وەڵام بە وتارێکی سەردار عەزیز بە ناونیشانی “دیاریەکانی کۆمۆنیزم بۆ کوردستان” لە بەشی بیروڕای سایتی ئاوێنە بڵاوبۆتەوە.
گرنگ ئەوەیە بە چ چاویلکەێکەوە سەیری کۆمەڵگا و کۆمۆنیستەکان بکرێت. لە کاتێکدا کۆمۆنیستەکان مانیفێست و ئێدعا نامەیەکیان پێیە کە لە سەدا سەد بڕوای بەوە هەیە کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەوە زیاترە هەتا دیواری خوێندنگا بە سەر خوێندکارا بڕوخێت، بەشێک لە منداڵان لە خوێندن بێ بەش بن، منداڵان لە جیاتی زانست بە خورافات مێشکیان پڕ بکرێت، سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەوە زیاترە هەتا توێژێک لە کۆمەڵگا لە سەر جادە و ناو قەبرستان شەو بکەنە ڕۆژ، توێژێکی تر ناچار بە لەشفرۆی بن. سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەوە زیاترە هەتا پیرەکانمان و خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت ئاواتەخوازی مەرگ بن.
لە ئیدعا نامەی کۆمۆنیستەکاندا ساتوسەودا لە سەر یەکسانی ژن و پیاو ناکرێت، مساومە لە سەر مافەکانی منداڵان هێڵی سوورە و دەخاڵەت لە پەیوەندیە شەخسی و تایبەتیەکانی ئینسان بە هێڵی سور دەزانێت. بەهرەمەند بوون و دەستڕاگەیشتنی یەکسان و بەرابەری ئینسانەکان بەو نیعمەتانەی کە بەرهەمی دەستی خۆیەتی یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانە. ئازادی بێ قەید وشەرتی ڕادەربڕین کە تەنها یەک شت تێیدا مۆقەدەسە، ئەویش ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕینە بۆ هەر تاکێک یان گروپێک.
ئەگەر بە هۆی ئەم ئیدعا نامەیەوە ئێمە بە توندڕەو لە قەڵم دەدرێین، ئەم توندڕەویە جێگای شانازیە.
ئەوەی ساڵانێکەو بە بەردەوامی لە ڕۆشەنبیری سەرلێشێواوی کورد بەدیدەکەین هێرشکردنە سەر کۆمۆنیزم و خستنەڕوی بۆچونی سەیرو سەمەرەیە لەسەر ئەو بنەما فکریەی کە کۆمۆنیستەکان ئایدۆلۆجی گران.
هەر بەو هۆکارەی کەمن پێموانیە کۆمۆنیزم ئایدۆلۆجیگەرایەو وەک ئاین چوارچێوە دراوە بۆیەش پێموانیە کە کۆمۆنیزم تابۆ بێت و چوار چێوە درابێت وە کەس بۆی نەبێت ڕەخنەی لێبگرێت. هەمیشە ڕەخنە گیراوەو ژەهریش ڕژێندراوە. بەڵام ئەوەی کە وایلێکردم کە ئەمجارەیان هەلوێست وەرگرم و وەڵامبدەمەوە هێنانە ئاستی کۆمۆنیستەکانە بۆ ئاستی داعەش ” پێکەوە گرێدانی خواستە یوتوپیاییەکان لەگەڵ واقیعدا مرۆڤی کۆمیونیستی دەکاتە بونەوەرێکی ئاینی عەیار ٢٤ بە ئاستی داعش”.
داعەش وەک ڕەمزێک بۆ ئینسانکوژی و تێکدان، وەک فاشیسترین هێز و مەترسیدارترینیان لە جیهان، ئەو هێزەی کە بە سوتان و کوشتن و برین و لاقەکردنی ژنان و بازرگانیپێکردنیان لە جیهاندا دەناسرێتەوە.
هەر لێرەشدا ناچاردەبم ڕەخنە لە ستافی سایتی ئاوێنە بگرم کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە داعەش و داعەشیزم گەورەترین تۆمەتە لە جیهانی ئەمڕۆماندا کە بخرێتە پاڵ چەند حیزبێکی سیاسی، چەند گروپێک و کەسایەتیەک کە لە کوردستان هەن و بە کۆمۆنیست و چەپ خۆیان دەناسێنن. ئەمە نەک ئازادی ڕادەربڕین نییە بەڵک و کەڵکوەرگرتنە لێی نا ئاگایانە.
