ناوەڕۆکی حیواری شانۆکەی (گرووپی هونەری ئەستێرەکان) کە لە کەلار نمایشکرا، ئەگەر وەک نمایشێکی شانۆیی لە ناوچەیەکی دیاریکراو تازە بێت، بەڵام وەک تێکست، بابەتێکی تازە نییە. لەو گرتەیەی بڵاو کراوەتەوە لە حیوارەکەدا: ناوەرۆکەکەی ڕەتکردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییە، لەسەر بنەمایەکی ئاینی و تایفی. بەمانایەکی تر، ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی باری کەسێتییە بە پێوەری شەریعەتێکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی تەنیا (فقهە)دا، لە هەمان کاتدا داوای سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی چوارچێوی باری کەسی و ئەو پەیوەندییەیە لەسەر بنەمای مەدەنی و چەمکی هاووڵاتی بوون .
ئەم ڕەتکردنەوەیە، پەیوەندیدارە بە دیدگایەکی جیاواز بۆ ژیان و بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان نێر و مێ و دامەزراوەی خێزان و باری کەسێتی، کە سەرچاوەکەی بریتییە لە دیدێکی سیکۆلار و پێویستی حکومڕانییەکی بێلایەن لە پەیوەست بە ئاینییەکان .
هەرێمی کوردستان ناتوانێت دابڕاو بێت لە مێژووی مرۆڤایەتی و گۆڕانکارییەکانی، بەردەوامی ئەم دۆخە ناتوانرێت تا سەر بێت بە بیانووی پیرۆزی تێکست و فۆرمێکی نەگۆڕ و دیاریکراوی سەپێنراو، لە چوارچێوەی بیرکردنەوەی ڕەهاو و بنەماکانی دەوڵەتی خەلافەت .
ئەمڕۆ نوخبەیەک لە لایەن و پیاوانی ئاینی پەیدابوونە، تەماعی زیاتر کۆرنترۆڵکردن و تەدەخولکردنی ورد و درشتی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکیان هەیە، هەر کاتێکیش ڕێگری لەو تەماعە بکرێت بە سوکایەتی کردن بە پیرۆزییەکانی ئاین و نیشتمان تۆمەتبارمان دەکەن .
بیانووەکان هەرچییەک بن و لەژێر هەر ناوێکدا بێت، ناتوانرێت مێژوو بوەسترێنرێت و ڕێگری بکرێت لە تێگەیشتنی تازە بۆ سەر لەنوێ ڕێکخستنەوەی ژیان.
ئەوەی تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە لە وڵاتانی ئیسلامی لە ڕێگای هێز و داپلۆسین و شەرعیەتی مێگەلگەراییەوەیە، لە ژێر ناوی پاراستنی تێکستی پیرۆز و عادات و تەقالید لە چوارچێوەی مێنتالیەتی خێڵەکی. هەر بۆیە بچووکترین ڕەخنە و دیدێکی تر، تووشی لەرز و تایان دەکات .
بەشێکی تری حیواری شانۆکە، پەیوەندیدارە بە تەوقیتی ئێستاوە، وەڵامدانەوەی هەندێک لە پیاوانی ئاینییە، کە بەناوی مامۆستای ئاینی و لە ڕێگای ئاینەوە ڕۆژانە هێرش و سوکایەتی هەر جارەی بە توێژ و ڕەگەزێک دەکەن .
ئەوەی ڕوودەدات، بەشێکە لە بوونی دوو پرۆژەی جیاواز بۆ ژیان، پرۆژەیەک بۆ هێنانەکاییەی حکومڕانی، دەوڵەتێکی مەدەنی سیکۆلارە، ئەوەی تریان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامی .
لە تێپەڕین بە قۆناغی گواستنەوەدا، ئەگەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بە ئاراستەی پاش و پێشەوە ئەگەرێکی کراوەیە. هەر بۆیە لەناو یەک هێزی سیاسییش، بە وانەی لە دەسەڵاتیشەوەن، ناکۆکی و جیاوازی هەیە، وەک ئەوەی لە ساڵی 2008 لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بینیمان .
هەنگاونان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، کارێکی ئاسان نییە لە کۆمەڵگایەکی نەریتی و ئاینی و خێڵەکیدا، لە کاتێکدا ڕۆڵی بەشێکی زۆری هێزە سیاسییە بەناو علمانییەکان تەنیا لە گەیشتن بە پەرلەمان و شەڕی پێگەی سیاسی بۆ بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی، بچووک بۆتەوە. لەوەها دۆخێکدا ئەوان پێش ئەوەی خەمی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییان هەبێت، خەمی ڕازی کردنی پیاوانی ئاینی و دیوەخانەکانی خێڵیان هەیە، لە چوارچێوەی بەدەستهێنانی شەرعیەتی مێگەڵ.
لەم ناوچەیە پێویستی چاکسازی ئاینی لە چوارچێوەی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا چیتر دواکەوتن هەڵناگرێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت لە هێرشی پیاوانی ئاینی بۆ سەر ماف و ئازادییەکان و بەکارهێنانی ئاین بۆ مەرامی سیاسی، کە دەوڵەتی خەلافەی ئیسلانی (داعش) دواین مۆدێل بوو، زۆر نزیکە لە دۆخی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا. کاتێک چاکسازی لە کەنیسەی کاتۆلیک دەستپێکرا، تووشی کێشەگەلی خراپ کەڵک وەرگرتنی مادی و مەعنەوی و ئاینی ببوو. ڕۆڵی کەنیسە لە هەموو کاروبارە گرنگەکاندا هەبوو، بڕیاری کۆتایی لای ئەو بوو، پاشاکانیش دەبوو گوێڕایەڵی فەرمانەکانی کەنیسە و پاپا بوونایە، یەکێک لە توندترین سزاکان تەکفیر بوو، لە ئەنجامی بونی مافی قەزایی کەنیسە. ڕەنگە ئەوان لێرە ڕاستەوخۆ مافی بوونی قەزاییان نەبێت، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ وەک ئەوەی لە گەرمیان ڕوویدا قەزا یان دەسەڵاتی ئیداری، هەڵوێستەکانیان بە فرمانی قەزایی وەردەگرن .
هیوا عومەر