ھەرچەند ڕۆژی یەکشەممە عادل عەبدول مەھدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی خستە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوانیش ڕەزامەندییان لەسەردا، بەڵام ئایا دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەھدی بارودۆخی سیاسی عێراق بەکوێ دەگات؟ ئایا خۆپیشاندەران بەم دەستلەکارکێشانەوەیە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانیان دەھێنن؟ ئایا پارتە سیاسییە حکومڕانەکان ئامادەن گوێ بۆ داواکانی تری خۆپیشاندەران بگرن وجێبەجێی بکەن؟
یان بارودۆخی سیاسی عێراق دەچێتە قۆناغێکی ترو پێویستی بە ڕێگەچارەی نوێ ھەیە؟
عادل عەبدول مەھدی لە کاتێکدا ئامادەبوو بۆ دەستلەکارکێشانەوە، کە نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە وتاری ھەینی لە شاری نەجەف داوای کرد کە کێشەکە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە، مەھدیش ھەرلەسەرەتای دەستلەکارکێشانەوەکەیدا باسی ملکەچ بوون بۆ داواکەی مەرجەعیەت دەکات و ڕەزامەندی دەردەبڕێت.
بەڵام بە پێی بۆچوونی ھەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی بارودۆخی عێراق دەڵێت ئەم ھەنگاوەی عەبدول مەھدی و تەنانەت ھەڵوێستەکەی مەرجەعیەتیش درەنگ وەخت بوو، چونکە شەقامی عێراق بە تایبەتی لە پارێزگاکانی باشوور زیاتر لە دوو مانگە جوڵاوە و لە خۆپیشاندان بەردەوامن.
لە سەرەتادا داواکاری خۆپیشاندەران سادەو ئاسایی بوو، داوای چاکسازی و نەھێشتنی بێکاری و گرینگیدان بە بوارەکانی خزمەتگوزاری بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەت و پارتە حکومڕانەکان بە گرنگییەوە سەیری داوای شەقامیان نەدەکرد و وایان دەزانی کە ھەروەک خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو شتێکی کاتییە، ئاوا بە ئاسانی و بە چەند بەڵێنێک یان بەکارھێنانی چەند ڕێگەچارەیەکی ئەمنی خامۆش دەکرێت، کۆتایی پێ دەھێنرێت و نابێتە ئەو مەترسییەی کە فشار لەسەر حکومەت دروست بکات بۆ ھێنانەدی داواکانییان .
ئەم بێباکییەی حکومەت و پارتە سییاسیە حکومڕانەکان زیاتر شەقامی توڕەکرد و سووربوون لەسەر داواکانییان، لە بەرامبەردا حکومەت لە جیاتی گوێگرتن بۆ خۆپیشاندەران ڕێگە چارەی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی ھاوڵاتییانی ھەڵبژارد، ڕۆژانە لە بەغداد و شارەکانی باشوور ژمارەی کوژراو برینداران زیادی کرد، ھەتا کار گەیشتە ئەوەی لە پێنجشەممەی ڕابردوودا لە شاری ناسریە زیاتر لە ٤٥ کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندارکران، ھەروەھا لە شاری نەجەف ۱۲ کەس کوژران و دەیانی تریش برینداربوون.
ژمارەی کوژراوەکان لە ئێستادا گەیشتۆتە نزیکی ٥۰۰ کەس و برینداربونی ۱۷۰۰۰ ھاوڵاتی ژمارەی کەمئەندامیش زۆرترە لە ۷۰۰۰ کەس.
ئەم بارودۆخە ناھەموارەی کە دروست بووە زیتر شەقامی عێراقی توڕەکردووە، لە دوای ئەوە خۆپیشاندەران ھەڵیان کوتایە سەر زۆرترین داموودەزگای حکومەت و سوتاندویانە، ڕۆژی یەکشەممەش بۆ دووەمین جار قونسوڵگەری ئێرانیان لە نەجەف سوتاندووە.
لەلایەکی تریش وردە وردە شارەکانی باکوریش وەک موسڵ و ئەنبار دەستییان بە جوڵەکردووە و پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی باشور دەکەن، لەم دۆخە سییاسیە نوێیەدا خۆپیشاندەران نەک ئامادە نین بە کۆتای ھێنان بە خۆپیشاندانەکان بەڵکو بە جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە لە گۆرەپانەکاندا ئامادەییان ھەیە و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدول مەھدیش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ خۆیان دەزانن .
فشاری ئەمجارەی خۆپیشاندەران بە جۆرێکە کە بۆ یەکەمجار لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە سەرۆک وەزیرانێک ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە دەکات و مەرجەعیەتیش ناچاردەکات کە ئەو بڕیارە بدات .
خۆپیشاندەران لە ئێستادا سەقفی داواکارییەکانیان زۆر بەرز کردووەتەوە، داوای گۆڕانکاری سەرجەم سیستەمی سیاسی دەکەن، دەیانەوێت کۆتای بە حکومی پارتە تەقلیدی و حکومڕانەکان بھێنن کە بە درێژایی ۱٨ ساڵە لە حکومدان، بۆ ئەم مەبەستەش داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ھەمواری ھەندێک بەندی دەستوور، یاسای ھەڵبژاردنەکان، گۆڕینی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، بە دادگایی گەیاندنی گەندەڵکاران و بکوژانی خۆپیشاندەران دەکەن .
پارتە حکومڕانەکانیش سەیری ئەو داوایانە دەکەن، کە ئەگەر بێت و جێبەجێ بکرێت مانای نەمانی خۆیان و کۆتایی ھێنانە بە مێژوی سیاسییان، لەبەر ئەوە ھەتا بۆیان بکرێت پارێزگاری لە مانەوەی دۆخەکە دەکەن ئەگەر لە ڕێگەی میلیشیاکانیشیانەوە بێت .
سەفیری پێشووی ئەمریکاش وتی “حکومەتی ئایندەی عێراق ئامادەیە و لە کاتی پێویستتدا دەسەڵات دەگرێتە دەست، بەم پێیەش بێت لە دوای عادل عەبدول مەھدی دۆخێکی ناھەموار بەڕێوەیە، چونکە ئەم نوخبە حکومڕانە دۆڕان و گۆڕان قبوڵ ناکەن.
عومەر عەلی محەمەد