وەرگێڕانی: ئالان م نوری
نان، ئازادی دەوڵەتی مەدەنی
ئەمە سەردێڕیکە بۆ ئامانج و شیعار و هاوار و خەونەکانمان…
خولیای ملیۆنەها خەڵکی عێراق و خەڵکی دیکەی وڵاتانی عەرەبە. سەردێڕێکە بۆ پێداویستییە هەرەسەرەکییەکانی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئینسانبوونی خۆی و قوتار بوونی لە برسێتی و بێدەنگی و عەسکارتاریا و دەوڵەتی ئیسلامی سیاسی. ئەمانەش بەربەستە سەرەکییەکانن لە بەردەم بە ئینسانبوونی تاکەکەکان.
وەک خەڵکێکی زۆری دیکە، پشتگیریی بزوتنەوە مەدەنییەکەی عێراقم بە هەرچییەک لە توانامدا بوو کرد. (لێرەدا باس لە بزوتنەوەی چەند ساڵێک پێش راپەڕینی تشرینی 2019 دەکات). بە نووسین و بەیاننامەی سەر فەیسبوک، بەوێنەی خۆپیشاندانم بە تەنها لە لەندەن وەک هێمایەک بۆ هاوشتیی خەڵکی راپەڕیوی پارکی تەحریر لە بەغدا. کە گەڕاشمەوە خۆم هاوێشتە ناو خۆپیشاندەران و هاوخەباتیم بۆیان و پاڵپشتیم بۆ داواکانیان دووپاتکردەوە. لە پارکەکە وتارێکی سەرپێی کورتم خوێندەوە. ئەوەندەم بیرە کە گوتم: ئێمە کەمینەین، بەڵام کەمینەیەکی ئازا و چاونەترسین. هاوڕێکانم هەڵسوڕاوی بزوتنەوەکە بوون. لەگەڵیاندا دەربارەی رووداوەکان گفتوگۆی قووڵمان کرد. هەندێک پێشنیارم بۆیان کرد کە بەلامەوە بەسوود بوون، کورتکراوەیان ئەمە بوو: هەموو بەرفراوانکردنێکی سەرهەڵدان لە بەرژەوەندیی بزوتنەوەکەدایە. چونکە زیاتر دەیچەسپێنێت و دەرگا بۆ عێراقییەکانی دیکە دەکاتەوە بۆ بەشداری کردن، ئەمەش بە مەرجی دوورکەوتنەوە لە بەئایدیۆلۆژی کردنی بزوتنەوەکە و دوور خستنەوەی لە گیانی حیزبایەتی و بە پابەند بوون بە ئاشتیخوازیی بزوتنەوەکە. بەواتایەکی دیکە بە چەسپاندنی عێراقێتیی ئەم سەرهەڵدانە مەدەنییە بە شێوەیەک کە لە پێکهاتە و بۆچوون و ئامانجەکانیدرەنگبداتەوە. جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە هیچ مەرجێک بۆ کەس دانەنرێت کە بیەوێت بێتە ریزی سەرهەڵدانەکەوە، تەنها یەک مەرج نەبێت ئەویش پابەند بوونە بە بیرۆکەی مەدەنییەت و ئامانجی دەوڵەتی مەدەنی و خۆنەدان بەدەستەوەیە لە بەرامبەر فشاری هەر هێز و کوتلە رەوت و میلیشیایەکی ئیسلامی سیاسی.
بەڵام لەگەڵ هاتنە ناوەوەی رەوتی سەدر بۆ ناو بزوتنەکە، مەسەلەکان تێکەڵ و تەمومژاوی بوون. یەکێک لە هاوڕێیانم کە خۆشمدەوێت و رێزی دەگرم، پاساوی بۆ بەشدارپێکردنی رەوتی سەدری بە نموونەیەک هێنایەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە درامای رووداوەکانی عێراقەوە نییە. ئەو پێی وتم لاهوتی رزگاریخوازی هاوشانی بزوتنەوەی ساندینیستا لە نیکاراگوادا رۆڵیا ئەرێنییان هەبوو. وەڵامم دایەوە لەوێ ئەو لاهوتی رزگاریخوازی پاڵپشتێکی چالاک بوو نەک سەرکردەی شۆڕش. سەرەڕای ئەوەش زۆربەی سەرکردەکانیان پاش چەند ساڵێک پاشگەز بوونەوە. ئایا مەعقوولە کەس هەبێت هەڵوێستی لاهوتی رزگاریخوازی ئەمریکای لاتینی پاڵپشتی بزوتنەوەی چەپ و دێمۆکرات بەراورد بکات دەوڵەتی ئیسلامی سیاسی لە عێراقدا، لە بنەما و هۆکاری سەرەکیی داڕمانی عێراقی ئێستان؟ ئەوسا کە رەوتی سەدر تێکەڵ بوون و ئێستاش دەستێکم لەسەر دڵم و دەستی ترم لە دەستی خەباتگێڕانی بزوتنەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندەرانیان بوو. چونکە وەزعەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو. لەبەرامبەر فشارە سیاسی و جەماوەریی نوێی رەوتی سەدر دا بزوتنەوە مەدەنییەکە توانای بەردەوم بوونیان نەما. ناچار بوون لە هەڕەتی بارگرژیی هەنووکەییدا رژانە بڕیار بدەن و توانای بیرکردنەوەی هێوریان نەما. ئەوکاتە کە چەرکەساتەکە هات، بەبێ توانای لێکدانەوەی ئاکامەکانی، ئەو کاتەی خۆپیشاندەران دەرگای ەرلەمانیان شکاند و چوونە ناوەوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەزانم پەرلەمان گەورەترین بنکەی گەندەڵی و تاوانە لە عێراقدا، من ترسم لێ نیشت…سەرەڕای ئەوەی بە گوتەی (هانا ئارندت) چرکەساتی “بەپیتیی چاوەڕوان نەکراو” هاتە پێشەوە، بەڵام ئەو “بەپیتیی”ە تەنها هەڵگری میوەی بەتام نەبوو، بەڵکو هەڵگری دڕک و داڵ و گیای زەهراوی کوشندەش بوو.
بەڵی. ئەوەتا ملیۆنەها ئینسانی عێراقی کە هاوڵاتین لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دونیا، هیچیان نییە بیخۆن (دەزگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا (یونامی) رایگەیاندووە کە هێشتا شەش ملیۆن عێراقی، لە کۆی 33 ملیۆن لە خوار هێلی هەژاری دەژین).
ئازادی؟
بەڵێ. بێ ئازادی ئەوانەی دەربڕینیان لێ قەدەغەکراوە ناتوانن لە گفتوگۆی بەرهەمهێن و پێکدادانی فیکریی کاریگەر دەربارەی نیشتمانەکەیان و چارەنووس منداڵانیان بەشدار بن.
ئازادی، وەک کەشوهەوای خۆش، فەزایەکی ئینسانییە و هەتاویشی بۆ هەموان دەدرەوشێتەوە.
دەوڵەتی مەدەنی؟
کۆمەڵگایەکی هاوچەرخمان دەوێت کە دەوڵەتێک بەڕێوەی بەرێت، نەک دەوڵەتی بارگیر کە حیزب و ئایدیۆلۆژیا سواری ببن. سوپایەکمان دەوێت کە نیشتمان لە دوژمنی دەرەکی بپارێزێت نەک میلیشیای هاوتەریبی دەرەوەی یاسا رۆچووبێتە ناخیەوە بە رادەیەک کە لە دەستیان بێت پەلاماری نەک تەنها سوپای دەوڵەت، بەڵکو هەموو خەڵکی وڵاتیش بدەن.
سەرچاوەی کوردی ناس کورد
ئەم دەقەی لە رۆژنامەی (المدی) لە 16/5/2016 دا بڵاوکردەوە