175
ئەگەر پرسیار بکەین چەپ لە کوردستان لە کوێیە، وەڵامەکە لەو کۆنفراسەدا هەبوو . لە پێنجەمین کۆنفرانسی کۆڕبەندی چەپی کوردستان کە لە ٢٨/١٠/٢٠٢٦ بەڕێوەچوو، ئەوەم بینی کە چەپ چیتر تەنها بیرهێنانەوەیەکی مێژوویی نیە، بەڵکو پێویستییەکی هەنووکەییە بۆ کوردستانێک کە لەنێو گۆڕانکاری و پێشهاتی گەورەدایە.
ئەم کۆڕبەندە بووەتە باشترین چەتری هاوبەشی هێزە چەپەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، ئەمجارە ئاوێنەیەکی ڕوونی هەڵگرتبوو لەبەردەم هەموومان. هەر پارچەیەک بە زمانی خۆی هەمان ئازاری دەگێڕایەوە کە گەڵی کورد لەمێژوی سەد سالی ڕابردوودا بەدەستی داگیر کەران توشی هەزاران دەردەسەری و کێشە بوەتەوە،
ئازاری باکور ئازاری ستەمی نەتەوەیی و جیاکاری بوو لە خزمەتگوزاری و لە ژێرخاندا، بەڵام لەنێو ئەو ئازارەدا باسێکی نوێ هەبوو، باسی ئاشتی. نێوان دەوڵاتی تورک و ڕێبەر عبدوڵلە ئۆجلان ، چەپی باکور لەوە تێگەیشتووە کە ئاشتی بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی نابێت، ئاشتی بێ مافی کرێکار و جوتیار ئاشتی نیە، ئارامی کاتییە. بەداخەوە تائێستا تورکەکان بەناوی بنەبرکردنی تیرۆر لەتورکیا ناوی دەبەن لەجیاتی ئاشتی نێوان کوردوو دەوڵات
ئازاری ڕۆژئاوا ئازاری چەوسانەوەیەکی لەمێژینە بوو، لە حافز ئەسەدەوە تا ئەحمەد شەرع، ناوەکان گۆڕاون بەڵام پرسیارەکە هەر ماوە، ئایا سوریای نوێ دوای ئەم هەمو خەباتو تێکۆشانە و بەرگری بێ وێنەی شەرەڤانان و لەناوبردنی داعش ناکرێت دان بە مافی ڕەوای کورددا دەنێت. داوای چەپی ڕۆژئاوا بۆ فیدراڵی و پێکەوەژیانی کورد و عەرەب و سریانی، داوایەک نیە بۆ پارچەکردن، داوایەکە بۆ ڕزگارکردنی سوریا لە عەقڵیەتی تاک حزبی.
ئازاری ڕۆژهەڵات ئازارێکی قووڵتر بوو، کەساسەت و ڕێگری لە ئازادی، بەڵام لە هەمان کاتدا وانەیەکی گەورەی تێدابوو. خەڵکی ڕۆژهەڵات فێری کردین کە خەبات تەنها حیزب نیە، ژینگەپارێزی و پاراستنی کەلتوور و دروستکردنی ڕێکخراوی مەدەنی خەباتە. شۆرشی ژینا کە دروشمی ژن ژیان ئازادی کردە دروشمێکی جیهانی، سەلماندی کە چەپایەتی نوێ بەبێ ئازادی ژن هەرگیز نابێت.
وە ئازاری باشوریش ئازاری خۆمان بوو. لەو پانێڵەدا چەپ ڕەخنەی لە خۆی گرت، دانی بە کەمتەرخەمی خۆیدا نا. ئەمە بوێری دەوێت. کاتێک دەسەڵاتی هەرێم خەریکی ململانێی خۆیەتی و پەرلەمان پەکخراوە و حکومەت پێکنایەت، کێ زیان دەکات. هەر کرێکار و مامۆستا و خانەنشین و گەنجی بێکار زیان دەکات. لاوازبوونمان لەبەرامبەر بەغدا بەرهەمی ئەم ململانێیە ناوخۆییەیە. بۆیە هێزە چەپەکان لەمەودوا دەستەوەستان نەوەستنەوە ودەبێت نارەزای توند دەرببرن بەڕامبەر ئەم کەم تەرخمیەی هەردوو حزبی دەسەڵات
بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو پرسیارە سەرەکییە،لێرە بەدواوە ئەرکی چەپ چییە. بۆیە پێویستە بە زمانێکی نوێ باسی چینایەتی بکەین. با لەمەودوا چەپایەتییەکەمان هەر قسە نەبێت، با پراکتیکی بێت و بە کردار بێت. متمانە ی جەماوەر گرینگە تەنها بەپشتگیریو پشتیوان لە داخوازیەکانی جەماوەر دەتوانین ببینە هێزێکی کاریگەر بەپشتیوانی کرێکاران ،ئەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین
کرێکاری ئەمڕۆ تەنها کرێکاری کارگە نیە، کرێکاری بیناسازییە و کرێکاری ژینگە پارێزیە و کاسب و شۆفێر و مامۆستا و جوتیارە، گەنجی بێکارە و ژنی ماڵەوەیە کە بە بێ مووچە ماندووترین کاری مرۆڤایەتی دەکات. پشتیوانی لەم چینە واتە داکۆکیکردن لە بیمەی کۆمەڵایەتی و یاسای کار و پاراستنی لە بێکاری. ئازاری ئەم کرێکارە لە سلێمانی و لە قامیشلۆ و لە ئامەد و لە مەهاباد هەر یەک ئازارە.
ئێمە چەپێکمان دەوێت کە لە کرداردا نوێ بێت، بە بیرو بۆچوونی نوێوە. چەپێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ خۆشگوزەرانی نیشتمانی و نەتەوەیی، چەپێک کە لە هەمان کاتدا هەم دژی ستەمی چینایەتی بوەستێت و هەم دژی ستەمی نەتەوەیی. ئەرکی ئێمە ئەمڕۆ تەنها قسەنیە ، بەڵکو خۆپیشاندان و هاتنە ناوخەڵک و نووسین و ڕۆشنکردنەوەیە، قەڵەمی ڕووناکبیر و هۆشیاری جەماوەر هێندەی هەر خەباتێکی تر گرنگە.
ئێمە دەمانەوێت وەک چەپ کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە ڕێز لە مرۆڤایەتی بگرێت، لە ژن و مناڵ و لە سەرجەم هێز و بازووی ڕەنجدەر و کرێکاران. دەمانەوێت ببینە دەنگی خەڵکی ماندوو لەبەردەم دەسەڵات و سەرمایەداری بێ سنوور، و ببینە هێزێکی پاک و دیموکرات کە جیاواز بێت لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان. لەم کۆنفرانسەدا دەرگا بۆ ڕەخنە کراوە بوو، ئەمە خۆی سەرکەوتنە، چونکە چەپێک کە ڕەخنە لە خۆی نەگرێت نامرێت.
کۆڕبەندەکە سەرەڕای بچووکی هۆڵەکە بەراورد بە گەورەیی بۆنەکە، سەرکەوتوو بوو. بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدایە کە یەکێتی چەپ لەم کۆڕبەندەوە ببێتە کردار نەک تەنها دروشم. با ئاگاداری یەکتر بین.لەهەرچوارپارچەی کوردستاندا.
عمر شاوری