دانیمارک یەکێک لەو وڵاتانەی جیهانە کە ئازادی ڕادەربڕین لەوپەریدایە بەڵام سایتێک، ڕۆژنامەیە یان هەر دەزگایەکیتری ڕاگەیاندن بۆیانییە بابەتێک بڵاوکەنەوە کە کەس یان لایەنێک بە ڕاسیست، فاسیست یان هیتلەر ناوببەن. چونکە ئەو ڕەمزانە ڕابردوی باشیان نییەو نوێنەری ئایدۆلۆجیای مەترسیداری جیهانن کە لەسەردەستیان کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردن ڕویداوە، ئەمانە ڕەمزی یەکێک لە تاوانە گەورەکانی مێژون. هەر کەسێک تۆمەتی لەم چەشنە بەکار بهێنێت، دەدرێتە دادگا، لە دادگا یان دەبێ بیسەلمینێت یان حوکمەکەی وەرگرێت. لەلایەکیتر من لام سەیرە دەزگایەکی ناسراوو جێگای متمانەی وەک ئاوێنە، کە خاوەنی چوارچێوەو پڕانسیبی خۆیەتی چۆن ڕێگای داوە تۆمەتێکی وا گەورە لە ڕێگای ئەوانەوە بانگەشی بۆ بکرێت.
بابێمە سەر باسە سەرەکیەکە
نەک تەنها لە کوردستان بەڵک و لە ئاستی جیهانیش زۆر جار گوێمان لە مەتەرسی کۆمۆنیزم دەبێت، بەڵێ منیش دەڵێم کۆمۆنیزم مەترسیدارە!
مەترسیدارە بۆ سەر ئەم نیزام و سیستەمەی کە ئەمڕۆ جیهان بەڕیوەدەبات و لە سایەیدا ڕۆژ بەدوای ڕۆژ برسیەتی، هەژاری، ئاوارەیی و دەربەدەری، بێخانەولانەبونی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش لە زیادبوندایە، مەترسیدارە بۆ ئەم سیستەمە نا یەکسانەی کە تا دێت جیاوازیە چینایەتیەکان گەورەترو بەرفراوانتر دەبن و چەند کەسێک زۆربەی سەرمایەی سەرگۆی زەویان لا کۆدەبێتەوە. مەترسیدارە بەرامبەر ئەم هەموو شەڕو نائارمیەی کە لەپێناوی فرۆشتن و ساغکردنەوەی چەک لە جیهاندا هەڵدەگیرسێندرێت.
کۆمۆنیزم مەترسیە گەورەکەیە بەرامبەر بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری. ڕۆشەنبیرانی سەرلێشێواو ئەوە نابینن کە دواین سیاسەتی ئابوری سەرمایەداری بەناوی لیبڕالیزمی نوێ و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیان بونەتە مایەی چ وەحشیگەریەک لەسەر گۆی زەوی، دیارە ئاگاداری ئەوە نین کە ژمارەی کۆیلەی رەسمی بە دەیان ملیۆنی تێپەڕاندوە، ئاگاداری ئەم هەموو ئینسانە نین لەپێناوی دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچار بە فرۆشتنی ئەندامی لەشیان بونە، با ” ڕۆشەنیرانمان” لە کوردستان زۆر دور نەڕۆن تەنها سەیری جمهوری ئیسلامی ئیران بکەن لە پاڵدەستمان و بزانن ڕۆژانە چەند گورچیلە هەراجدەکرێت. سەیرێکی کوردستان بکەن بزانن چۆن بردنەپێشەوەی سیاسەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان ژیانی خەڵکی گەیاندۆتە چ ئاستێک؟ ئاگادارن لە چەند وڵاتی جیهان هەژاران و منداڵانیان بەهۆی بە خەسخەسەکردن و تایبەتکردنەوە دەستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی ناگات و منداڵنیان لە خوێندن بێبەشن؟ جەنابتان ناشێت غافل بن لەوەی کە ئەم سیستەمە تەنها لە بەرژەوەندی کۆمەڵیک بازرگان و تاجیر هەڵدەسوڕێت و دەستێوەردانی دەوڵەتەکان بە ئیعترافی ئاشکرای خۆیان تەنها لە پیناو بەرژەوەندی وەڵاتەکان خۆیان بەڕێوە دەچێت. بەڵی کۆمۆنیزم مەترسیدارە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی بەربەڕیەتی سەرمایەداری.
کۆمۆنیزم واتا هەڵوەشانەوەی کاری بەکرێ و نەمانی چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان. وە ئەوەش زۆر مەعلومە سەرمایەداران و چاوچنوکان کە خاوەنی هێزو دەسەڵاتن بە دودەستی پێشکەشمانی ناکەن و پیوستی بە شەڕی سەرو ماڵ هەیە، ئەگەر ئەمە توندوتیژیە من شانازی بەم توندوتیژیە دەکەم.
دیارە ئەمڕۆ دۆخی کۆمۆنیست و چینی کریکار هەرچەندە لە گەشەدایە لەچاو ساڵانی رابردوو، بەڵام بەداخەوە هێشتا لەو ئاستە نییە بچێتە ئەو شەڕی کۆتایەو شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بکات لەپێناوی بەدیهێنانی جیهانێکی یەکسان و بێ چەوسانەوە. هەرلاوازی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیشە لە ئاستی جیهان وایکردوە سەرمایەداری چاوچنۆک لە ئاستی جیهان هۆسار پچراو مەرامەکانی بباتە پێش.
ئەو مەترسیداربونەی کە “ڕۆشەنبیرانمان” دەیانەوێت کۆمەڵگای پێ چەواشەبکەن لەکوێوە هاتوە؟
ئەو مەترسیەی جەنابی ڕۆشەنبیران لە کاتی جەنگی سارد و ململانێی دوو زلهێزە گەورەکەی جیهان کە یەکێکایان ئەمریکاو وڵاتانی سەرمایەداری بوون و ئەویتریشیان وڵاتانی پڕۆسۆڤیەتی بوون کە ئەوانیش هەر سەرمایەداری بەڵام سەرمایەداری دەوڵەتی بوون، لە ساڵی ١٩٢٦ بە دواوە، کەلتوری دەسەڵاتخوازی کە پاشماوەی تاکپەرەست و ملهۆڕی دەسەڵتەکانی پێشوی روسیا بوو، بە وەحشیانەترین شێوە ئازادیخوازی و دەسەڵاتی شورایی لول داوە بۆ دوواوە و ئیستبداد و تەکڕەوی جارێکی تر بالیکێشا بە سەر ڕوسیا دا، وەک ئەوەی جەنابی پاشا دابەزی و جەنابی ستالین هەڵبەزی و شۆڕشی لە قاعیدە و پرەنسیبی سویالیستی داتەکاند.
لە ململانێی نێوان ئەم دوو زلهێزە جیهانیەدا ئایدیای کۆمۆنیستی بە مەترسیدار نیشاندراو فرسەتێکی زێڕین بوو بۆ نەیارانی کۆمۆنیزم کە هەوڵبدەن کۆمۆنیزم ڕەش نیشانبدەن و بە درێژایی سەد ساڵ حەربی مەزهەب و ناسیۆنالیزمیان لە دژی کۆمۆنیزم لە دڵی کۆمەڵگا چەقاند، بۆ ئەم مەبەستە دەیان میلیارد پارەیان سەرف کرد.
تاڵەبان و جمهوری ئیسلامی و ئیخوان و دەیان مۆتکەی تر بەرهەمی ئەو هەوڵانە بوون کە دژی کۆمۆنیزم بەڕێخران.
کۆمۆنیزم بەجۆرێک دەبێتە ڕەقیب و شەبەحێکی مەترسیدار، لە ئەمریکای لانکەی دیموکراسی لە سەرەتای ساڵانی پەنجکانەوە قەدەخە کراوەو هەر ئەوکات چەندین ناوداری وەک چارڵی چاپڵن و ئەنشتاین و چەندانی تر بەهۆی بۆچونیان لەم وڵاتە دەرکران. بەڵێ ئەمە دیموکراسیەتەکەیان بوو، بەبێ ئەوەی سەردار عەزیزەکان لە یەک شوێن ئیشارەتی پیبدەن.
سەردار عەزیز باس لە کۆمۆنیستەکانی کوردستان دەکات، کوردستان لە نیوەی سەدەی ڕابردوەوە ئاشنایەتی لە گەڵ چەپو مارکسیستەکان هەیە، ئێمە نمونەی حیزبی شوعی و چەندین گروپیترمان هەیە و بەتایبەتی دووای ڕاپەڕین ڕۆڵی کۆمۆنیستەکان. هەرچی کارو دەسکەوتی جوانی وڵاتی ئێمە هەیە بەرهەمی کارو خەباتی ئەوانە، حیزبی شوعی لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو ژنان دەهێنێتە مەیدان و شەڕی مافو داخوازیەکانیان دەکات، جا بە چ ئەنجامێک گەیشت ئەوە باسێکیترەو دەکرێت لە شوێنی تر باسیبکەین. ئەوان بەرامبەر کۆنەپەرستی و کۆنسەرڤاتیزمی کۆمەڵگا دەوەستانەوە کە ئەوکاتە هێزەکانی کوردایەتی دەستیان پیوەدەگرت هەر وەک ئێستا. لە دوای ڕاپەڕینیش کۆمۆنیستەکان بوون کە بەدژی سەرکوتی ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین وەستانەوە، ئامادە نەبوون سازش لە سەر مافەکانی ژنان و منداڵان و هەموو چینو توێژەکانیتر بکەن، بەڵێ کاک سەرداری بەڕێز، من خۆم لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە بەشێک بوم لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بەشێک بووم لەو بزوتنەوەیە کە تەنها هێزێک بووین لەوکاتەی کوردستان شەری دژی بە ئیسلامیزیەکردنی کۆمەڵگای کوردستانمان دەکرد، تەنها هێزێک بووین کە هۆشدارماندا لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئیسلامی سیاسی و زیندوکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی کە لە کۆتاییدا بە داعش بە لوتکە گەیشت.
