ھەروەک جاران ساڵێکی تەواو لەچاوەڕوانی ساڵی نوێدابووین.
ساڵێكیتری پڕ لەروداوو ھەورازو نشێوو ھەڵبەزو دابەز خرایە سەر خەرمانەی تەمەنمانەوە.
ساڵێکی تری تێپەڕی پڕ لەساتەوەختی خۆش و ناخۆش و وانەو ئەزمون و پەندو ئامۆژگاری، بێ ویستی خۆمان و بێ ئەوەی لەناویدا بتوێینەوەو ببین بە بەشێک لە ماھیەتی بوونیەوە، بەسەرماندا تێپەری…ساڵێکیتر بوو بە بەشێک لە بیرەوەریەکانمان.
لەو ساڵەی تێپەڕی، گوڵە گەنمەکان بازرگانیان بە گوڵەکانی ترەوە کرد…دڵسۆزی و راستگۆیی و حەقبێژی، لە نێو گۆمی مەنگی ئاوە گەنیوەکەی ئەوبەر شار خنکان…شەرم نەما…حەیا تکا…روو شکا.
باوکە ھەژارەکان دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان لە پۆستی داسەپاوی باوکایەتی راگەیاند…دایکە شەھیدێکی زامدار ی ئەنفال لەوپەڕی تەنیایی و بێدەرەتانیدا، لە گۆشەیەکی تاریک وساردوسری ژووری کەلاوە قورینە بێ ئاووکارەباکەیدا سەری نایەوەو لە گۆرستانی بێ کەسیدا نێژرا…منداڵێك لەبەر روناکی لامپاو فانۆسەکەیدا کتێبی ئەزمونی ژیان و مێژووی ئینسان بوون و کوردبوونی تا دوالاپەڕە خوێندەوە…بەڵام ھیچی دەست نەکەوت و ھیچی لێوە فێر نەبوو.
ساڵی رۆیشت، مەغریفەو زانست، ھۆشیاری و ئاگایی، برایەتی، ھاورێیەتی راستەقینە، خزمایەتی و ھاوخوێنی و دۆستایەتی لە جاران کاڵتر بوونەوەو دەسکەوتە مادیەکان تۆختر و بە تەوژمتر لە جاران خزانە نێو رووبەری شێواوی زھنیەتی مرۆڤەکانەوە.
ئەوساڵەی تێپەڕی دونیاو دۆخی شۆڕشگێڕانی جاران دیسان لەرووی شکڵی و رواڵەتەوەگۆڕانکاری بەسەرداھات و چەمکی کوردایەتی راستەقینە و قوربانیدان و راستگۆیی، ئاراستە و ماھیەتێکی تری وەرگرت و کەوتە دۆخێکی ترەوە…حزب و ئینتیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە جیاتی ئامراز, بوون بە شوناس، ستراتیژی بوو بە ئامانج، ناوچەگەرێتی و شارچێتی بوون بە پێناس و سەرمایەداری بوو بە ئایدیۆلۆژیا، بێباکی بوو بە نەریت و دەسپاکیش بوو بە گریمانە و حەقیقەتە شاراوەکانیش ھەر بە شاراوەی مانەوە.
ئالبێرت ئەنیشتاین پەیوەست بە حەقیقەت دەڵێ:
” حەقیقەت نانووسرێتەوە…حەقیقەت ئەو شتەیە بەردەوام بە مەبەست و ئەنقەستەوە ھەوڵ بۆ داپۆشین و شاردنەوەی دەدرێت…”
ئانتوان چێخۆفی نووسەروپزیشک دەڵێ:
” خەتەرناکترین و پڕ مەترسیترینی مرۆڤەکان ئەوانەن، ئاستی تێگەیشتنیان یەکجارلە خوارەوەیەو بیروبروای (چەوتیان) بەھێزە”
نەوتراوەکان دەکرێ بوترێن و بورووژێنرێن، بەڵام ئەستەمە شتە وتراوەکان و نھێنیە درکێنراوەکان بۆ شوێنی خۆیان بگەرێندرێنەوەو بخرێنەوە دۆخی دەست لێنەدراوی و باری نھێنی و سرووشتیەوە.
چ گۆزە بە بەرددا بکێشی و چ بەرد بە گۆزەدا بکێشی، دواجار شکان و لەناوچوون ھەر بۆ گۆزەیە.
بەھیوای ساڵێکی جیاوازو دۆخێکی باشتر و ئاسوودەتر بۆ ھەموو لایەک.