زمان ناسنامەی نەتەوەیە یەکێک لە هۆکارەکانی جیاکردنەوەی هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی تر زمانە، ئێمەش وەک میللەتێکی دەورەدراو بە چەندین دوژمن، مێژوویەکی دورودرێژە زمانمان مەترسی هەڕەشە و لە ناوچوونی لە سەرە لەلایەن چواردەور و ناوخۆشەوە.
رۆژی ٢١ی شوباتە، ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٩ وە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە زمانى دایک لە جیهاندا ناسێنراوەو نەتەوەکانى جیهان لەم ڕۆژەدا بەشێوازی جۆراو جۆر ڕێز لە زمانی خۆیان دەگرن و چالاکی ئەنجام دەدەن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان زمانی کوردی لە ژێر چەپۆکی هەردوو دەسەڵاتی فارس و تورکدایە، لە باشووری کوردستان و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئێستا بەکارهێنانی زمانی دایک بە ئازادانە بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەو دوو بەشەى کوردستانیش ئەگەرچی ئازادە، بەڵام لەژێر هەڕەشەدایە.
یەکەم کارێک لە پاش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی کۆماری تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورک کردی زمانی کوردی بەتەواوەتی قەدەغەکرد لە خوێندنگا و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا کە تاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە لە کاتێکدا کورد یەک لەسەر پێنجی تورکیا پێکدەهێنێ زمانی تورکی زمانی فەرمی تورکیایەو قسەکردن بە زمانی کوردی بە تاوان ناسێنراوە، مامۆستایانی تورک لە سەرەتای خوێندنی بنەڕەتییەوە بە کوردانی تورکیا دەڵێن تورکی زمانی ڕەسەنەوە و کوردی باش نییە بۆ فێربوون.
ڕاوەست کە سەنتەرێکی توێژینەوەی کوردییە لە ئامەد، لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٩دا ڕاپرسییەکی لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی کرد. لە راپرسییەکەدا بۆچوونی ٦٠٠ کورد وەرگیرابوو و تەنیا ١٨%یان دەتوانن بە کوردی قسە بکەن و بخوێننەوە و بنووسن. هەر بە گوێرەی راپرسییەکە، تەنیا ٤٤%یان ئاماژەیان بەوەکردبوو دەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان قسە بکەن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان تادێت رێژەی قسەنەکردن بە زمانی کوردی هەڵدەکشێت و ئێستا ٦٠%ی کوردانی باکووری کوردستان ڕێگەیان پێنادرێ بە زمانی دایک قسە بکەن، بەڵام لە باشوری کوردستانی سەرباری ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١ ەوە سەربەخۆیی خۆ بەڕێوەبەریمان وەرگرتووە، دەسەڵاتدارانی کوردی بە پیلان کارییان بۆ لاوازکردنی زمانی کوردی کردووە.
تاکو ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە فەرهەنگێکی گشتگیر دابڕژێن کە تەواوی وشەی زمانی کوردی لەخۆبگرێت بە شێوەزارەکانیشەوە، هەروەها چەندین قوتابخانەی ئەهلی و تایبەت بە ناوی ئینگلیزی و ئەڵمانی و عەرەبی و تورکی لە کوردستان کراونەتەوەو لەبری ئەوەی زمانی کوردی فێری منداڵ بکرێت شانازی بەوەوە دەکرێت کە منداڵی کورد بە ئینگلیزی یان تورکی یان هەر زمانێکی تر بە باشی بزانێت، بەڵام شارەزایی زمانەکەی خۆی نەبێت.
زارا محەمەدی مامۆستایەکى زمانى کوردییە لە شاری سنە، تەنیا لەبەرئەوەی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی کوردی وانەی بە خوێندکارە کوردەکان دەوتەوە دادگای ئێران پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
لەباکوری کوردستانی چەندین مامۆستای ئاینی بەهۆی خوێندنەوەی وتاری هەینی بە کوردی توشی سزای زیندانیکرندن بونەوە. تەنانەت تورکیا سزای چەندین کوردی داوە لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی کوردی.
ساڵی ٢٠٢٠ گەنجێکی تەمەن بیست ساڵان ، بە ناوی بارش چاکان لە ناوچەی ئاگری لەبەرئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتبوو لە شاری ئەنقەرە هێرش کرایە سەری و بە چەقۆیەک کۆتاییان بە ژیانی هێنا
عەبدوڵا پەشێوی شاعیری گەورەی کورد دەڵێت “زمانی کوردی لەبەردەم هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەی لەناوچووندایەو لە هەموو لایەکەوە پەلامار دەدرێت”
مەترسییەکانى سەر زمانى کوردی چین؟
هەر شوێنێکی بازرگانی نوێ یان فرۆشگایەک یان شوێنێکی نیشتەجێبوون دەکرێتەوە وشەیەک بۆ شوێنەکە دادەتاشرێت کاتێک لە مانای وشەکە دەڕوانیت یان مانایەکی ئینگلیزی یان تورکی یان عەرەبی یان فارسی هەیە، بە دەگمەن دەبینی شوێنێک بکرێتەوە مانایەکی کوردەواری جوان بدات، لە کاتێکدا چەندین وشە و زاراوەی جوانمان هەیە بۆ ئەوەی شوێنە بازرگانییەکانمانی لەسەر بنیات بنێین، ئەوەی خەمەکەی زیاتر کردووە دەسەڵاتدارانی کوردە کە هیچ ڕێگرییەک ناکەن لەو وشە و دەستەواژە بیانییانە، بەڵکو کارئاسانیشییان بۆ دەکەن، چونکە ئەوەی لای دەسەڵاتداران خەمی سەرەکییە پارە و باج و ڕسوماتە نەک داهاتووی نەتەوەیەک کە پەیوەستە بە زمانەوە.
