سەندیكاكانی كرێكاران و خوێندكاران لە سەرتاسەری فڕەنسا خۆیان بۆ خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەریی 700 هەزار كەسی ئامادە دەكەن دژی گرانیی ژیان و خراپیی پەروەردە. لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆ 70 هەزار پۆلیسی بڵاوە پێكرد و هۆشداریی لە “وەڵامێكی زۆر توند” دا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان، فڕەنسا خۆی بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتییەكی بەرفراوان ئامادە دەكات كە دەسەڵاتداران مەزەندە دەكەن نێوان 500 هەزار بۆ 700 هەزار كەس لە سەرتاسەری وڵات و 80 هەزار كەس لە پاریس بەشدار بن.
سەندیكاكانی كەرتی پەروەردە، شەمەندەفەر، نەخۆشخانە گشتییەكان و پۆستە داوای بەرزكردنەوەی كەمترین ئاستی موچەیان كردوە كە لە ساڵی 2012ەوە دەستكاری نەكراوە، لەگەڵ كەمكردنەوەی باج و باشتركردنی پرۆگرامی خوێندنی زانكۆكان، دوای ئەوەی خۆپیشاندانەكان لە 17ی مانگی (تشرینی یەكەم/10)دا گەیشتنە لوتكە.
لۆران نۆنیێز، وەزیری ناوخۆی فڕەنسا بڵاوەپێكردنی 70 هەزار پۆلیسی لە شارەكاندا ڕاگەیاند بۆ ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی، دوای ئەوەی پۆلیسی پاریس ڕێگری لە ڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی كۆنكۆرد لە ناوەندی شارەكە كرد؛ فابریس فۆر لە سەندیكای كرێكاران ئاماژەی بەوە دا كە قەدەغەكردنی ڕێگەكان وەك “زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ ئەو كەسانەی بە دەگمەن دەنگیان بەرزدەكەنەوە”.
ماریلیز لیۆن، نوێنەری كۆنفیدراسیۆنی دیموكراتیی كاری فڕەنسا (CFDT) لە وتەكانیدا ڕایگەیاند، “ئامادەكاری و كۆبونەوەی جەماوەری ئەمجارە زۆر بەهێز دەبێت؛ چاوەڕوان دەكەین بەشداریكردنی خەڵك هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2023ی دژی یاسای خانەنشینی بێت كە زیاتر لە 1 ملیۆن كەسی هێنایە سەر شەقامەكان”.
ئەم ناڕەزایەتییە بەرفراوانانە دوای ئەوە دێن كە لە شەممەی ڕابردودا زیاتر لە 320 هەزار كەس لە فڕەنسا بەشدارییان لە خۆپیشانداندا كردبو، و لە شارەكانی ئەڵمانیا، دانیمارك، ئەلبانیا و 50 شاری ئیتاڵیاش ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ڕویدابو. بەرزبونەوەی بەرچاوی نرخی وزە و بژێوی فشارێكی قورسی خستوەتە سەر ئیدارەی ئیمانوێل ماكرۆن لە كاتێكدا پەرلەمانی وڵاتەكە پرۆژەی بودجەی 2027ی ڕەتكردبوەوە.