دوکاندارێک: شێر‌و پڵنگ‌و گورگیش ده‌هێنین چونکه خواستیان له‌سه‌ره
بۆتان ئه‌حمه‌د:
هه‌رکاتێک کاردۆ سێ سه‌گه‌که‌ى ده‌بینێت هه‌ست به‌ئارامى ده‌کات، چونکه به‌به‌شێک له‌خێزانه‌که‌ی دایانده‌نێت، ئه‌و گه‌نجه ته‌نیا له‌به‌ر جوانیه‌که‌ى سه‌گ به‌خێوناکات، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى خۆشه‌ویستترى ده‌کات؛ وه‌فاکه‌یه‌تى.
کاردۆ ئه‌حمه‌د (29 ساڵ)، یه‌کێکە له‌و گه‌نجانه‌ى حه‌زێکى زۆرى بۆ سه‌گ به‌خێوکردن هه‌یه، له‌ئێستادا خاوه‌نى سێ سه‌گه‌و له‌ماڵه‌وه به‌خێویان ده‌کات.
هه‌رچه‌نده به‌شێکى زۆر له‌ماڵان پێشتر باڵنده یان ماسییان به‌خێوده‌کرد، به‌ڵام به‌خێوکردنى سه‌گ‌و پشیله، له‌ماوه‌ى سێ ساڵى رابردودا بره‌وى زۆرى په‌یداکردوه، خه‌ڵکێکى زۆر بۆ جوانى ئه‌و دوو گیانله‌به‌ره له‌نێو ماڵه‌کاندا به‌خێوده‌که‌ن.
حه‌زى کاردۆ بۆ سه‌گ به‌خێوکردن له‌سه‌ردانێکیدا بۆ شارى به‌غدا ده‌ستیپێکردوه، به‌هاوڵاتی وت «چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چوم بۆ به‌غدا، له‌وێ چوم بۆ ئه‌و بازاڕه‌ى تایبه‌ته به‌ئاژه‌ڵ فرۆشتن، له‌وێ سه‌گێکى بچوکم کڕى ره‌نگێکى قاوه‌یى هه‌بوو، ته‌مه‌نى 40 رۆژ بوو، هێنامه‌وه ماڵه‌وه‌شمان زۆر لایان جوان بوو، واى لێهات حه‌زم ده‌کرد سه‌گى زیاترم هه‌بێت».
کاردۆ ته‌نیا به‌و سه‌گه تاقانه‌وه ناوه‌ستێت‌و له‌ماوه‌ى مانگێکى دواى سه‌ردانه‌که‌ى دوو سه‌گى تر ده‌کڕێت.
وتى «دواى ئه‌وه‌ى که‌وتنه زاوزێ کردن، مێینه‌که‌یان ناوم ناوه (تۆنى)، له‌مانگى حه‌وتى ساڵى رابردوو پێنج بێچوى بوو، سێ دانه‌یان نێر‌و دوو دانه‌یان مێ بون، هه‌ستم به‌خۆشیه‌کى زۆرکرد بینیم وا ژماره‌یان زۆربوو».
به‌زیادبونى ژماره‌ى سه‌گه‌کان ئه‌رکى سه‌رشانى کاردۆش زیادده‌بێت‌و رۆژانه خواردنى تایبه‌ت به‌خۆیان‌و شیرى پێداون تاگه‌وره بون، «به‌ڵام له‌به‌ر زۆرى ژماره‌یان دایکم قبوڵى نه‌کرد له‌ماڵه‌وه بن، ناچار بێچوه‌کانمدا به‌هاوڕێ‌و که‌سه‌کانم».
ماریا محه‌مه‌د (20 ساڵ)و خوێندکارى زانکۆ، ئاره‌زوه‌که‌ى جیاوازه له‌حه‌زه‌که‌ى کاردۆ، ئه‌م کچه ماوه‌ى پێنج ساڵه بوه‌ته هاوڕێى پشیله‌یه‌ک‌و به‌به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵیدایه.
