لەماوەی دووساڵدا چوار کرێکاری بیانی بەهۆی “دەستدرێژی سێکسی” گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بازرگانییان پێوەکراوە.
زیا بترۆس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ لەماوەی دوو ساڵدا چوار کرێکاری بیانی کە هاتوونەتە کوردستان بەهۆی دەستدرێژی سێکسییەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش کێشەی یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان دروستدەکات، چونکە دەشێت وڵاتەکانیان بەدوای چارەنووسی هاوڵاتیانی خۆیان بگەڕێن.
هەرلەوبارەیەوە،محەممەد هەژار مەحموود، سەرۆکی رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەماوەی رابردوودا زیاتر لە 50 کرێکاری بیانی بازرگانیان پێوەکراوە.
محەممەد هەژار مەحموود، شێوازی بازرگانییەکە رووندەکاتەوە و دەڵێت: “کۆمەڵێک قاچاخچی لەهەرێمی کوردستان پەیوەندییان دروستکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک قاچاخچی ئاسیا و ناوەڕاستی عێراق، قاچاخچییە کوردەکان لەبری ئەوەی ڤیزای کار بۆ کرێکارەکان وەربگرن کە ماوەی دوو ساڵە، ڤیزای کاتی وەردەگرن کە ماوەکەی سێ مانگە، بەوەش کاتێ کرێکارەکە دێتە هەرێمی کوردستان، تووشی قەرزی زۆردەبێت و ناتوانێت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بۆیە بەناچاری رازی دەبێت ببرێتە ناوەڕاست و باشووری عێراق”.
سەرۆکی رێکخراوی داکۆکیکار لە مافی کرێکارانی بیانی دەڵێت: هەندێجار کرێکارە بیانییەکان بە 7 تاوەکو 8 هەزار دۆلار دەفرۆشرێنەوە.
لە ساڵی 2018 دا سێ هەزار و 337 کرێکاری ناوماڵ و 425 کرێکاری پرۆژەکان هاتوونە هەرێمی کوردستان، هەروەها لەساڵی 2019 تاوەکو ئێستا، دوو هەزار و 270 کرێکاری دیکە هاتوونەتە
هەرێمی کوردستان، زۆرترینی ئەو کرێکارانەی دێنە هەرێمی کوردستان، خەڵکی وڵاتەکانی بەنگلادیش، هیندستان، پاکستان، ئێران، سودان و نیپاڵن.
سەرچاوە:رووداو