به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە لە هەرێمی کوردستان ٤٢٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتیش کەمئەندام و برینداربوون.
ڕزگار عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆلیسی هاتوچۆ له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا مانگی ئه‌یلول له ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و ٩٠٠ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوه، كه به‌هۆیه‌وه ٤٢٠ هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوە.ناوبراو ڕاشیگەیاندووە، هەر بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی بریندار و کەمئەندامبوون.
ده‌رباره‌ی هۆكاری ڕووداوه‌كان ڕزگار عه‌لی ئاماژەی بەوەش کردووە، نزیكه‌ی ٧٠%ی هۆكاری ڕووداوه‌كان تیژڕەوی و خێرا لێخوڕین و پابه‌ندنه‌بوون بووە به ڕێنماییه‌كانی هاتوچۆوە.ئاشكراشی کردووە، هاتوچۆی هەرێم به‌رنامه‌ی زیادكردنی سزا و كامێراكانی چاودێری هاتوچۆی ئۆتۆمبێله‌كانی نییە، بەڵام لەڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری و پێدانی ڕێنمایی بە شۆفێران کار بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان دەکات.
ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان و ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن، شۆفێرانیش هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەگەڕێننەوە بۆ خراپی ڕێگاوبانەکان و نەبوونی ڕێگای دوو ساید لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی هاتوچۆش ئاماژە بەوە دەکەن، بەشێکی زۆری ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ.