و. پێشڕەو محەمەد
ساڵی 1898 كە ڕۆزا لۆكسمبۆرگ، سۆسیالیستی بەڕەچەڵەك پۆڵەندی، بەیەكجاریی ڕۆیشتە ئەڵمانیا، ئەم وڵاتە ناوەندی ئایدیای سۆسیالیستیی و لانكەى گەورەترین پارتی سۆسیالیستیی جیهان بوو: پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا (ئێس. پی. دی). بەڵام لەناوەوەى حزبەكەدا مشتومڕ و جەدەلی توند هەبوو.
لەلایەكەوە شۆڕشگێڕان هەبوون، ئەو ماركسیستانەى پێیانوابوو سۆسیالیزم تەنها لەڕێگای خۆڕزگاركردنی چینی كرێكارەوە بەدیدێت؛ و لەلایەكی دیكەوە، ڕیفۆرمیستەكان یان ڕیڤزیۆنیستەكان هەبوون، كە بانگەشەى ئەوەیان دەكرد سەرمایەداریی بە قۆناغێك گەیشتووە خواستی شۆڕشگێڕیی دژی سیستەمەكە چیتر زەروور نییە و لە بەرانبەردا لەڕێگای پیادەكردن و جێبەجێكردنی گەلێك ڕیفۆرمی گونجاوەوە – مافە دیموكراتییەكان و بەرنامەكانی خۆشگوزەرانیی كۆمەڵایەتیی زیاتر – سۆسیالیزم بەدرێژایی زەمەن و وردە وردە دەتوانرێت بەدیبهێنرێت.
ڕیڤزیۆنیستەكان بەڕابەرایەتیی ئێدوارد بێرنشتاین، سۆسیالیستی دیاری ئەڵمانیی، خەریك بوو مەیدانەكە داگیر بكەن. ئەم مشتومڕە، جەدەلێكی تازە نەبوو بۆ بزووتنەوەى سۆسیالیستیی. هەندێك لە ڕووخسارە سۆسیالیستەكانی سەرەتا وەك فێردینان لاسالیش بانگەشەى ئەوەیان دەكرد دەكرێت لەڕێگای پەرلەمانەوە سۆسیالیزم بەدیبێت.
ساڵی 1878، ئۆتۆ فۆن بیسمارك، ڕاوێژكاری گشتیی ئەڵمانیا، چەند یاسایەكی دەركرد كە بە “یاسا دژە سۆسیالیستییەكان” ناسرابوون. لە ئەنجامی ئەم یاسایانەدا هەزاران كەس زیندانیی كران و دوورخرانەوە. ڕۆژنامە سۆسیالیستییەكان داخران و هەموو چالاكییە سیاسییەكان وەك بژاردە نایاساییەكان ڕاگەیەنران. بەدرێژایی ئەم قۆناغە پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا خۆی وەك پارتێكی شۆڕشگێڕ ڕاگەیاند و ڕێگا و میتۆدی پەرلەمانیی بۆ بەدیهاتنی سۆسیالیزمی ڕەتكردەوە.
پلاتفۆرمی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا، زمانحاڵی خەم و كەڵكەڵە و كێشەكانی چینی كرێكاری شاریی ئەڵمانیا بوو. لەم ڕووەوە بوو بەشداریكردنی حزب لە دەنگدان، لە 312 هەزار لە ساڵی 1881، گەیشتە زیاتر لە 1.4 ملیۆن كەس لە ساڵی 1890. لە ساڵی 1890دا، “یاسا دژە سۆسیالیستییەكان” لابران و ئەمەش شەپۆلێكی مانگرتن و خەباتە سەندیكایی و یەكێتییەكانی بەدوادا هات.
ڕابەرانی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا لە ترسی ئەوەى نەك ئەم مانگرتنانە ببنە هۆى سەرهەڵدانی ترس و “دڵەڕاوكێ”ی ئەندامانی موحافەزەكار، یان لەترسی ئەوەى نەك دووبارە سەركوت بگەڕێتەوە، بەجۆرێك ڕەهەندە شۆڕشگێڕترەكەى بەرنامەى خۆیان لابرد. بۆیە لە كۆنگرەى 1890ی ئێرفورت، بەرنامەى حزب وێڕای ئەوەى ماركسیزم و لەناوبردنی سەرمایەداریی وەك بیركردنەوەى “ڕەسمیی” حزب لەخۆیدا جێدەكاتەوە و دەیگونجێنێت، كەچی لەهەمانكاتدا داوای وەزیفە پراكتیكییەكانی دەكرد گونجاو بێت لەگەڵ قۆناغێكدا كە هێشتا شۆڕش لە بەرنامە و ئەجێندای خێرادا نەبێت [واتا مەسەلەى شۆڕش دوورمەودا بێت و بەداهاتوو بسپێردرێت-وەرگێڕ].
