وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماری رەسمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی خواروی عێراقی لەماوەی شەش رۆژی رابردودا ئاشکرا کرد.
سەعد مەعن موسەوی، وتەبێژی وەزارەتەکە، لەکۆنگرەیهکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ”لە خۆپیشاندانەکانی شەش رۆژی رابردووی بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری عێراقدا، 104 کەس کوژراون و زیاتر لە شەش هەزارو 100 کەسیش بریندار بوون”.
سەعد مەعن، “چەند دەستپێکی پیس”ی تۆمەتبارکرد بە کوشتنی ئەو کەسانە لە خۆپیشاندانەکاندا کە لەنێو کوژراوەکاندا خۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەکان بوونیان هەیە. بەڵام ئەو “دەستە پیسانە”ی دیاری نەکردن و ئاماژەی بەوەش دا کە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەوانەی لەپشت کردنە ئامانجی خۆپیشاندەرانەوە بوون.
هەروەک ئەوەشی خستەڕوو کە خۆپیشاندانەکاندا 51 باڵەخانەی گشتی و هەشت بارەگای حزبە سیاسییەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێنراون.
هەروەها جەختیشی کردەوە کە وەزارەتەکەیان دەستی کردوە بە لێکۆڵینەوە لەو دەستدرێژیانەی کراونەتە سەر دەزگاکانی راگەیاندن.
هەر لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکە وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، داوای لەو کەسانە کرد لەماوەی رابردوودا گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، دووبارە پەیوەندی بکەنەوە بە هێزە چەکدارەکانەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا درەنگانی شەوی رابردو، 17 بڕیاری وەک وەڵامێک بۆ داخوازییەکانی خۆپیشاندەران دەرکردن.
هەژمارکردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بە شەهید و هەروەها کردنەوەی دەرگای وەرگرتنی خۆبەخش لە سوپاو وەرگرتنەوەی ئەو کەسانەی گرێبەستەکانیان لە سوپا هەڵوەشێنراوەتەوە بەشێک بوون لە بڕیارەکان.