ئەگەر ئـەوان دەنـگی زوڵملێکـراوانـن، کـێ دەنـگی ئـەوانە؟
مه‌عاز فەرحان-کەرکوک ناو
“مانگ به مانگ پاره‌كه‌یان كهمدهكردینهوه و بۆیان پاشكه‌وت ده‌كردین، له دواجاردا وتیان به‌خۆبه‌خش كاربكه‌ن”، كارمهندێکی كه‌ناڵی ئاسمانیی هونا به‌غداد وای وت؛ ئێستا حه‌وت ملیۆن دیناری لای كه‌ناڵه‌كه‌یه و دوای بێئومێدبونی له سهندیكاکانی به‌رگری له مافی رۆژنامه‌نوسان كه‌یسه‌كه‌ی برده دادگا.
ئه‌و كارمه‌نده له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوهێنانی نه‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی یه‌كجاره‌كی مافه‌كه‌ی، ئاماده‌نه‌بوو ناوی ئاشكرابكات بەڵام ناوەکەی لای “کەرکوک ناو” پارێزراوە، وتی “یه‌ك دوو مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ موچه‌ی ته‌واوم وه‌رده‌گرت، دواتر مانگ دوای مانگ كه‌مده‌كرایه‌وه”، تا له مانگی ئابدا (٢٠١٨)، به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگاكه – ژماره‌یه‌ك بازرگان- له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا پێیانوتین كێ ده‌یه‌وێت به‌خۆبه‌خش كاربكات با به‌رده‌وامبێت، ئه‌و وایوت.
بڕیاره‌كه لای ئه‌و كارمه‌نده و ده‌یان كارمه‌ندی تری ده‌زگاكه قبوڵناكرێن، بۆیه خۆپیشاندانێكیان له به‌رده‌م سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی عیراق رێكخست و له چه‌ند رۆژی رابردوش كه‌یسه‌كه‌یان برده دادگا بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و حه‌وت ملیۆن دیناره‌ی لای كه‌ناڵه‌كه‌یه. پێدەچێت کێشەیەکی گەوهەری هەبێت لە پەیوەندی نێوان رۆژنامەنوسان و دەزگاکانیان و رۆژنامەنوسان و سەندیکاکانی رۆژنامەنوسان لەسەرتاسەری وڵات‌دا.
ئه‌م رۆژنامەنوسە نمونه‌ی سه‌دان رۆژنامه‌نوس و كارمه‌ندی تری راگه‌یاندنه له عیراق بە هه‌رێمی كوردستانەوە، كه له چوار ساڵی رابردودا پیشه‌كانیان له‌ده‌ستداوه و بێكاربون، یان شایسته داراییه‌كانیان پێ‌نادرێت و مافه‌كانیان پێشێلده‌كرێت.
هێمن مامه‌ند، رۆژنامه‌نوس له شاری هه‌ولێر و په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی خه‌ندان، كه خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ گرێبه‌ستێك واژۆ بكات – هاوشێوه‌ی كارمه‌نده‌كه‌ی هونا به‌غداد -ساڵی 2015 له‌و ده‌زگایه ده‌ستیکرد بە كاركردن.
دوای ماوه‌یه‌ك كاركردن، ئه‌و رۆژنامه‌نوسه ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه، كاتێك به‌وته‌ی خۆی ده‌زگاكه پاداشتی بابه‌ته‌كانی پێنه‌ده‌دا، “پاره‌ی هه‌شت مانگی كاركردنم لای ده‌زگاكه ماوه، دەیانجار بەڕێی جیاواز داوای ئەو مافەم کردۆتەوە، کەچی دەستی دەستیم پێدەکەن”، هێمن وایوت.
“جێبه‌جێنه‌كردنی یاسا و نەبونی گرێبەستی نێوان دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنوس، هۆکارن بۆ مافخواردنی رۆژنامەنوسان”، هێمن به‌مشێوه‌یه دواجار دەستبەرداری مافه‌كه‌ی بوو.
بێكاریی ته‌نگ به رۆژنامه‌نوسان هه‌ڵده‌چنێت
ته‌نیا له عیراقدا و له ساڵی 2015، نزیكه‌ی هه‌زار و 600 كارمه‌ندی راگه‌یاندن له كاره‌كانیان دورخراونه‌ته‌وه، ساڵی رابردوش 570 كارمه‌ند بێكاربون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی رێکخراوی داکۆکیکردن له مافی رۆژنامه‌نوسان كه باره‌گاكه‌ی له به‌غدایه.
