى، سوریاى هەموو گەلانى سوریا بێت”.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ڕۆژى یەکەمى دانیشتنەکەدا (٢٧ى تەمووزی ٢٠١٧) یاساى دابەشکردنى بەڕێوەبەرێتیى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریا پەسەندکراوە. بەپێى ئەو زانیاریانەى تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، فیدڕاڵى باکوورى سوریا لە ٣ هەرێم پێکدێت و هەر هەرێمیکیش ٢ کانتۆن و هەر کانتۆنێکیش چەند ئیالەت، یان پارێزگا، یان ناوچەى خۆبەڕێوەبەری لەخۆدەگرێت. بەپێى ئەو زانیارییانە، هەرێمى جزیرە کانتۆنەکانى قامیشلۆ و حەسەکە، هەرێمى فورات کانتۆنەکانى کۆبانێ و گرێ سپى، هەرێمى عەفرین کانتۆنەکانى عەفرین و شەهبا لە خۆى دەگرێت. دەشکرێت لە داهاتوودا هەرێمی دیکەی وەک ڕەقە، حەلەب و دێرزوور بخرێنە سەر سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریا، ئەگەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە سیستمى فیدڕاڵى باکوورى سوریایان بوێت.
ئەنجوومەنى دامەزرێنەى سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریا یاساى هەڵبژاردنى پەسەندکرد و بەشێک لە خاڵەکانى یاساکە بریتین لە:
١ – ڕێژەى ٦٠% نوێنەرانى گەل ڕاستەوخۆ لە ڕێگەى سندوقەکانى دەنگدانەوە و لەلایەن گەلەوە بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.
٢ – ڕێژەى ٤٠%ى نوێنەرەکانیش بەپێى بنەماکانى دیموکراسى بۆ پێکهاتە خۆجێیەکانى ناوچە جۆراوجۆرەکان بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن و هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە و ئەگەریش لە هەڵبژاردنى گشتیدا نوێنەرى پێکهاتەیەک سەرکەوتنى بەدەستنەهێنا، ئەوا بەپێى بنەماکانى دیموکراسى هەڵدەبژێردرێن بۆ نوێنەرایەتیکردنى پێکهاتەکانیان لەو ناوچانەدا.
٣ – لە هەموو ئەنجوومەنەکانى سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریادا، ڕێژەى ژن و پیاو یەکسان دەبێت، واتە ڕێژەى ٥٠% بۆ ژنان و ٥٠% بۆ پیاوان دەبێت.
٤ – هەر ئەندامێکى ئەنجوومەنى گەل و پەرلەمان بۆی هەیە ٢ جار هەڵببژێردرێت.
لە دواى ئەوەى ئەنجوومەنى دامەزرێنەرى سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریا هەر ٢ یاساى دابەشکردنى بەڕێوەبەرێتى و یاساى هەڵبژاردنى پەسەندکرد، ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە، لە ماوەیەکى نزیکدا یاساکان بڵاودەکاتەوە.
لە بەردەوامیى دانیشتنەکەى ئەنجوومەنى دامەزرێنەری سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکوورى سوریا، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنە خۆجییەکان، شارەوانییەکان و فیدڕاڵى باکوورى سوریا پەسەندکرا.
بەو پێیە لە ماوەى ٥ مانگى داهاتوودا ٣ هەڵبژاردن لە ڕۆژئاواى کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکەم هەڵبژاردن لە ڕۆژی ٢٢ى ئەیلولی ٢٠١٧ بۆ ئەنجومەنە خۆجێییەکان و هەڵبژاردنى شارەوانییەکانیش لە ٣ى تشرینى دووەمی ٢٠١٧دا و هەڵبژاردنی هەرێمەکان و کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (پەرلەمان) لە سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکووری سوریادا، ڕۆژی ١٩ی کانوونى دووەمی ٢٠١٨ بەڕێوەدەچێت.
لەدواى دەستپێکردنى شۆڕشى خەڵکى سوریا لە ساڵى ٢٠١١ لە دژى ڕژێمى سوریا لە ڕۆژئاواى کوردستان ژمارەیەک هێز و دەستەى جۆراجۆرى سیاسى و سەربازى دامەزران، کە بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتى (تەڤگەرا جڤاکا دیموکراتیک – تەڤدەم) و یەکینەى پاراستنى گەل (یەپەگە) نمونەیەکى ئەو هێز و دەستە سیاسی و سەربازییانەن.