ماریا به‌هاوڵاتی وت «ئه‌م پشیله‌یه‌م هه‌ڵگرتۆته‌وه‌و ئه‌وکاته زۆر بچوک بوو له‌حه‌وشه‌که‌ماندا بوو، منیش حه‌زم لێ‌بوو به‌خێوى بکه‌م‌و هێنامه ماڵه‌وه، سه‌ره‌تا به‌رده‌وام ئه‌چوه ده‌ره‌وه‌و به‌زه‌حمه‌ت ئه‌مدۆزییه‌وه، به‌ڵام دواى ئه‌وه ئیتر راهات له‌گه‌ڵمداو بۆ هه‌رشوێنێک بچم به‌دوامدا دێت‌و هۆگرم بوه«.
وتیشى «دایکم حه‌زى نه‌کردوه له‌لام بێت‌و سه‌ره‌تا قبوڵى نه‌ده‌کرد به‌خێوى که‌م، به‌ڵام زۆرم حه‌ز لێى بوو دواتر به‌ره به‌ره دایکیشم له‌گه‌ڵ دۆخه‌که ڕاهات».
له‌دوکانى تایبه‌ت به‌فرۆشتنى سه‌گ‌و پشیله‌و گیانداره‌کانى تر لەسلێمانى کڕی، له‌وڵاتانى ئه‌وروپا‌و ئێران‌و مالیزیاوه ده‌هێنرێن».
(ن، خ- 24 ساڵ)، خاوه‌نى دوکانێکى ئاژه‌ڵ فرۆشتنه‌و ماوه‌ى چوارساڵه ئه‌و کاره ده‌کات، به‌ڵام له‌به‌ر تانه‌و ته‌شه‌رى ده‌وروبه‌ر نه‌یویست ناوى ته‌واوى بنوسرێت، به‌هاوڵاتی وت «زۆربه‌ى جۆرى ئاژه‌ڵه‌کانمان ئه‌وروپین‌و له‌وێوه ده‌یانهێنین، به‌تایبه‌تیش سه‌گه‌کان، چونکه خه‌ڵک زیاتر حه‌زى له‌سه‌گه‌و کڕیارى هه‌یه«.
هاوڵاتیان سه‌گیان بۆ دوو مه‌به‌ست ده‌وێت، «هه‌یانه جۆرى سه‌گه گه‌وره‌کان ده‌به‌ن بۆ مه‌به‌ستى پاسه‌وانى، جارى واش هه‌یه خه‌ڵک دێت کام سه‌گه‌ى زۆر بچوکه ئه‌وه ده‌کڕێت بۆ منداڵه‌که‌ى یان بۆ جوانى».
(ش.ت – 37 ساڵ)، خاوه‌نى یه‌کێک له‌و دوکانانه‌یه ئاژه‌ڵى تێدا ده‌فرۆشرێت له‌سلێمانى، ئه‌م دوکانداره ده‌ڵێت ئاژه‌ڵه‌کانیان له‌مالیزیاو ئێران‌و زۆر شوێنى دیکه‌ش ده‌هێنن، له‌وێوه بریکاریان هه‌یه بۆیان ده‌هێنن، یان زۆرجار خۆیان ده‌چن.
وتیشى «ئه‌مساڵ به‌هۆى خراپى بارى ئابورى خه‌ڵک‌و نه‌بونى موچه کڕیارمان که‌مبوه له‌چاو ساڵى رابردودا چونکه پار ئه‌م کاتانه به‌بڕى نزیکه‌ى چوار ملیۆن دینار ئاژه‌ڵمان فرۆشتبوو به‌ڵام له‌ئێستادا هیچمان نه‌فرۆشتوه«.
به‌وته‌ى ئه‌م دوکانداره ئه‌گه‌ر وابڕوات ته‌نیا به‌سه‌گ‌و پشیله‌وه ناوه‌ستێت، هه‌وڵده‌دات شێر‌و پڵنگ‌و گورگیش بهێنن بۆ سلێمانى، چونکه خواستیان له‌سه‌ره.
