کەناڵی CNNی ئەمریکیی، کە لە ساڵی ١٩٨٠وە لە ئەمریکا دامەزراوە، پێگە و کاریگەرییەکەی لە سەرۆکی وڵاتەکەیان بەھێزتر و کاریگەرترە.
سەرۆکی وڵات لە ئەمریکادا، چوار ساڵ دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و لە باشترین حاڵەت دا، ئەو چوار ساڵەی بە دەنگی دەنگدەرانی ئەمریکیی، بۆ چوار ساڵی دیکە بۆ درێژدەکرێتەوە و ئەوپەڕی ھەشت ساڵ لە پۆستەکەی دا دەمێنێتەوە، بەڵام CNN، کە ٣٨ ساڵە دامەزراوە و لە ماڵی زۆربەی ھاوڵاتیانی ئەمریکیی دا ھەیە و یەکێکیشە لە ھەرە دامەزراوە میدیاییە زەبەلاحەکان، رۆڵی گرنگ و کاریگەری ھەیە لە ئاڕاستەکردنی رایگشتیی ئەمریکیی دا.
دوێنێ (٧/ ١١/ ٢٠١٨)، “دۆناڵد ترەمپ” سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەگەڵ “جیم ئاکۆستا”، پەیامنێری کەناڵەکە بۆ روماڵکردنی چالاکیە رۆژنامەنوسییەکانی سەرۆک لە “کۆشکی سپی”، روبەروی گرژیی و مشتوەمڕی توند بونەوە، کە سەرەنجام “ترەمپ” رایگەیاند: “شورەییە بۆ دامەزراوەیەکی میدیایی وەکو CNN، ناوبراو پەیامنێری بێت”.
ھەرچییەک و ھەرچۆنێک بێت، دەبێت لە پرسێکی لەمجۆرەدا، پشتیوانی لە رۆژنامەنوسەکە بکەین، کە ئەو تەنھا لە پێگەی پرسیارکردن دایە و پرسیارکردنیش ئەرکی ھەر میدیاکارێکە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ “جیم ئاکۆستا”، ویستویەتی لە “کۆشکی سپی” بچێتە ژورەوە بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی لە کۆشکی ناوبراوەوە پێشکەشبکات، بەڵام رێگایان پێنەداوە بچێتە ژورەوە و باجی چونە ژورەوەی ناوبراویان بۆ نێو “کۆشکی سپی” ھەڵپەساردوە.
بەکورتی، وەکو میدیاکارێک، رای خۆم لەمبارەیەوە دەخەمەڕو:
١- ئەم روداوە ئەگەر لە ھەر وڵاتێک دا روبدات، کە رێزی مافی ئازادیی رۆژنامەنوسیی تێدا نەبێت و سادەترین بنەمای دیموکراسی تێدا نەبێت، نەک باجی ئەو رۆژنامەنوسە ھەڵدەپەسێردرێت، بەڵکو ھەڕەشەی گەورەش بۆ سەر ژیانی رۆژنامەنوسەکە دروستدەبێت، تا رادەی مەرگ.
٢- خاڵی سەرەوە، مانای ئەوە ناگەیەنێت “ترەمپ”، سەرۆکێکی دیموکراسیخوازە، بەڵکو مانای وایە ئەمریکا وڵاتێکی دیموکراسییە و توندترین سزایەک کە تەنانەت ئەگەر بەھۆی مشتومڕی توندی رۆژنامەنوسێکیشیانەوە بێت لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەیان دا، ئەوا لە خراپترین و توندترین سزادا، بۆ ماوەیەک باجی رۆژنامەنوسەکە بۆ چونە نێو “کۆشکی سپی” ھەڵدەپەسێردێت. ھەرچەندە “سارا ساندەرز”، وتەبێژی “کۆشکی سپی”، لەسەر ئەم باج ھەڵپەساردنەی ئەم رۆژنامەنوسەی CNN، ھۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە: رۆژنامەنوسەکە دەستی لە کارمەندێکی “کۆشکی سپی” داوە، کە ھەوڵیداوە مایکرۆفۆنەکەی لێ وەربگرێت، نەک ھۆکارەکەی ئەو پرسیار و گرژیی و مشتومڕەبوبێت، کە لە نێوان سەرۆک و رۆژنامەنوسەکەدا رویداوە.