لە دواى ئەوەى خەڵکی کۆبانێ لە ڕۆژی ١٩ى تەمووزی ٢٠١٢دا شارەکەیان لە دەسەڵاتى ڕژێمى ئەسەد پاککردەوە و کۆبانێ کرا بە یەکەم شارى ئازادکراوى ڕۆژئاواى کوردستان و ڕاپەڕینەکەى کۆبانێ بە خێرایى زۆربەى ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستانى گرتەوە و ڕۆژی ١٩ى تەمووزیش ڕۆژى شۆڕشى ڕۆژئاواى کوردستانپێناسەکراوە. بە دواى ئەوەشدا، یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) و هەروەها هێزى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان دامەزران.
لەگەڵ فراوانبوونى ناوچەکانى ژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى ڕۆژئاواى کوردستان، کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان دامەزران. یەکەم کانتۆن کانتۆنى جزیرە بوو، کە ٢٢ى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٤ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دامەزرا. لە ٢٧ى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٤دا کانتۆنى کۆبانێ و بە دواى ئەوەشدا لە ڕۆژى ٢٩ى کانوونى دووەمى ساڵى ٢٠١٤ کانتۆنى عەفرینیش دامەزرێندرا.
هەر یەک لە کانتۆنەکان بە سیستمى هاوسەرۆکایەتى بەڕێوەدەبرێن و هەر کانتۆنێک ٢٢ دەستەى بەڕێوەبەریى هەیە.
بۆ زیاتر یەکخستنى هێزە جۆراجۆرەکان لە ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان لە ڕۆژی ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ بە بەشداریى ١٣ هێزى جۆراجۆری کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری لە کانتۆنى جزیرەى ڕۆژئاواى کوردستان هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) دامەزرا.
لە دواى ئەوەش و لەبەر فراوانیى پانتایى ژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى یەپەگە و یەپەژ و دامەزراندنى چەندین دامەزراوەى حکومى و سەربازى مەدەنى و یەکخستنیان لە ژێر چەترێکى فراواندا ڕۆژانى ٨ و ٩ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ لە شارى دێرکى ڕۆژئاواى کوردستان و لە کانتۆنى جزیرە کۆنگرەى سوریاى دیموکراتى بە بەشداریى ١٠٣ کەس بە نوێنەرایەتیى ٣٢ حزب و لایەنى سیاسى لە پێکهاتەکانى کورد، عەرەب، تورکمان، ئاسورى و دورزى بەرێوەچوو و لە ئەنجامدا ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى (مەسەدە) ڕاگەیەندرا. مەسەدە نوێنەرایەتیى سیاسیى هەسەدە دەکات.
لەگەڵ زیاتر بەرەوپێشچوونى و بەشدارى پێکهاتە جۆراجۆرەکان لە کاروباری سیاسى و سەربازیدا، ڕۆژى ١٧ى ئازارى ٢٠١٦ هەرێمى دیموکراتیکى فیدڕاڵى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا لە شارى ڕمێلانى سەر بە کانتۆنى جزیرە بە بەشداریى هەر یەک لە نەتەوەکانى کورد، عەرەب، سوریانى، تورکمان و ئەرمەنى ڕاگەیاندرا، کە ٣١ کەس ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى هەرێمى دیموکراتیکى فیدڕاڵى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریان.
هەرێمى دیموکراتیکى فیدڕاڵى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا هەر سێ کانتۆنى جزیرە و کۆبانێ و عەفرین لە خۆى دەگرێت و دواى نزیکەى ساڵێک لە دامەزراندنى هەرێمى دیموکراتیکى فیدڕاڵى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا، ڕۆژى ٣٠ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ و لە دواى ٣ ڕۆژ لە کۆبوونەوەى دەستەى دامەزرێنەری هەرێمى فیدڕاڵیی دیموکراتیکى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا، ژمارەیەک گۆڕانکاریى ئەنجامدا و ناوەکەشى لە هەرێمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى ڕژئاوا – باکوورى سوریا، کرا بە سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیى باکوورى سوریا.
ئەنجوومەنى دامەزرێنەری سیستمى فیدڕاڵى دیموکراتیکى باکووری سوریا لە ڕۆژانى ٢٧ و ٢٨ی تەمووزی ٢٠١٧ و لە سێیەمین دانیشتنیدا، یاساکانى دابەشکردنى بەڕێوبەرێتى و یاساى هەڵبژاردنى پەسەند کرد.