كەمپینی ئۆپۆزیسیۆنی حزب دژی حكومەت، هەڵكشانی دەنگی هەڵبژاردنەكانی بۆ هێنا. بەڵام لەناوەوەى حزبدا درز و بۆشایی دەربارەى پرس و كێشەیەك دروست ببوو: ئەم ئۆپۆزیسیۆنە دەبێت تا كوێ پێشڕەوی بكات؟
لەنێوان ساڵانی 1896 و 1898دا، بێرنشتاین زنجیرە وتارێكی دەربارەى “كێشەكانی سۆسیالیزم” و پاشان كتێبێكیشی بڵاوكردەوە. وەڵامی سەرتاپایی ڕۆزا لۆكسمبۆرگ لە نامیلكەیەكدا بەناوی “ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتیی یان شۆڕش” لە ساڵی 1908 چاپكرا.
لۆكسمبۆرگ لە یەكەم پەرەگرافی كتێبەكەیدا، وەڵامێكی جەرگبڕی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە ئەو خەریكە دوو كاتیگۆریی شۆڕش و ڕیفۆرم لەبەرانبەر یەك دادەنێت: ” ئایا دهکرێت شۆڕشی کۆمهڵایهتی یان گۆڕینی سیستهمی باڵادهست –که ئامانجی کۆتاییمانه- دژی ڕیفۆرمی کۆمهڵایهتیی بێت؟ بێگومان نهخێر”.
“خهباتی رۆژانه لهپێناو ڕیفۆرم و باشکردنی بارودۆخی کرێکاران له چوارچێوهی نهزمی کۆمهڵایهتی باڵادهستدا و بۆ سهقامگیرکردنی دامودهزگا دیموکراسییهکان، تاکه ڕێگهی سۆسیال دیموکراسییه لهپێناو چوونهنێو خهباتی چینایهتیی پرۆلیتاریاوه بهئاڕاستهی ئامانجی کۆتایی: بهدهستهوهگرتنی دهسهڵاتی سیاسی و ههڵوهشاندنهوهی سیستهمی کاری کرێ. سۆسیال دیموکراسیی پێیوایه پهیوهندییهکی دانهبڕاو ههیه لهنێوان ڕیفۆرمه کۆمهڵایهتییهکان و شۆڕشدا، خهبات لهپێناو ڕیفۆرمدا، پردێکه بۆ سۆسیال دیموکراسیی و شۆڕشی کۆمهڵایهتی ئامانجهکهیهتی” [تێبینیی: هەموو ئیقتیباسەكان لە وەرگێڕانە كوردییەكەى كتێبەكە وەرگیراون].
لەڕاستیدا ئەوە بێرنشتاین بوو ئەم دوو كاتیگۆرییەى دژی یەكتری دانابوو: “ئامانجی كۆتایی سۆسیالیزم هەرچییەك بێت هیچ مانایەكی بۆ من نییە؛ ئەوە بزووتنەوەكەیە هەموو شتێكە”. بێرنشتاین كە دەوروبەر و زەمانەكەى خۆى وەك قۆناغێكی گەشەى سەرمایەداریی و سەركەوتنی كرێكاران لە گەیشتن بە ڕیفۆرمە گەورەترەكاندا دەبینی، گوتی سەرمایەداریی گەلێك میكانیزمی نوێی (وەك یەكێتییە كرێكارییەكان و ڕیفۆرمەكانی هەڵبژاردن و مافەكان)ی هێناوەتە ئاراوە و ئەمانەش ڕێگا بۆ گەشەى وردە وردەى كۆمەڵگا بەرەو سۆسیالیزم خۆش دەكەن.