٣- رونکردنەوەی “کۆشکی سپی” لەسەر ئاستی وتەبێژەکەیان، بەرانبەر بە “تویت”ێکی پەیامنێرێکی CNN، ھەم حسابکردنە بۆ پێگە و کاریگەریی کەناڵەکە، ھەروەھا حسابکردنیشە بۆ بەھێندوەرگرتنی ئازادیی رۆژنامەنوسیی لە ئەمریکا.
٤- ئەم سەرۆکەی ئێستای ئەمریکا، چەند بە سەرۆکێکی توند بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان ھەژماربکرێت، لە خراپترین و توندترین حاڵەت دا، تەنھا گلەیی و رای خۆی دەردەبڕیت و دەڵێت “تۆ شورەییت بۆ کەناڵەکەت” (ئەم دەربڕینەش، مافێکی ئاسایی ھەر ھاوڵاتییەکە و سەرۆکیش وەکو ھاوڵاتییەک ئەم مافەی ھەیە و ھیچ شورەیی تێدا نییە)، بێئەوەی دەسەڵاتی ھیچ سزایەکی بەسەر رۆژنامەنوسەکەدا ھەبێت، یان تەنانەت سکاڵای لە دژ تۆماربکات، یاخود وەک سەرۆکە دیکتاتۆرە پلە حەوتەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، سەرنگومی بکات، یان لە زیندان دا توندی بکات!
٥- ئەوەی ئەو دۆخەی لە ئەمریکادا دروستکردوە، نە “”ترەمپ” و نە “جۆرج واشنتۆن”ی یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا و نە ٤٤ سەرۆکەکەی پێشوی ئەمریکایە، بەڵکو ئەوە گەلی ئەمریکیی و دواتریش دەستوری ئەمریکیی و ئینجا میدیای ئەمریکییە، کە ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بەرانبەر بە میدیا پێشێلکاریی بکات و بەزاندنی ئازادیی کاری میدیایی و میداکاران، ھێڵی سورە، وەکچۆن لە پاشکۆی دەستوری ئەمریکیی دا لە ساڵی ١٧٩١دا، جەختی لەسەر کراوەتەوە و بەزاندنی ئەم ئازادییە، وەکو “ھێڵی سور” دانراوە و دوای زیاتر لە ٢٧ جار چاککاریی لە دەستوری ئەو وڵاتەدا، نەتوانراوە وشەیەکی ئەو ئازادییە سنورداربکرێت.
٦- ئەرکی رۆژنامەنوس پرسیارکردنە، بەڵام رۆژنامەنوسیش بۆی نییە ھەمو پرسیارێک بکات، یان لانیکەم دەبێت لەکاتی کۆنفڕانسی رۆژنامەنوسیی دا، بایی ھێندە دەرفەت بۆ میدیاکارە ھاوپیشەکانی دیکەیشی بڕەخسێنێت و زۆرترین پرسیار نەکات، وەک ئەوەی لە پرسیارە یەکلەدوای یەکەکانی ئەو رۆژنامەنوسەدا بەرانبەر بە “ترەمپ” بینیمان.
٧- من لایەنگری رۆژنامەنوسم لە ھەر کوێیەک بێت، بەڵام دەبێت بە رێزەوە لەو ئازادیی و دیموکراسییەیش بڕوانرێت، کە گەلی ئەمریکیی بۆ ئازادیی میدیای دروستکردوە و سەرۆکەکانیشیان جورئەتی ئەوە ناکەن بیبەزێنن.