وەرگێڕانی جەلال دەباغ
خانەی بڵاوکردنەوەی (omagate) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووەمین کۆمەڵە چیرۆکی خاتو (ئیلهام حسەین)ی بڵاوکردەوە بەناونیشانی “شەمەندەفەری مردن”. کە ئەمە دووەمین کۆمەڵە چیرۆکە دوای کۆمەڵەی” کڵپەی توڕەیی” کە خانەی ئەلڕەوادی گەشەسەندو لە بەغدا بڵاوی کردەوە. ئەم کۆمەڵەیەی دوایی دە کورتە چیرۆکی لەخۆگرتووە کە باسی کوێرەوەرییەکانی گەلی عێراق دەکەن لە سێبەری فەرمانڕەوایی حیزبی بەعسدا، دوای کۆدەتا پڕلە شەرمەزارییەکەیان لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا. نووسەرەکە ئەم کۆمەڵە چیرۆکەی بە چیرۆکێک دەربارەی رووداوە ناسراوەکەی “شەمەندەفەری مردن”ی تەموزی ساڵی١٩٦٣ کۆتایی پێهێناوە.
نووسەر لە سەرەتادا سوپاسی دوکتۆرو هونەرمەندی کۆچکردو رافید ئەدیب بابان دەکات کە یەکێکبوو لە قوربانیەکانی “شەمەندەفەری مردن” سەبارەت بەو سروشەی بۆتە هۆی نووسینی ئەم کتێبەو لەسەر ئازایەتی و رۆڵی مرۆڤپەروەرانەی دەگمەنی دکتۆر رافید لە رزگارکردنی یەکێک لە گیراوەکانی ناو شەمەندەفەری مردن.
نووسەر بەرگی کتێبەکەی بە یەکێک لە تابلۆیەکانی رافید ئەدیب بابانی هۆنەرمەند رازاندۆتەوە کە لەکاتی بەندکردنەکەیدا لە”نوگرە سەلمان” دوای کودەتای ١٩٦٣ی بەعس کێشاویەتی. هەروا نووسەرەکە سوپاسی نووسەرو رۆژنامەنووسی عێراق ئیبراهیم حەریری کردووە بۆ ئەو کۆششە بەنرخەی لە چاوگێڕانەوە بەکتێبەکەیداو هیوای بەرهەمی زیاتری ئەدەبی ئامانجداری بۆ خواستووە.
نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە”ئەو پەنجا ساڵەی تێپەڕبووە، بەس نەبووە بۆ سڕینەوەی شوێنەواری تاوانی شەمەندەفەرەکە لە خەیاڵی کێژێکدا کە ئەوکاتە لەتەمەنی گوڵدابووە، ئەوەی بینی و بیستی تۆقاندی و ویستی ئەو بیرەوەرییە خەمناکەی بنووسێتەوە کە ماوەی چەند مانگێکی ساڵی ١٩٦٣ ی دوای کودەتا شوومەکە درێژەی کێشا، بەڵکو بتوانی بیری خۆی لەو مێردەزمەیە بحەسێنێتەوە کە زۆرو بۆ ماوەی چەندان ساڵ خەوی لەچاو تۆراندبوو…. لەم چیرۆکەدا ویستم راستیی رووداوەکان کە لە ماوەی شوبات تا تەموزی ١٩٦٣ روویاندا بە چەند رووداوێکی خەیاڵی خۆم بچنم لە پێناو داڕشتنی چیرۆکەکەدا”.
چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیە وێڕای ئەو خەیاڵەی کە لەبیری نووسەردا گەڕاوە، بەڵام دوورنیە لە راستیەکان لەبارەی ئەو کوێرەوەرییانەی عێراقیەکان لەو ماوەیەدا تێیداژیان. لە چێرۆکی يەکەمدا ” شایی یان شیوەن” ئاماژەیە بۆ خوێنڕێژییەکەی ١٩٦٣ کە کودەتاگێڕەکان پێیان خۆشە بە”بوکی شۆڕشەکان” ناویبەرن، لەوێدا نووسەر ئەم وێنەیە دێنێتەوە: ” وا دەبێتە دوو مانگ کە عواطف و أم سەرمەدی پوری شتێک نابیستن جگە لە دەنگوباسی دەستگیرکردنی ژنان و پیاوان و لادان لە مافەکانی مرۆڤ و کوشتوبڕی باشترینی لاوان و رۆشنبیران و پیران و منداڵانی ژێر تەمەنی هەژدەساڵی. هەمووان بەدوژمنایەتیی ئەم بوکە تاوانبارکراون! بەڵام لەچاوی کودەتاگێڕانەوە باشترین بوکە!!. لەچاوی ئەوانەوە کەلە دەرەوە پیلانیان بۆ داناوەو رێگەیان تەختکردووە بۆ سەرکەوتنی ئەم بوکە دڕندەیەی شەیدای بینینی خوێنیڕژاوو زەوتکردنی مافەکانی هەموو توێژەکانی گەلە تا دەسەڵات و زاڵبوون بداتە دەست تاقمە چەتەیەکی گومڕا”. بەمجۆرە لەهەموو چیرۆکەکانیدا چیرۆک و داستانەکانی ئەو سەردەمە ترسناکە دەگێڕێتەوە تا دەگاتە چیرۆکی بەناوبانگی: “شەمەندەفەری مردن”.
لێرەدا نووسەر هەڵوێستەیەک دەکات تارووداوێکی داخدار لەمێژوی ئەو سەردەمەدا بگێڕێتەوە. دێتە سەر گێڕانەوەی چیرۆکی دکتۆری نەشتەرگەر رافید ئەدیب کەلەم شەمەندەفەرە ترسناکەدا نەشتەرگەرییەکی ئەنجام دا.
لەوێدا دەڵێت: “دکتۆر رافید بەوەیزانی کە حیسام لە قۆناغێکی یەکجار مەترسیداردایە، یاندەبێ بەهەر شێوەیەکبێ نەشتەرگەرییەکی بۆ بکات و ریخۆڵەکوێرەی لابەرێت یان برادەرەکەی تاهەتایە ژیان لەدەستدەدات. بەهەموو بیرکردنەوەیەک ئەگەر ئەم نەشتەرگەرییەبکات مانەوەی حیسام لە ژیاندا دەگاتە لەسەدا پەنجا….بەڵام چۆن ببینێ ونەشتەرگەرییەکەبکات لەکاتێکدا لەناو فارگۆنەکەدا هەموو لە تاریکییەکی تەواودان، لەکوێوە نەشتەرێک بێنێ تا لە نەشتەرگەرییەکەدا بەکاریبهێنێت؟…..”.
ئەوەی هەموو چیرۆکەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە بەشێوەی خۆکرد خراونەتەروو، دیمەنی وروژێنەر پیشاندەدات، وێڕای ئەو بەدوای یەکداهاتنەی کە خوێندکاران رادەکێشێت بۆ ئەوەی هەوڵی خوێندنەوەیان بدەن. ئەم کۆمەڵەیە دەچێتە ناو کۆمەڵەی ئەدەبی سیاسییەوە کەباسی سەردەمە سەخت و تاریکەکان دەگێڕنەوە کە عێراقیەکان لەدەیەکانی رابوردودا پێیاندا تێپەڕبوون. هیوادارین ئەم خانمە نووسەرە وەکو لە پێشەکیی کتێبە تازەکەیدا پەیمانیداوە بەرهەمی زۆرترمان پێشکەش بکات.