لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ لەهەرێمەوە داوای راگرتنی پیشێلكاری بەرانبەر خۆپیشاندەرانی عێراق دەكرێت

لەهەرێمەوە داوای راگرتنی پیشێلكاری بەرانبەر خۆپیشاندەرانی عێراق دەكرێت

0 تێبینییەکان 16 بینینەکان

ژمارەیەک لە رۆژنامەنوس و چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى و نوسەرو مامۆستاى زانکۆ لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانى خۆیان لەسەرکوتکردنى خۆپبیشاندەران و کوشتن و دەستگیرکردن و هەروەها هێرشەکردنە سەر دەزگاکانى راگەیاندن رایگەیاندوە.

لە راگەیەنراوەکەیاندا هاتووە”ئێمە پێمان وایە، ئەم شێوازە لە روبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران كە تیایدا داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان و روبەڕووبونەوە و دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكەن، پێشێلكردنی راستەوخۆی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراقە، هەروەك چۆن پێشێلكردنێكی مافە كەونیەكانی مرۆڤە، كە خۆی لە ئازادی راده‌ربڕین و دەستكەوتنی زانیاری و رێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ و خواستەكانی هاوڵاتیان دەبینێتەوە”
ئاماژەشیان بەوە کردوە، بەم رەفتارەیان دەوڵەتی عێراق بەرەو دەوڵەتێكی ئەمنی توندوتیژی دوور لە بەها دیموكراسیەكان ئاراسته‌ده‌كه‌ن؛ هەروەك چۆن ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی چاكسازی و جێبەجێكردنی خواستەكانی خەڵك و پابەند بوون بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقیش.

دەقى راگەیەنراوەکە:

بۆ رای گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان

چەند رۆژێكە لە شاری بەغداد و بەشێك لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق شەپۆلێكی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری سەریهەڵداوە، لە پێناو خزمەتگوزارەییە سەرەتاییەكان و دادپه‌روه‌ری كۆمەڵایەتی و روبەڕووبونەوەی گەندەڵی و هەژاری و بێكاری، بەڵام لەبری جێبه‌جێ كردنی خواستەكانی خۆپیشاندەران لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق،‌ بە گوللە روبەڕوویان بوونەتەوە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق (104) كه‌س كوژراون و (6107) كەس برینداربوون، ئەمە سەرەڕای دەستگیركردنی سەدان كەسی دیكە. دەزگا ئەمنیەكان تەنها بە روبەرووبونەوەی حۆپیشاندەران نەوەستاون، به‌ڵكو بۆ كپكردنی دەنگی ناڕەزایه‌تیەكان هەڵیانكوتاوەتە سەرنووسینگەی كەناڵەكانی (دیجلە، عەربیە، حەدەس، ئین ئاڕتی عەرەبی، فورات) و چەند دەزگایەكی راگه‌یاندنیان داخستووه. ئێمە پێمان وایە، ئەم شێوازە لە روبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران كە تیایدا داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان و روبەڕووبونەوە و دادگاییكردنی گەندەڵكاران دەكەن، پێشێلكردنی راستەوخۆی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراقە، هەروەك چۆن پێشێلكردنێكی مافە كەونیەكانی مرۆڤە، كە خۆی لە ئازادی راده‌ربڕین و دەستكەوتنی زانیاری و رێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ و خواستەكانی هاوڵاتیان دەبینێتەوە. بەپێی ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2018، رێژەی بێكاری ( 40%) و هەژاری ( 41%)ه‌، بۆ گەندەڵیش عێراق لە پلەی (168)ه‌ لەسەر ئاستی جیهان. لێرەوە بەبیر دەسەڵاتدارانی عێراق دەهێنینەوە، بەم رەفتارەیان دەوڵەتی عێراق بەرەو دەوڵەتێكی ئەمنی توندوتیژی دوور لە بەها دیموكراسیەكان ئاراسته‌ده‌كه‌ن؛ هەروەك چۆن ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی چاكسازی و جێبەجێكردنی خواستەكانی خەڵك و پابەند بوون بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی عێراقیش، بەهەمان شێوە ئەركی روبەڕوونەوەی گەندەڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمەڵایەتی كە لە هەرێمی كوردستان كەمتر نیە لە شارەكانی دیكەی عێراق، دەكەوێتە‌ ئەستۆی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان . بۆیە ئێمە كە پێكهاتووین لە ژمارەیەك كەسایەتی و رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی، بە‌تووندی ئیدانەی پەلاماردان و هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی و دەزگا راگەیاندنەكان دەكەین و، بە رەفتارێكی نامرۆڤانەی دوور لە چوارچێوه یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی دەزانین و، رایدەگەیەنین: بەردەوامی ئەم مامەڵە نامرۆییە و شكاندنی كەرامەتی هاووڵاتیان و گەلانی عێراق دەبێتە هۆی بنبەستبوونی حوكمڕانی عێراق له‌‌ سیستەمێكی سەركوتكار. بۆیە داوا دەكەین:

1- توندووتیژی و دەستدرێژیكردن و سەركوتكاری سەر خۆپیشاندەران بوەستێندرێت و كۆتایی پێبهێندرێت.

2- هەڵمەتەكانی دەستگیركردن و رەشبگیری خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مەدەنی و هاووڵاتیان كۆتایی پێبهێندرێت.

3- دەبێت دەستگیركراوانی خۆپیشاندەر و چالاكوانانی مەدەنی و میدیاكاران بە زووترین كات ئازادبكرێن.

4- خۆپیشاندەرانی بریندار چارەسەری پێویستیان پێشكەش بكرێت و دەرگای نەخۆشخانەكان بەبێ فشاری هێزە ئەمنییەكان لەبەردەمیان كراوەبێت.

5- رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن ئازادبن لە رووماڵی كاری رۆژنامەنووسیان و هێرشەكانی سەریان بووەستێندرێت.

6- بكوژانی خۆپیشاندەران و چالاكوانانی مه‌ده‌نی لە دەزگا ئەمنییەكان رادەستی یاسا و دادگاكان بكرێن و دەربازیان نەبێت لە سزای یاسایی.

ناوەكان:

1- نیاز عه‌بدوڵڵا

2- محه‌مه‌د ره‌ئوف

3- خالید سلێمان

4- ته‌حسین قادر

5- شوان محه‌مه‌د

6- كه‌مال ره‌ئوف

7- رووناك ره‌فیق

8- سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

9- ئه‌نوه‌ر حسێن

10- ئارام مه‌حمود

11- پێشه‌وا چۆمانی

12- فازڵ حه‌مه‌ ره‌فعه‌ت

13- ئاوات محه‌مه‌د پیروه‌یس

14- یاسین ته‌ها

15- ئالان به‌رزنجی

16- عه‌لی كه‌ریمی

17- به‌شدار عوسمان

18- رێبوار ئه‌وڕه‌حمان

19- سه‌نگه‌ر ره‌سوڵ

20- شه‌یدا ئه‌نوه‌ر

21- هیوا عومه‌ر

22- فه‌رهاد چۆمانی

23- مه‌عروف مه‌جید

24- هوشیار مالۆ

25- هۆگر چه‌تۆ

26- شوان سابیر

27- رێبین ره‌سوڵ

28- جه‌زا محه‌مه‌د

29- ئازاد عوسمان

30- كامه‌ران عوسمان

31- بابان جه‌عفه‌ر

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە