1. لێکتێگەیشتنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان: لە رابردوودا کورد لە سوریا زۆر پشتی بە پاڵپشتە نێودەوڵەتییەکان دەبەست، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە. بۆیە داهاتووشیان پەیوەست دەبێت بە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان زلهێزەکان (وەک ڕووسیا و ئەمریکا) و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکە (تورکیە و ئێران). لەم سۆنگەیەوە هەر رێکەوتن و ڕێکخستنەوەیەکی سیاسی نوێ لە نێوان ئەوە زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیانە بۆ دیزاینکردنەوەی سوریا (ئۆتۆنۆمی بێ یان مافەکانیان لە چوارچێوەی سیستەمێکی ناوەندی یان فیدراڵی) چارەنوسی ئەوان دیاری دەکات.
2. دۆخی ناوخۆی سوریا: ئەگەر هێزە سیاسییە سورییەکان بتوانن سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی بنیات بنێن، ڕەنگە کورد بتوانێت دانوستان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئیدارییەکانی فراوانترەکان بکات. بەڵام ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن یان هێزە سورییەکان دژی خواستەکانی کورد بوەستنەوە، ڕەنگە ناوچەکانی ژێر دەستی کورد ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورەتر ببنەوە.
3. پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا:
لە رابردوودا پەیوەندی نێوان کورد و لایرنە عەرەبییەکان بە هۆی جیاوازی دیدگا سیاسییەکان بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزی و بگرە شەڕ ودەرگیریدا بووە، بۆیە ڕەنگە هەوڵەکانی فەرەنسا و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لایەن لە داهاتوودا ڕێگا بۆ هاوکاری زیاتر بکاتەوە.
4. هەڵوێستی تورکیا:
تورک بەردەوام کوردۆفۆبیای هەیە ئێستاش ترسی هەیە لە دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆی کوردی لەسەر سنوورەکانی. بۆیە ئەنقەرە وەک یاریزانێکی سەرەکی دەمێنێتەوە لە دیاریکردنی ئایندەی کوردەکانی سوریا، جا چ لە ڕێگەی فشاری سەربازییەوە بێت یان لە ڕێگەی دانوستانەوە.
5. ڕۆڵی حزبە کوردییەکان:
• ڕەنگە “ئیدارەی خۆبەڕێوەبردن” کە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و هاوپەیمانەکانی بەڕێوەی دەبەن، بەردەوام بن لە داوای دانپێدانانی فەرمی، بەڵام دووبەرەکی ناوخۆیی نێوان لایەنە کوردییەکان (وەک ڕکابەریی نێوان پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد) ڕەنگە پێگەی دانوستانکارییان لاواز بکات.
سیناریۆ ئەگەرییەکان:
1- سیستمی فیدراڵی: ئەگەر لایەنە سوریاییەکان بگەنە یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنە، ڕەنگە کورد ئۆتۆنۆمی هاوشێوەی مۆدێلی باشور بەدەستبهێنێت.
2. لامەرکەزی ئیداری سنووردار: لە غیابی کۆدەنگی نێودەوڵەتیدا، دەکرێت کورد ناچار بکرێت بە بێ دانپێدانانی فەرمی، دەسەڵاتی لامەرکەزی قبوڵ بکات.
3- ململانێی بەردەوام: ئەگەر ناکۆکی و ململانێ بەردەوام بێت لەوانەیە ناوچەکانیان ببنە گۆڕەپانی ململانێی هەمیشەیی نێوان لایەنە جیاوازەکان.
ئایندەی کوردەکانی سوریا پەیوەستە بە توانای دانوستان لەگەڵ هێزەکانی تری سوریا و دۆزینەوەی فۆرمولێک کە مافەکانیان بپارێزێت بەبێ ئەوەی بەریەککەوتن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیا و کۆمەڵی نێودەوڵەتی. دروستکردنی هاوپەیمانی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوە هۆکارێکی چارەنووسساز دەبێت بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان.