داخستنی ژن تیڤی و ڕێکخراوە کولتوورییەکانی ژنان لە سلێمانی بەشێکن لە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی و مەڵۆیەکی دیکەی سەر خەرمانی پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەرین.
ژن تیڤی، لە هەشتی ئازاری 2018ەوە وەک کەناڵێکی تایبەتی لە ژنەوە بۆ ژن، کار دەکات. کەناڵەکە ڕۆژانە بە زمانەکانی هەورامی، زازا و کوردی پەخشی دەکرد. بایەخی بە ناساندنی توانا و بەهرەی ژنان دەدا، ببوە سەکۆیەکی گرنگی داڕشتنی گوتارێکی مرۆڤسالارانە.
دوێنێ، دوایین ڕۆژی 2024، کە دامودەزگای یاسایی و دادوەری لە پشوو بوون، هێزێکی ئەمنیی لە سلێمانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندی پەخشی کەناڵەکە و بڕیاری داخستنییان بەسەردا سەپاندوون. هەمان ڕۆژ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و ڕێکخراوەکانی نوێگەر و مەرزییەیشیان داخستووە، بێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی دادوەرییان بە دەستەوە بێت. هەروەها کۆمپانیای گزنگی بەربەیانیان داخستووە، کە بەرهەمهێنەری ناوەڕۆکی میدیایی بوو بۆ ژن تیڤی.
لاوازی ئیرادەی سیاسیی نیشتمانیانە، وابەستەبوون بە ئەجێندای دەرەکییەوە، سیمایەکی دیاری ژیانی حزبایەتییە لە هەرێم، بە جۆرێک لایەنی دەرەکی هەر ئان و ساتێک دەتوانێت چی بوێت و چۆنی بوێت ئەجێندای خۆی بەسەر ژیانی گشتیی خەڵکی هەرێمدا بسەپێنێت و دەستوەردان لە هەموو کایەکانی ژیانی کولتوور، فەرهەنگ، هونەر، ڕۆشنبیری، ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی خەڵک و ناوچەکە بکات.
بە هۆی نەبوونی سیستمێکی یاسایی و ڕێکاری ئیداری یاساییەوە، سەپاندنی ئەم جۆرە بڕیارە دەرەکیانە لە لایەن هێزگەلی ناوخۆوە، هیچ دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە و تانەی یاسایی و ڕێکاری دادوەری ناهێڵێتەوە. وەک ئەوەی ئەم کۆمەڵگەیە بەدەر بێت لە ژیانێکی پارێزراو لە چوارچێوەی ماف و یاسادا.
03/01/2025