کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کرد، دوای زیادکردنی ناوی لە دایکبوانی ساڵانی (2001-2002) زیاتر لە (22) ملیۆن کەس بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکەن.کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: رۆژی (5/10/2019) دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی لیستەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانیی لەنێوان لیستە بەشدارەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.
حازم ردێنی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: کۆمیسیۆن ئاگاداری سەرجەم لیستەکانی کردوەتەوە بۆ رادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە رۆژی یەکی نیسانی ساڵی داهاتو ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەکرد؛ دوای وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و دادگا و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی نەزاهە و دەستەی دەستپاکی دەکرێن بۆ وردبینی کردنی ناوەکان، تا پەسەندیان بکەن و وەک کاندید بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
ردێنی ئەوەیخستوەتەڕو کە؛ کۆمیسیۆن دەرفەتی تەواو دەداتە کاندیدەکان لەو ماوەیەدا بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و هاندانیان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکە و هەڵبژاردنی نوێنەر و کەسانی شیاو بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنە خۆجێییەکان.
وتیشی :”نزیکەی (22) ملیۆن دەنگدەر لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق مافی بەشداریی کردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، ئەوەش دوای زیادکردنی ناوی لە دایکبوانی ساڵانی (2001) و (2002) بۆ تۆماری دەنگدەران”.
بەپێی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق (ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا رێکنەخراون) رۆژی (1/4/2020) هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.