ئه‌وه‌شى به‌هاوڵاتی وت «له‌ئاینده‌یه‌کى نزیکدا جۆرى ئاژه‌ڵه‌کان زیاتر ده‌که‌ین‌و شێر‌و پڵنگ‌و مارو گورگ‌و هه‌موو جۆره ئاژه‌ڵێک ده‌هێنین‌و له‌باخێکى گه‌وره‌دا شوێنیان بۆ داده‌نێین».
ئه‌وه‌ى سه‌رنجى ئه‌م دوکانداره‌ى راکێشاوه، داواکارى کچێک بوه، وتى «له‌ماوه‌ى رابردودا ئه‌وه‌ى سه‌رنجى راکێشام هاتنى کچێک بوو ته‌مه‌نى (20-25) ساڵێک ده‌بوو بۆ ئێره داواى گورگى لێده‌کردم ده‌شیوت به‌س ده‌بێت گورگى ره‌ش بێت چونکه هیوایه‌تى خۆمه«.
به‌خێوکردنى سه‌گ‌و پشیله له‌ماڵه‌وه پێویستى به‌چاودێرى ته‌ندروستى هه‌یه‌و ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نیانه‌وه ده‌رزیان بۆ بکرێت.
هه‌ڵاڵه ره‌ئوف پزیشکى ڤێتێرنه‌رى، ئاماژه به‌وه‌ده‌کات خه‌ڵکێکى زۆر روى له‌به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵ‌و باڵنده کردوه له‌م ساڵانه‌ى دواییدا.
ناوبراو به‌هاوڵاتی وت «رۆژانه خه‌ڵک هه‌یه سه‌ردانمان ده‌که‌ن بۆ وه‌رگرتنى عیلاج بۆ ئاژه‌ڵه‌کانیان له‌کاتێکدا نه‌خۆشبن یان پێویستیان به‌ده‌رمانی بێت، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ى سه‌گ یان پشیله به‌خێوده‌که‌ن له‌سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نیانه‌وه ده‌بێت ده‌رزیان بۆ بکرێت واتا له‌سێ مانگى‌و شه‌ش مانگیشدا، له‌گه‌ڵ قه‌تره‌و حه‌بى تایبه‌ت به‌ئاژه‌ڵه‌که«.
ئه‌و پزیشکه ڤێتێرنه‌ریه جه‌ختیکرده‌وه، به‌خێوکردنى ئه‌م ئاژه‌ڵ‌و باڵندانه له‌ماڵه‌وه پێویستیان به‌چاودێرى پزیشکى هه‌یه، ده‌بێت له‌هه‌ر بارودۆخێکدا یه‌کسه‌ر نیشانى پزیشکى ڤێتێرنه‌رى بدرێت‌و خۆراکى تایبه‌تى خۆیان پێبدرێت‌و له‌شوێنى گونجاو‌دا دابنرێن.
ئه‌و که‌سانه‌ى سه‌گ یان پشیله به‌خێوده‌که‌ن ته‌نها له‌ماڵه‌وه نایانبه‌ستنه‌وه، له‌گه‌ڵ خۆشیاندا ده‌یانبه‌ن بۆ پارکه‌کان یان بۆ سه‌یران.
کاردۆ ئه‌حمه‌د، ته‌نیا به‌وه سوکنایى نایه‌ت له‌ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌گه‌کان بێت، هاوینان هه‌موو شه‌وێک له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانبات بۆ پارکى ئازادى، ئه‌گه‌ریش به‌خێزانی بچنه ده‌ره‌وه دوو دانه بچوکه‌که ده‌بات له‌گه‌ڵ خۆیدا.
وتى «ده‌مه‌وێ هه‌میشه له‌گه‌ڵمدا بن، چونکه له‌م رۆژگاره‌دا که‌سه‌کان وایان لێهاتوه وه‌فایان به‌رامبه‌ر یه‌ک نه‌ماوه ناچار ده‌بین په‌نابه‌رین بۆ ئاژه‌ڵه‌کان».
سەرچاوە : هاوڵاتی