دەبوو حکومەت بە یاسا ڕێگری بکردایە لە بەکارهێنانی هەر دەستەواژەیەکی بیانی لە کردنەوەی هەر شوێنێکی بازرگانی یان کۆمەڵایەتی ، بیهێنەرە بەرچاوت کوردێک بە ناو و واتایەکی کوردی بڕوات لە تورکیا بازرگانییەک بکاتەوە، ئایا حکومەتی تورکیا ڕێگای پێ دەدەن؟ ئەی حکومەتی کوردستان بۆ ڕێگا دەدات؟.
ناوەندە ڕاگەیاندنەکانیش هۆکارێکی تری بەبێگانەکردنی زمانی کوردین، چونکە هەوڵ و تەقەڵای چاک دەدەن بۆ زیادکردنی وشەیەکی نوێی بیانی و پێشبڕکێیانە بۆ خستنەناوی وشەی بێگانە بۆ ناو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی، بە تێگەیشتویی و پیشەگەری و بێ ڕکابەری لێکدەدەنەوە.
خراپییەکی تری دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە باخچەی ساوایانەوە تاکو زانکۆ کە کۆتا قۆناغی ئەکادیمی و فێربوونە بە زمانی بیانی شوێنییان بۆ کراوەتەوە و پشتگیری دەکرێن و چەندین بەرپرسی پلە باڵاش لە پشتیانن، چونکە بە پارە لەو شوێنانە منداڵ وەردەگیرێن و بەرپرسانیش پشکییان لەو شوێنانەدا هەیە، بە پیلان خوێندنی حکومی وردە وردە کەناگیر دەکرێت و وا لە خەڵک دەکرێت منداڵەکانییان بەرەو ئەو ناوەندانە ئاڕاستە بکەن.
لە خوێندنی بنەڕەتییەوە هەست بەوە دەکەیت منداڵان لە گفتوگۆدا کەمترین وشەی کوردی دەزانن بە شانازییەوە دایک و بیابان لەناو خەڵکدا باسی منداڵەکانییان دەکەن کە بە زمانی بیانی دەتوانن قسە بکەن و تێ بگەن.
دوا هەوڵی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە لە کۆتا قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی و سەرەتای خوێندنی زانکۆ خوێندنی زمانی کوردی دەکرێتە ئارەزوومەندانە، واتە دەتوانی زمانی دایکی خۆت نەخوێنیت، بەڵام ئاساییە زمانی ئینگلیزی و زۆرینەی پەیڕەو پرۆگرامی خوێندن بە زمانی بێگانە بخوێنیت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ عەرەب کراوە کە لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن و خانوبەرە بکڕن و خانووەکان بکرێت بە ناوییانەوە ، واتە تەعریبێکی نەرم بەڕێوە دەچێت بەهاوکاری دەسەڵاتدارانی کورد تەنیا لە پێناوی بەدەستهێنانی بڕە پارەیەکدا، مەگەر چۆنها ئەگینا گەڕەکێکی ناو شارەکان نییە چەند ماڵێکی عەرەبی تێدا نەبێت.
کورد سەرباری ئەوەی نەتەوەیەکی ژێردەستەبووە و لە دێرزەمانەوە هەوڵی قەڵاچۆکردن و بنبڕکردنی یەکجارەکی دەدرێت، بەڵام خاوەنی زمانێکی دەوڵەمەندە و چەندین شێوەزاری ئاخافتنی هەیە سەرباری چەندین شێوەزاری گرنگ و دەوڵەمەند بەڵام دیارترین شێوەزارەکان بریتین لە کرمانجی و سۆرانی و کەلهوڕی و زازاکی و هەورامی.
زمانی کوردی دابەش کراوە بۆ چوار دەستە کە بریتین لە کوردی باکور ، کوردی ناوەند ، کوردی باشور ، کوردی ماچۆ کە پێی دەوترێت کوردی گۆرانی و زازاکی ، بەڵام بەهۆی یەکنەگرتوویی ناوخۆیی کورد کێشەیەکی سەرەکی بۆ شێوەزاری فەرمی بۆ دەوڵەتداری دروست بووە ، لایەک لایەکی تر ڕەتدەکاتەوە بەهۆی شێوە زارەوە، تەنانەت هەندێک شێوەزار بە تەواوەتی پەراوێز خراون و خەریکە بە تەواوەتی لەناودەچن وەک لوڕی و لەکی و کەلهوڕی.
سەرچاوە:ئاژانسی رۆژنیوز