لۆكسمبۆرگ دەستیكرد بە تەحەداكردنی بانگەشەكانی بێرنشتاین و گوتی ئەگەر بێرنشتاین پێیوایە سۆسیالیزم لەڕێگای ڕیفۆرمەوە دەتوانێت بێتە بوونەوە، كەواتە ئەو بەجۆرێك لە خەیاڵپڵاوێكیش ئەولاترە. لۆكسمبۆرگ دەڵێت هەروەك شارل فۆریە، سۆسیالیستی یۆتۆپیی فەڕەنسیی “پڕۆژەیەكی هەبوو تا لەڕێگای دامەزراندنی سیستەمێكی فالانستەرەكان، ئاوی هەموو دەریاكان بگۆڕێت بۆ شەرابێكی خۆش”، بێرنشتاینیش کاتێک پێشنیاری گۆڕینی ئاوی تاڵ و تفتی دهریای سهرمایهداری دهکات بۆ ئاوێکی شیرین و بهچێژی سۆسیالیزم – به وردهورده تێکردنی چهند بوتڵێک له لیمۆنادی سۆسیال ڕیفۆرم- ڕاسته بیرۆکهیهکی بێکهڵک و بێتامه، بهڵام زیاتر لهوهش خهیاڵییه.
ڕوونكردنەوەكانی لۆكسمبۆرگ دەربارەى ڕۆڵی یەكێتییەكان و هەڵبژاردنەكان و خەبات بۆ ڕیفۆرمەكان – و چاندنی تۆوەكانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە – وێڕای تێپەڕینی 100 ساڵ هێشتا و هێشتاش هەر تازەن و بابەتی ئەمڕۆن. گرنگیی یەكێتییەكان لەڕوانگەى ئەوەوە لەوەدابوو یەكێتیی، ئەنجوومەنێكە كرێكاران تیایدا كۆدەبنەوە و تێدەگەن بەشێكن لە تاقانە چینێكن و لەمیانەى خەبات بۆ ڕیفۆرمەكانەوە لە دەسەڵاتی چینایەتیی خۆیان تێدەگەن.
كرێكاران نەك تەنها لە توانای خۆیان تێدەگەن بۆ ڕیفۆرم، بەڵكو لە هەمانكاتدا سنوورەكانی ئەم ڕیفۆرمانە و پێویستیی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتیش لە پراكتیكدا دەبینن. لۆكسمبۆرگ خەباتی یەكێتییەكانی بە كاری تاقەتپڕوكێنی كەسایەتیی ئەفسانەیی “سیزیف” چواند كە مەحكوم كرابوو بەوەى بەردەوام بەردێكی گەورە بباتە لوتكەى كێوەكە و دووبارە و دووبارە بەردەكە خلۆر ببێتەوە و ئەویش ئەم كارە ئەنجام بداتەوە. هەر ئەم قسەیە ڕاستە بۆ ئەو ڕیفۆرمانەى لە سندوقی دەنگدانەوە سەریانهەڵدانەوە.
بێرنشتاین و ڕیڤزیۆنیستەكان بە گوتنی ئەوەى یەكێتییەكان یان ڕیفۆرمە هەڵبژاردنەكان بۆ گەیشتن بەجۆرێكی سۆسیالیزم كافین، گرنگیی خەبات بۆ بەدیهێنانی ڕیفۆرمەكان فەرامۆش دەكەن. لەڕوانگەى ئەوانەوە یەكێتییەكان ئامرازێك بوون بۆ دامركاندنەوەى ناكۆكییە ناوەكییەكانی سەرمایەداریی نێوان كرێكاران و خاوەنكاران.
لەكاتێكدا بۆ سۆسیالیستەكان، یەكێتیی ئامرازێكە بەهۆیەوە دەكرێت ناكۆكیی نێوان كرێكاران و سەرمایەداران ئاشكرا و بەڕێكخراوەیی بكرێت.
حەقیقەت ئەوەیە خەبات بۆ ڕیفۆرم، بەگوێرەى جەوهەری خۆى، دژەهێرشێكە بۆسەر هێرشەكانی سیستەمی قازانج نەك خودی سیستەمی قازانج.
لۆكسمبۆرگ لە كۆتاییدا ئەمجۆرە كۆبەندییە دەكات كە بێرنشتاین تەنها خوازیاری ڕەوتێكی “واقیعبینانەتر” نییە بەرەو سۆسیالیزم، بەڵكو ئاسۆی سۆسیالیزمی فڕێداوەتە كەنارێكەوە: “ئەو كەسەى بەرگریی لە میتۆدی ڕیفۆرمی یاسایی بەرانبەر و لەبری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و شۆڕشی كۆمەڵایەتی دەكات، لەڕاستیدا ڕێگایەكی ئارامتر، دڵنیاتر و هێواشتر بەرەو هەمان ئامانج (شۆڕش) ناگرێتەبەر. ئەو ئامانجێكیجیاواز هەڵدەبژێرێت. هەڵوێستی ئەو لەبری بەرگریكردن لە دامەزراندنی نەزمێكی نوێی كۆمەڵایەتی، بریتییە لە گۆڕانی ڕووكەشانەی نەزمی كۆن”.
