وتمان چاکسازی ڕاستەقینە بەپرۆسەی دوور و درێژی گەشەپێدان دەستپێدەکات، ئەم پرۆسەیە لەھەرێمی کوردستاندا، ئەگەر بەدروستی دەستی پێبکردێت و سەربگرێت، ئەوا دەبێتە ناوچەیەکی گەشاوە، لەنێو جەنگەڵستانی ھەرێمایەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام گەشەپێدانی ڕاستەقینە لەنەھێشتنی نایەکسانی و نادادپەروەری دەستپێدەکات.
گەشەپێدانی ھەمیشەیی و ھەمەلایەنە و بەردەوام کە ھەموو ئاستێک و بوارێک بگرێتەوە وەک لەئاستی نێودەوڵەتی پێی دەڵێن (التنمیە المستدامە) کە بە دەسەڵاتدارێکی باش-(الحکومە الرشیدە) بەڕێوە دەبرێت، ئەم پرۆسەیە چەند وڵاتێکی لە خاڵی لاواز و ئابووری خراپ و شێواوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازیی و ھەژاری و کاولکارییەوە، گەیاندووەتە لوتکەی وڵاتانی پێشکەوتوو لەجیھاندا، بەڵام بەسەرکردایەتییەکی تۆکمەی نیشتمانی و باوەڕدار بە کەسایەتی ھاوڵاتیی نیشتمانەکەیان، ھەر بەپاڵپشتی ئەوانیش پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە و بوونەتە نمونەی مەزن بۆ چاولێکردن و پەندوەرگرتن، وڵاتانی وەکو ژاپۆنی دوای شەڕی دووەمی جیھانی، مالیزیا و سەنگاپوورە، وڵاتی (چین)ی میللی بەسەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیست، ئەڵمانیای دوای ھەردوو شەڕی جیھانی و سویسرا، کە لەباری ئابووری وێرانەوە بوونەتە نیشتمانی خۆشگوزەرانی لەنمونەی فنلەندا و سوید و نەرویج و ھی دیکەش.
پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدان، دوژمنایەتی زۆری دەکرێت، لەمپەر لەبەردەمی زۆرە، چونکە دەست بۆ بەھێزکردنی دامەزراوەیی لەدەوڵەتداری دەبات و سەروەری یاسا دەھێنێتە پێشەوە، گەندەڵی ناھێڵێت و ھەلی یەکسان دروستدەکات، ئاستی خراپی شتومەک بنبڕ دەکات و کوالیتی بەرھەمی ناوخۆیی و ھاوردە بەرز ڕادەگرێت.
مەترسیم لەوەیە کە پرۆسەیەکی وەھای گەشەپێدانی ڕاستەقینە ڕێگری زۆری ببێت، ڕێگری ناوخۆیی و ڕێگری دەرەکی، بەشی دەرەکییەکە لەدەستی ئێمەدا نییە، کەڕەنگە توانای خۆلادان و بەدورگرتن لەجەمسەرگیری وابکات ڕێگرییەکان کەمبکاتەوە، بەڵام ھۆکارە ناوخۆییەکان مەترسیدارترن، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خاوەن نفوزی حزبی و خێڵەکی و سەرمایەداری مشەخۆر دەبێت، کەئایا بەرپرسانی وڵات ئیرادەی ئەوەیان ھەیە پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدان بەڕێوە ببەن؟، خۆ ئەمە بەحەز و ھیواخواستن نابێت، بەڵکو بەگرتنەبەری ڕێوشوێنێک بەڕێوەدەبرێت کە دەستی دزێوی ناپەسەندی و گەندەڵی دەبڕێت، ( کەسی شیاو شوێنی شیاوبگرێت) ئەگەر بەڕاستی بیەوێت وڵات بەرەوپێشەوە ببات؟.
لەگەشەپێداندا، بونیادنانی کەسایەتی نیشتمانی کوردستانی، گرنگترین پرۆسەیە، چونکە بونیادنانی تاک(ھاوڵاتی) لەنیشتماندا، ئەو قەڵغانە دەبێت کە وڵاتپارێزی و ئینتما دەکاتە بنەما.