له هه‌رێمی كوردستانیش، ته‌نیا له دوو ساڵی رابردودا، 500 سكاڵای “ده‌ركردن”ی كارمه‌ندی راگه‌یاندن، گه‌یشتۆته سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، به‌شێكی زۆریان دوای داخستنی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بووه، لانیكه‌م 100 رۆژنامەنوسیش ناوی خۆیان له سه‌ندیكا تۆماركردووه، به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی كاریان بۆ بدۆزرێته‌وه.
داخستنی كه‌ناڵ و بێكاربونی رۆژنامه‌نوسان
له دوو ساڵی رابردودا ده‌یان كه‌ناڵی راگه‌یاندن له عیراق و هه‌رێمی كوردستان داخران و زۆرینه‌ی رۆژنامه‌نوس و كارمه‌نده‌كانیان بێكاربون.
هه‌ردوو كه‌ناڵی ئاسمانی مهشرهق و مه‌دا و زیاتر له 30 ماڵپه‌ڕی ئه‌لكترۆنی له ساڵی 2017دا داخراون.
له 2018دا، كه‌ناڵی ئێن ئاڕتی عه‌ره‌بی و ته‌واوی نوسینگه‌كانی له عیراق داخران، هه‌روه‌ها که‌ناڵی “کوردنیوز” زمانحاڵی جوڵانه‌وه‌ی نەوەی نوێ له سلێمانی و رۆژنامەى “رێگا”ى کوردستان و تەلەفزیۆنى “رێگا” زمانحاڵى حزبى شیوعى كوردستان له هه‌ولێر داخران، له‌گه‌ڵ ده‌یان رۆژنامه‌و گۆڤار و ماڵپه‌ڕی ئه‌لكترۆنی.
هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیۆن و رادیۆى خەندان کە 150 کارمەندیان هەبوو، زۆرینه‌یان به‌دوای كاردا ده‌گه‌ڕێن دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ ده‌زگاكه‌یان داخرا.
مسته‌فا ناسر، سه‌رۆکی رێکخراوی دادکۆکیکردن له مافی رۆژنامه‌نوسان به(که‌رکوک ناو)ی وت “له ئێستادا چه‌ند ده‌زگایه‌كی تری راگه‌یاندن، هه‌ر به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، له‌به‌رده‌م مه‌ترسی داخستندان”.
ئه‌و كێشه‌یه به فراوانی به‌رده‌وامە؛ سه‌ر ره‌فه‌ی سه‌ندیكاكانی به‌رگری له رۆژنامه‌نوسان پڕن له سكاڵای له‌و جۆره و سه‌ندیكاش ده‌ڵێت نازانن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه بكه‌ن، پێیانوایه رۆژنامه‌نوسان خۆیان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش تۆمه‌تبارن.
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ساڵانه ده‌یان كه‌ناڵی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان داده‌مه‌زرێنران، به‌ڵام قه‌یرانی دارایی عیراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه له ساڵی 2014دا ناڕاستەوخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر راگرتنی كاری ده‌زگاكان هه‌بوو، زۆرینه‌ی هه‌ر زۆری ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی ئێستا ماون خاوه‌ندارێتیان بۆ حزب و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سه‌ندیكاكان ناتوانن مافی رۆژنامه‌نوسان به‌ده‌ستبهێننه‌وه
ده‌یان كه‌ناڵی راگه‌یاندن له عیراق و هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندنابن به یاساكانی تایبه‌ت به مافی رۆژنامه‌نوسان، به‌شێكیان موچه‌ی كارمه‌نده‌كان كه‌مده‌كه‌نه‌وه و به‌شێكیان ناچاریان ده‌كه‌ن به‌جێهێشتنی ده‌زگاكه، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی دواخستنی موچه‌كانیان.
كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ی ئێن ئێن، زمانحاڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، موچه‌ی كارمه‌نده‌كانی له‌كاتی خۆیدا نادات و 45 رۆژ یان زیاتر دواده‌كه‌وێت، به‌هۆیه‌وه موچه‌ی چوار مانگی كارمه‌نده‌كانی نه‌داوه، ئه‌مه له به‌شێك له راگه‌یاندنه‌كانی سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی کوردستانیشدا به‌هه‌مان شێوه‌یه.