لێرەدا وەك لۆكسمبۆرگ دەڵێت:
“بەرنامەكەمان نەك بەدیهێنانی سۆسیالیزم، بەڵكو چاكسازیی سەرمایەداریی دەبێت؛ نەك ڕەتكردنەوەى كاری بەكرێ، بەڵكو كەمكردنەوەى چەوساندنەوە دەبێت،واتا ڕێگریكردن لە ئیستغلالەكانی سیستەمی سەرمایەداریی لەجیاتی ڕێگریكردن لە سەرمایەداریی خۆی”.
لۆكسمبۆرگ لەبری ئەوەى لە گرنگیی خەبات بۆ ڕیفۆرم كەم بكاتەوە، گوتی ئەم خەباتانە سەنتراڵ و سەرەكیین: “لە یەك وشەدا دیموكراسیی پێویستە، نەك لەو ڕووەوە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن پرۆلیتاریاوە وەك شتێكی زیادە دەبینێت، بەڵكو لەو ڕووەوە ئەم بەدەستەوەگرتنەى دەسەڵات هەم زەروور و هەم مومكین دەكات”.
ئەمڕۆ لەو خەباتانەى سۆسیالیستەكان تیایدا دەستوپەنجەى لەگەڵدا نەرم دەكەن، ڕووبەڕووی كەسانێك دەبینەوە دەستەویەخەن لەگەڵ پرسیارێكدا: چجۆرە گۆڕانێك یان ئاڵوگۆڕێك پێویستە؟ دوو لوغزی بەهێز لەڕیزی سۆسیالیستەكاندا هەیە: یەكەم، لەبەرچاونەگرتنی دەرفەتە هەنوكەییەكان و دووەم، بەڕەسمیی ناسینی ئەم دەرفەتانە بەبێ هەوڵبدان بۆ بەكارهێنان و سوودلێوەرگرتنیان.
مەترسیی یەكەم بە خۆبەدوورگرتن لە خەبات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی سنووردار و جوزئی لەبەرژەوەندیی كرێكاران، بەتەواوی لە بەهای ڕیفۆرمەكان كەم دەكاتەوە. ئەگەر سۆسیالیستەكان خۆیان لەو پرس و مەسەلانە جیابكەنەوە كە خەڵك خەریكن خەباتیان بۆ دەكەن، لەم كاتەدا ئەوا سۆسیالیستەكان دەكەونە پەراوێزەكانی بزووتنەوەكەوە و بیروباوەڕەكانیان وەك شتێكی دەستلێنەدراو دەمێنێتەوە و كەمترین كاریگەرییان لەسەر یەكتر دەبێت.
لەلایەكی دیكەوە، ئەگەر سۆسیالیستەكان خۆیان بخەنە وەسەتی خەبات بۆ ڕیفۆرمەوە، بەبێ ئەوەى بیریان لە هەنگاوی دواتر كردبێتەوە و بزانن ئەرگومێنت و بەڵگاندنی دواتریان دەبێـ چی بێت، تا ئەوانیدیكە بیر لەوە نەكەنەوە داهاتوو تەنها درێژەى هەمان ئەو ڕیفۆرمانەیە، ئەوا ئەم مەترسییە خۆى بۆ مەڵاس داون كە هەرگیز نەتوانن قەناعەت بەهیچ كەسێك بهێنن بۆ ڕزگاربوون لە ئەهریمەنی سەرمایەداریی. ئەم مەترسییە لەئارادایە وەك بێرنشتاین باوەڕ بەوە بهێنن، “بزووتنەوەكە، هەموو شتێكە”.
بەڵام ئەو بابەتە سەرەكییەى زۆر دواتر ڕۆزا لۆكسمبۆرگ پێیگەیشت، ڕۆڵی ڕێكخراوێكی شۆڕشگێڕیی سۆسیالیستیی بوو لە قەناعەتپێكردنی ئەوانیدیكە بە هاتنەپاڵ خەباتەوە بۆ جیهانێكی سۆسیالیستیی.
ئەم كتێبەی ڕۆزا لۆكسمبۆرگ بەناوی ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتیی یان شۆڕش لەلایەن كارزان عەزیز، بابان ئەنوەر و پێشڕەو محەمەد كراوە بەكوردیی و لەكتێبخانەكانی كوردستان دەستدەكەوێت
سەرچاوە:
لە وێب سایتی سۆسیالیست وۆركەی ئەمریکاوە وەرگیراوە.