باشە چۆن کەسایەتی کوردستانی بونیاد دەنرێت؟ بەگەڕانەوە بۆ کلاسیکیاتی بواری زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری، ھەرێمی کوردستان پێویستی بەگرتنەبەری شێوەحوکمی دەوڵەتی(خۆشگوزەرانە- رفاە)، واتە پێویستە سیستەمێکی دیموکراسی خۆشگوزەران کەتێکەڵەیەکی ئیشتراکی-عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەرمایەداری لەسەر بنمایەکی زانستی دابمەزرێت. ئەم نیزامە، سەرلەنوێ (کەسایەتی) کوردستانی بەپرۆسەیەکی درێژخایەنی ھەمەلایەنەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەو فێرکردندا، تێپەڕێنێ و (بڕواو کوالێتی و سەروەری یاسا و ھەلی یەکسان و دابینکردنی لانی کەمی پێویستی و ژێرخانی ئابوری لەچوارچێوەی حکومەتێکی دامەزراوەیی بەپلانی ھەنووکەیی و درێژخایەن لەخۆ بگرێت.)
کەرتی پەروەردەو فێرکردن، گرنگترین کەرتی بەھێزکردنی وڵاتپارێزی و کەسایەتی تاکی کوردستانییە، کەوادەکات، سیستمی پەرەوەردە لەگشتی ھەرێمی کوردستاندا، دامەزراوەیەکی گرنگ بێت، بەڕاستی حکومەت بەھەندی وەربگرێت، چونکە نەوەی نوێی بەھێز وەکو تاکی کوردستانی لەم دامەزراوەییەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەگەر بەرپرسانی وڵات پێیان وابێ کەرتی پەروەردە و فێرکردن بارگرانییە بەسەر حکومەتەکەیان و بەھەرشێوەیەک بێت بیخەنە پەڕگە و لەکۆڵکردنەوە، ئەوە بەھیچ شێوەیەک نابێت چاوەڕێی پێشکەوتنی وڵات و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوری راستەقینە بین، ڕەنگە وڵات بەھۆی ھەندێک پرۆژەوە جوانکاری تێدا بکرێت، پرد و بان و شەقام و گەڕەکی نوێ دروستبکرێن، ڤیستڤاڵی خۆشی ساز بکرێن، بەڵام لەناوەڕۆکی تاکی کوردستانیدا ڕەنگناداتەوە ئەگەر بونیادی ڕاستەقینەی (کەسایەتی) کوردستانی نەکرابێت.
شەڕی نوێی جیھانی و شەڕی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، لەسەر میللەتانی وەکو ئێمە ھەر شەڕی تەقلیدی نییە، بەڵکو شەڕی (خۆخواردنەوەیە لەناو خۆدا)، شەڕی تەکنۆلۆژیای میدیا کە بەریمۆت کۆنترۆڵێک لەدوورەوە بەڕێوەدەبرێت، زۆر ئاسانتر لەجاران دەتوانن کەسایەتی کوردستانی-ھاوڵاتییان تێکبشکێنن کەھیچ ساتێکیش لەھەوڵی ئەوەدا ماندوو نابن!
گەشەپێدانی راستەقینە لەسیستمی پەروەردەدا باشترین خۆپارێزی دروستدەکات، تاکی نیشتمانی کەئینتمای وڵاتاپارێزی لەناخیدا، ھەر لەمنداڵیییەوە دەچەسپێت، ھەموو داروبەردی وڵات بەھی خۆی دەزانێ و تاکی بەرپرس دروستدەکات، ئەوکاتە دەتوانین بەرەنگاری شەڕە جیھانییە نوێیەکان ببینەوە، بەپێچەوانەوە، ھەواڵێکی کەناڵێکی ناوخۆیی لەدژی یاسەیەکی پەرلەمان بەھاندانی ئەم ئەو، کۆمەڵگە بۆ چەند بەرەیەک دابەشدەکات، کە ئەمە مەترسیدارترین نیشانەی شێواوی کەسایەتی- تاکی کوردستانییە، باکەس وانەزانێ ئەمە گەمەی دیموکراسییە و وڵاتێکی بەھێزمان ھەیە، “ئاڵوگۆڕ” کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەکتێبی(ھێرش بۆسەرعەقڵ) باس لەوە دەکات، کە چۆن بەدەیان دامەزراوەی میدیایی کاردەکەن، بۆئەوەی گەلی ئەمریکا گێل بکەن و رووداوەکان بەوجۆرە ببینن کە دەسەڵات دەیەوێ، کەئەمەش لەئەنجامی کەسایەتی بونیادنراوی لەسەر بنەمای باوەڕی تاکی ئەمریکایە بەوڵاتەکەیان، پێچەوانەکەی ئەوەیە کەچۆن تاکی کوردستانی بەھێز دروستدەکرێت کەبەرەنگاری ئەم ھێرشە جیھانیانە ببێتەوە؟.