بەردەوامی قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستاندا ڕەوشی وەبەرهێنانی خراپترکردووە وتەبێژی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت “وەبەرهێنە کوردەکان کارەکانیان دەبەنە دەرەوەی کوردستانو پارەیەکی زۆر لەدەرەوە کاری پێدەکرێت”.
وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، یاسین مەحمود تایبەت بەئاوێنە دەڵێت “بەهۆی داخستی فڕۆکەخانەکانەوە کەرتی گەشتوگوزار بەتەواوەتی ئیفلیج بوە. بە دەیان کۆمپانیای گەورەی دنیا کە لەکوردستان لەبواری گەشتوگوزاردا کاریان دەکرد پاشەکشەیانکردوە. هەروەها بەهۆی لەدەستدانی هەلی سەفەرکردن لەفڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە بۆدەرەوە زۆربەی هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان %٨٠ کارمەندەکانیان ناردۆتەوە”.
دەشڵێت “هەرێمی کوردستان بەبڕی ١٠ ملیار دۆلار پرۆژەی گەشتوگوزاری بنیاتنابو، گەر داخستنی فڕۆکەخانەکان بەردەوام بێت ئەوا لەساڵی ٢٠١٨دا هیچ هۆتێلێکی پێنج ئەستێرە نامێنێت بۆکارکردن”. بەوتەی وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەران “پێش ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، لە هەرێمی کوردستاندا ٧٠ هەزار کەس لەبراندە جیهانیەکاندا کاریان دەکرد، بەڵام لەئێستادا تەنها ١٦ هەزار هەلی کارکردنمان لەبراندە جیهانیەکان بەدەستەوە ماوە”.
مەلایاسین ئاماژە بەوەشدەکات “ئێمە چاوەڕێی ئەوە بوین لەئاوەدانکردنەوەی موسڵدا کە ٣٤ ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، کۆمپانیاکانی کوردستان رۆڵێکی گرنگ ببینین، بەڵام ئێستا عێراق سیاسەتێکی زۆر خراپ بەکاردەهێنێت بەرامبەر هەرێمو ڕێگری لە کۆمپانیا کوردستانییەکان دەکات، هەرێمیش دەستەو وەستان ڕاوەستاوە. وەبەرهێنەرانی کوردستان هیچ هیوایەکیان بە هەرێم نەماوە بۆ ڕزگاربون لەم قەیرانانە، بۆیە لەدەرەوەی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن”.
بەوتەی وتەبێژی وەبەرهێنەرانی کوردستان ” لەماوەی ئەم دووساڵەدا ئەوسەرمایەی کەچۆتە دەرەوەی شارەکانی هەرێمو لەدەرەوە بەگەڕخراوە، ٣,٥ ملیار دۆلارە. ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیەو پێنج ئەوەندەی ئەو بڕەیە کە لەوەبەرهێنانی خۆماندا خەرجکراوە”.
درێژەکێشانی قەیرانی دارای لەهەرێمی کوردستاندا وایکردوە کەرتی وەبەرهێنان بەرەو خراپی بڕواتو بازرگانانو وەبەرهێنەران بۆکارکردن پەنابۆ وڵاتانی دەرەوەو شارەکانی خواروی عێراق بەرن. بەمەش پارەیەکی زۆر لەکوردستان چوتە دەرەوە.