ئیسماعیل حەمەڕەحیم، یه‌كێك بوو له رۆژنامه‌نوسه‌كانی كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن، وتی “هیچ دامەزراوەیەک لە کوردستان نییە، مافی خوراوی رۆژنامەنوسان و فەرمانبەران و کرێکاران له کوردستان بسەنێت”، وه‌ك ئاماژەیه‌ك بۆ سه‌نته‌ر و سه‌ندیكاكانی تایبه‌ت به رۆژنامه‌نووسان.
“كاتێك داوای موچه‌ی سێ مانگم كرد له ده‌زگاكه‌م ناچاركرام ده‌ستله‌كاربكێشمه‌وه و ئێستا بێكارم”، ئیسماعیل وایوت، كه ئه‌زمونی لانیكه‌م 15 ساڵ كاركردنی هه‌یه.
كۆمپانیای وشە كه خاوه‌ندارێتی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ی ئێن ئێن ده‌كات، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسان كردویه‌تی و (كه‌ركوك ناو) كۆپییه‌كی بینووه، ده‌بێت هه‌ر 30 رۆژ جارێك موچه‌كانیان پێبدات.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، به‌پێی یاسای رۆژنامەگەریی رۆژنامەنوسی له كوردستان، پێویسته ده‌زگاكانی رۆژنامه‌گه‌ریی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆژنامه‌كان پابه‌ندی ئه‌و مافانهبن كه له یاسا به‌ركاره‌كان و گرێبه‌ستی په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامهنوسانەوە بۆ رۆژنامه‌نوس دیاریكراوه.
کاروان ئەنوەر، لێپرسراوی لقى سلێمانى سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان، دەڵێت هەندێک لە دەزگاکانی راگه‌یاندن گرێبەستەکان “زاڵمانە” دەنوسن، وتى “هەموو چەکى ئێمە بۆ وه‌رگرتنی مافی رۆژنامه‌نوسان، ئەو گرێبەستەیە رۆژنامەنوسەکە کردویەتى، رۆژنامەنوس لەبەر نەبونى كار بە هەموو مەرجێک رازییە، دواى ئەوەى لەگەڵ دەزگاکە و لای دادوه‌ر ئیمزاى دەکەن، ئینجا دەیهێنن بۆ ئێمە، کە سەیرى دەکەین ناتوانین هیچ بکەین، چونکە خۆى واژۆى کردووە”.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان، ئەمساڵ نەیتوانى مافى دارایى 152 کارمەندى هه‌ردوو کەناڵی “ئێن ئاڕ تی” و “كوردنیوز” وەربگرێتەوە، كاتێك به‌شێكیان سكاڵایان كرد له سه‌ندیكا دژ به شاسوار عه‌بدولواحێد، خاوه‌نی كه‌ناڵه‌كه و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ.
كاروان وتی “كاتێك ده‌هاتن سكاڵایان ده‌كرد هیچ گرێبه‌ستێكیان پێنه‌بوو…”.
یاسای مافی پاراستنی رۆژنامه‌نوسان له عیراق، جه‌ختیكردۆته‌وه، له‌وه‌ی پێویسته رۆژنامه‌نوس بێ بونی گرێبه‌ستی کارکردن له هیچ ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندندا کارنه‌کات، ئه‌وه‌ش له پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان.
محه‌مه‌د داغستانی، سه‌رۆکی لقی که‌رکوکی رۆژنامه‌نوسانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت “رۆژنامه‌نوسان پێویسته له‌کاتی کێشه‌دا له‌گه‌ڵ ده‌زگاکه‌ی، سکاڵای یاسایی تۆماربکات بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌كه‌ی و بۆ ئه‌مه‌ش یاسا پاڵپشتی ده‌كات، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری نه‌بونی گرێبه‌ستدا، هیچ به ده‌ست رۆژنامه‌نوسانه‌وه نابێت تا داوای مافه‌کانی خۆیان بکه‌ن و له‌م حاڵه‌ته‌شدا سه‌ندیکا ناتوانێت هیچ کارێکیان بۆ بکات”، ئه‌وه‌شی وه‌ك گه‌وره‌ترین كێشه بۆ رۆژنامه‌نوسان و پێنه‌دانی مافه‌كانیان هێنایه‌وه.
