سەرەڕاى ئەوەى تێبينم لەسەر ناوى هەرێمە فيدڕاڵیيەكەى ڕۆژئاواى كوردستان (ڕۆژئاوا – باكوورى سوريا) هەيە و پێموايە بۆچوونى سياسى زاڵبووە بەسەر بۆچوونى ياسايى لە دەستنيشانكردنى ئەو ناوە، بەڵام ديسان ڕاگەياندنەكە وەك و ڕاگەياندنى شارى خەونەكانى ئافڵاتون وايە، وەكو پەيمانى مەدينەيە، وەكو پەيماننامەى كۆمەڵايەتى جان جاك رۆسۆ لە سەردەمی شۆڕشى فەڕەنسى وايە…
چونكە ڕاگەياندنى كوردستانى سوريايە، ئەوەى هێشتا لە فيدڕاڵیيەكەى ڕۆژئاوا تێنەگەيشتووە يان پێى قووت نەدراوە، پێويستە بچێ مێژووى ئەو ڕاگەياندن و پەيماننامانەى سەرەوە بخوێنێتەوە، ئەوەى فيدڕاڵیيەكەشى پێباشە پێويستە بەو شێوەيەى لە ڕاگەياندنەكەدا هاتووە قەبوڵى بكات، تەنيا بەم شێوەيە ڕۆژئاوا دەتوانێ مافە مێژوویيەكانى بەدەست بێنێ و سەركەوتنێكى هاوچەرخانە تۆمار بكات.
ڕاگەياندنى ئەو قەوارەيە مەسەلەيەكى ساتەوەختى، سەرپێيى، دەستپێشخەرى نيە، هەروەها مەسەلەيەكى خستنەسەر، يان ئاماژەيەك بۆ دواوە و دوودڵى نيە وەكو ئەوەى هەندێك بانگەشەى بۆ دەكەن، بە پێچەوانەوە مەسەلەيەكى پەيوەستە بە كۆمەڵگاى ڕۆژئاواى كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەيى، ئايينى و ئەتنيكەكان.
ڕاگەياندنى فيدڕالى ڕۆژئاوا بەو ئيرادەيە و بەو ساتەوەختە بەواتاى دۆزينەوەى چارەسەریيە شاراوەكان دێت لە سەردەمى شەڕ، كاولكردن و بێچارەسەرى، ناوەڕۆكى ئەو پڕۆژەيە وەكو دوگمەى شاراوە وايە بۆ هەموو كێشەكانى ناوچەكە.
بۆ ئەمەش فيدڕاڵى ڕۆژئاوا – باكوورى سوريا سەرەڕاى تێبينيەكان شايانى ئەوەيە لە دەوروبەرى كۆببينەوە.
ئايا كەس هەيە پێشبينى بكات، ڕژێمى سوريا دەستوورى ئەو وڵاتە بگۆڕێ و مافە ديموكراتيەكان بداتە پێكهاتەكانى سوريا؟
يان كەس هەيە چاوەڕێ بكات ئيئتيلافى ئۆپۆزسيۆنى سوريا كە لەلايەن سعوديە و توركيا دەستەمۆکراون دان بە مافە ديموكراتيەكانى كورد و هەموو ئەوانەى ديكە بنێ؟
پێموانيە كەسێكى شارەزا هەبێت، چاوەڕێى هەنگاوێك لەو دوو لايەنە بكات تاوەكو لەگەڵ پڕۆسەى ديموكراتى ئاوێتە ببن.
بۆ ئەوە پێموايە فيدڕاڵیيە تازە ڕاگەيەندراوەكەى ڕۆژئاواى كوردستان ڕەوايەتى لە ڕژێمى ئەسەد و ئۆپۆزسيۆنەكەى ئەنقەرە و ڕياز زياترە. بۆيە بەستنەوەى ڕەوايەتيدان بە فيدڕاڵى ڕۆژئاوا بە قەبوڵكردنى دژە ديموكراتيەكانى ديمەشق، ئەنقەرە و ڕياز، كەموكوڕيەكى فيكرى، سياسى و ياساييە.
داننەنانى ئەوانەش بە مافە ديموكراتيەكان بە واتاى سڕينەوەى ئەو مافانە يان سەرنەگرتنى ڕاگەياندنى فيدڕاڵى نایەت، كەسيش ناتوانێ كاركردن بۆ بەدەستهێنانى ئەو مافانە بە تاوان لە قەڵەم بدات.
مەرج نيە هەموو كاتێك بەدەستهێنانى مافەكان لە ڕێگاى سازش بێ، چونكە هەموو شۆڕشەكان و جوڵانەوە كۆمەڵايەتيەكان لەلايەن دەسەڵاتداران ناڕەوانە، جوداخوازن لە ياسا بەدەرن.