بۆ ساڵی دوووەم لەسەر یەک ڕیزبەندى زانکۆکانى هەرێم لە گروپى Bیەوە دەستیپێکرد و هیچ زانکۆیەک لە گروپى A نەبوو.
لیژنەیەکى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاستى زانکۆکانى هەرێمى هەڵسەنگاندووە، پۆلێنکردنى زانکۆکانیش سێ ئامانجى لە پشتەوەیە، کە بریتین لە، دەستنیشانکردنى ئاستى زانکۆکان، دروستکردنى کێبڕکێ لە نێوان زانکۆکاندا لەگەڵ شەفافییەت.
لە ڕێوڕەسمێکدا کە بەو بۆنەیەوە ڕێکخرابوو، رۆژی سێشەممە ١٨ی تشرینی یەکەم جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە وتەیەکدا ئاماژەى بەوەکرد کە تائێستە خوێندکارمان نییە مێژووی کورد بەشێوەییەكی زانستی بنوسێتەوە لەبەر ئەوە پێویستە ئاستی زانستیى زانكۆَكان پێش بخرێت.
ئاستی زانستی ئەمساڵی زانكۆكانی كوردستان بەزانكۆ حوكمی و ئەهلیكانیشەوە لەسەر كۆمەڵێك بنەما دیاری كرابون، ئاستى زانستى خوێندکاران، کۆنفرانسى زانستى، لەگەڵ ئامادەکردنى ڕاپۆرت و تویژینەوەى زانستى جۆراوجۆر و بڵاوکردنەوەیان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکاندا.
بۆ ئەمساڵ زانکۆى سۆران و کۆیە لە گروپى Bبە پلەى یەکەم و دووەم دەستنیشانکراون و بەدواشیاندا زانکۆکانى سلێمانى و هەولێرى پزیشکى و دهۆک و زانکۆى سەڵاحەدین دێن.
ڕیزبەندییەکە زانکۆ ئەهلییەکانى هەرێمیشى گرتووەتەوە.
سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین رەخنەى لە ریزبەندییەكە و ئەو لیژنەیەش گرت كە ئاستی زانكۆكانى دیاری کردووە، وتیشى نابێت زانكۆیەك كە ساڵی ڕابردوو خوێندنی تێدا نەکراوە ئاستی بەرزتربێت لە زانكۆكانی دیکە.
لە ماوەى ڕابردوودا ڕەخنەى زۆر ئاراستەى زانکۆکانى هەرێم کرا بەوەى کە ئاستى زانستییان هێندە نزمە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە زانکۆ پێشکەوتووەکانى وڵاتانى دیکە، هاوکات ڕەخنەى ئەوە ئاراستەى زانکۆکان دەکرا کە کەمترین توێژینەوەیان کردووە و تویژینەوەکانیش لە ئاستى پێویستدا نەبوون.