سه‌ندیكا رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، له‌پێناو ئه‌وه‌ی مافى رۆژنامەنوسان نەخورێت و بتوانن بەرگرییان لێبکەن، گرێبەستیان بە مەرج داناوە بۆ وەرگرتنى ئەندام لە سەندیکادا، وه‌ك سمکۆ عەبدولکەریم، له نوسینگەى هەولێرى سەندیکاكه به (کەرکوک ناو)ی وت.
گرێبه‌ست؛ ته‌نیا ناوه
دەزگاى خەندان، نوێترین ده‌زگای راگه‌یاندنه كه دوای داخستنی زیاتر له 150 كارمه‌ندی بێكاربون و زۆرترین ناڕەزایی روبهڕوبۆتەوە، ئێستا ده‌زگاكه ته‌نیا ماڵپەڕێکی ماوە.
دانا تەیب مه‌نمی، شەش ساڵ لەو دەزگایە کاریکردووە، مانگى 11 کۆتایى بە ماوەى کارکردنى هات، دەڵێت پارەى دوو مانگى لاى دەزگاکە ماوە…”موچه‌ی مانگى یەکى 2017م لایانە، بەرهەم ساڵح – سه‌رۆك كۆماری عیراق – لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عيراقدا بەڵێنیدا موچه‌كه‌مان پێبدرێت، بەڵام دواى بانگەشە پێیاننەداینەوە، موچه‌یه‌كی مانگى 10ى ئەمساڵیشم لایانە”.
بەڕێوەبەرانى خەندان، كه دوای داخستنی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ئێستا ته‌نیا ماڵپه‌ڕێكیان هه‌یه، بە دانایان وتووە “گرێبەستتان نییە… له‌پڕێكدا ده‌یانوت له‌سه‌دا 15ی موچه‌كانتان كه‌مكرایه‌وه، ئه‌وه‌مان قبوڵكرد، دواتر وتیان له‌سه‌دا 10ی تری كه‌مده‌كه‌ینه‌وه، ئیتر من قبوڵم نه‌كرد”، دانای وایوت و جه‌ختیكرده‌وه كه بەنیازە لە سەندیکاى رۆژنامەنوسان و دادگا بۆ وەرگرتنەوەى “مافەکەى” سکاڵا تۆماربکات.
سلێمان عەبدوڵا یونس، كه ئێستا سەرۆکى دامەزراوەی خەندانه، وتی “ئێمه گرێبەستى مانگانەمان هەیە، هەموو مانگێک قابیلى نوێکردنەوە و نەکردنەوەیە، رۆژنامەنوس خۆى گرێبەستەکە ئیمزا دەکات و ئازادە لەوەى رازى بێت بەمەرجەکان یان نا”.
سلێمان بە (کەرکوک ناو)ى وت “هیچ کەسێک نییە ئێمە دەرمانکردبێت، یان گرێبەستمان هەڵوەشاندبێتەوە”؛ وتیشى “هەر کەسێک ئەولەوییەتێکى ئیدارى هەبوو سەلماندى کە خەندان پارەى پێنەداوە دەتوانێت بێت داواى پارەکە بکات”.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه، ئه‌مساڵ 150 كارمه‌ندی راگه‌یاندنیان نارده ماڵه‌وه و هیچ موچه‌یه‌كیان پێنه‌دان تا كار ده‌دۆزنه‌وه.
“ئیمکانییەتى مادیمان نەبێت و رادیۆ و تەلەفزیۆن دابخرێت ناتوانین کارمەند بهێڵینەوە…”، سلێمان عەبدوڵا یونس واى وت.
رۆژنامه‌نوسان له عیراق، به‌تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان، مانگانه ده‌یان بابه‌ت له‌سه‌ر دواكه‌وتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مافی چین و توێژەكان، ده‌نوسن و بڵاوده‌كه‌نه‌وه و ده‌نگیان ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام خه‌ریكه ده‌نگی ئەوان ونده‌بێت.
كارمه‌نده‌كه‌ی كه‌ناڵی هونا به‌غدا، وتی “ئه‌وه‌ی له كاكردنی پیشه‌یی به‌ده‌ستم هێناوه ته‌نیا وشه‌ی سوپاسه، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمههیچ سودی نییه، چونكه شایسته داراییه‌كانمان پێناده‌ن”.
*عومه‌ر هیلالی، له به‌شی عه‌ره‌بی ماڵپه‌ڕی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه به‌شداریی ئه‌م راپۆرته‌ی كردووه