بزوتنەوەی کوردایەتی کە سەرەتا بەناوی یەکیەتی و پارتی و دواتر هێزی تریان لەناوخۆیان بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروستکرد بەرەنگاری ئێمە بونەوە ئێمەیان قەتل و عامکردو ڕێگای کاروچالاکیان لێ قەدەخەکردین، ئەوانبوون دەستیان خستە ناو دەستی هێزە کۆنەپەرستەکان.
ئەوە شاڵەکەی حەزرەتی نەجاتدەر بوو کە ئێوە خۆتان ئاوێزان کردبوو و پێداگربوون لە سەر سەوابتی ئیسلامی و پێتان وابوو هەنگوینتان لە کونی دار گوێز دۆزیوەتەوە، ئیشەڵا ئەم بەهارە لە پشت شوشەی سەیارەی جام ڕەشەوە بە خەڵکی ڕەشو ڕوت پێبکەنن.
لەسایەی پۆپۆلیزمی ئێوەو سازشتان، لەپیناوی دەسکەوتو دەسەڵات لەگەڵ هێزە کۆنەپەرستەکان، دۆخی ژنان لە کوردستان ڕۆژ لەدوایڕۆژ خراپتر دەبێت و ژن دەنێردرێنەوە کونجی ماڵەوە، لە کاتێکدا ئێمە قوربانیمان لەپیناو داو خۆشەویسترین هاورێکانمان بونە قوربانی فەتوای مەلاکان دژی بەکۆیلەکردنی ژنان لە کوردستان.
زۆربەی ڕۆشەنبیرانی کوردستان بە هەمان شێوەی حیزبەکانیان بە دەسەڵات و ” ئۆپۆزسیۆنەوە” لە کوردستان سەریزمانو بنیزمانیان ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایە رۆڵ و هەلوێستی ئەوان لەم دۆخەدا، کە ئامانج تێیدا بێهێزکردنی ئیرادەی خەڵک و ڕۆڵیانە لە بەڕیوەبردنی خۆیان و پەڕلەمانی گاڵتەجاڕیان کردۆتە ڕێگا چارە!
لەبیریانچوە کە هۆکاری سەرەکی دروستبونی داعەش ئەم دۆخە بوو کە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەسەر عیراقیداهێنا، و خەڵکی عیراقی پارچە پارچەکردو بەناوی ئیتنیک و نەتەوەو مەزهەب جیایکردنەوەو کەمینەو زۆرینەی کردە مەرج نەک ئینسانبون، ئەم سیاسەتەش دۆخێی کەمینەکان لەوانە هاووڵاتیە سونە عەرەب زمانەکان، مەسێحیەکان، تورکمەنەکان و ….. خراپتر بوو و زۆربەی کەمینەکان پەراوێز خران و بێبەشکران و ژیانیان درا دەست مۆقەدراتی زۆرینەوە، بەم شێوەیە بەشێک لە خەڵکی عێراق ڕوبەڕوی چارەڕەشی و برسیەتی و بێکاری بونەوە و بوە زەمینەیەک کە داعەش تێیدا گەشەبکات.
ڕۆشەنبیرانی پۆستمۆدێرنزمی بۆرجوازی و سەردار عەزیزەکان کە ئەمریکایان لێبۆتە ڕزگارکەری دۆخی ئیستای کوردستان و ناوچەکەو چاویان لەدەمی بەرەکەتی ئەوانە بۆ قسەیەکی خێرو پشتگیری ئەوان و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک، بەڵێ ئەو ئەمریکایەی کە لە کۆتایی بیستەکانەوە سەرمایەیەکی مرۆیی و مادی زۆریان سەرفکردوە بۆ ڕاستکردنەوەی جانەوەرەکان و بەکتریا کوشندەکان بۆ کۆمەڵگا بەرامبەر کۆمۆنیزم دەکرێت لەوە زیاتریان لێ چاوەڕوانبکرێت؟ دەکرێت ئاسایی بێت دانی خێر بە کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمدا بنێن؟
لە کۆتاییدا ماوەتەوە ئەوە بڵێم کە دەسەڵات لای کۆمۆنیستەکان نە دەسەڵاتی حیزبی و نە گاڵتەجاڕی پەڕلەمانە، بەڵک و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵک و خۆبەڕێوەبردنیانە لە شوڕاکان.