فلادیمیر ئیلیتش- لینین
وەرگێرانی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو – ١٩١٢ – بیست و پێنج ساڵ بەسەر مەرگی شاعیری کرێکارانی فەرەنسیی ئۆجین پۆتیە دانەری سروودی بەناوبانگی پرۆلیتاریا “سروودی ئینتەرناسیونال” تێپەڕی.
ئەو سروودە بۆ سەرجەم زمانەکانی ئەوروپا و جیهان وەرگێردراوە. لەهەر وڵاتێک کرێکاری وشیار و بەئاگای چینایەتی جا قەدەر بۆ هەر کوێیەک فڕێی دابێ، هەرچۆنێک هەست بە نامۆیی بکات، زمان نەزانێت، هاوڕێی نەبێت، دوور بێت لە نیشتمانی خۆی، دەتوانێت دۆست و هاوڕێ لە ڕێگەی سەربەندی دووبارەبووەوەی سروودی ئەنتەرناسوناڵ بدۆزێتەوە.
بەم جۆرە ئێستا کرێکاران لە گشت جێیەک ڕێز لە ئۆجین پۆتیە دەگرن. تا ئێستاش هاوسەرەکەی و کچەکەی زیندوون و لە دۆخی هەژاریدا دەژێن، هەروەک خاوەنی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ کە سەرتاپای ژیانی لەو دۆخە ناهەموارەدا ژیا. ئۆجین پۆتیە لە شاری پاریس لە چواری تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨١٦ لە دایک بووە. تەمەنی چواردە ساڵان بووە کاتێ یەکەمین سروودی داناوە لەژێر ناوی بژی ئازادی. ساڵی ١٨٤٨ دەبێتە جەنگاوەرێکی سەنگەرەکانی شەڕی گەورەی کرێکاران لەدژی بورژوازی.
ئۆجین پۆتیە لە خێزانێکی هەژار لە دایک بوو و تا مردیش هەر بە هەژاری مایەوە. بژێوی خۆی بە کۆڵکێشی دابین دەکرد. دوایش بوو بە نەخشسازی قوماش.
لە ساڵی ١٨٤٠ بەدواوە، ئۆجین پۆتیە لەڕێگەی سروودە شۆڕشگێڕەکانییەوە وەڵامگۆی سەرجەم ڕووداوە مەزنەکانی ژیانی فەرەنسا بوو، ئەویش بە هۆشیار کردنەوەی کرێکارانی ناهۆشیار و بانگەوازکردنی کرێکاران بۆ یەکگرتن. بەمەش تەنگی بە بورژوازی و دەوڵەتی بورژوازی فەرەنسیی هەڵچنی
لە ڕۆژەکانی کۆمۆنەی پاریسی مەزن ساڵی ١٨٧١، پۆتیە وەک ئەندام هەڵبژێردرا.لە کۆی ٣٦٠٠ دەنگ ٣٣٥٢ دەنگی بەدەست هێنا. لەسەرجەم چالاکییەکانی کۆمۆنەی پاریس یەکەمین حکومەتی پرۆلیتاریا بەشدار بووە
بەڵام ڕووخانی کۆمۆنە پۆتیەی ناچار بە هەڵاتن کرد بۆ بەریتانیا و لەوێشەوە بۆ ئەمریکا. پۆتیە سروودە بەناوبانگەکەی -ئینتەرناسیونال-ی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٨٧١، نووسی. کە دەتوانین بڵێین ڕۆژێک دوای شکستە خوێناوییەکەی مانگی ئایار.
کۆمۆنە تێک شکا، بەڵام سروودی ئەنتەرناسونالی پۆتیە بیروباوەڕی کۆمۆنەی بە هەموو دونیادا بڵاو کردەوە. بە جۆرێک کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، زیندووترە.
ساڵی ١٨٧٦ پۆتیە لە مەنفا شیعری لە کرێکارانی ئەمریکاوە بۆ کرێکارانی فەرەنسا نووسی. تیایدا ژیانی کرێکاران لەژێر بەرداشی سەرمایەداری، هەژارییان، ڕەنجی کەمەرشکێنیان، چەوسانەوەیان، وە باوەڕیان بە سەرکەوتنی داهاتووی مەسەلەکەیان، وەسف دەکات.
تەنها نۆ ساڵ دوای کۆمۆنە، پۆتین گەڕایەوە فەرەنسا و یەکسەر پەیوەندی کرد بە ڕیزەکانی حیزبی کرێکارانەوە. بەرگی یەکەمی شیعرەکانی لە ساڵی ١٨٨٤ و بەرگی دووەمیش بەناوی گۆرانییە شۆڕشگێڕەکان لە ساڵی ١٨٨٧ بڵاو بوونەوە.
ژمارەیەک سروودی تری ئەم شاعیرە کرێکارە دوای مردنی بڵاو کرانەوە.
لە هەشتی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٨٧ کرێکارانی پاریس تەرمی ئۆجین پۆتییەیان خستە سەرشان بەرەو گۆڕستانی پیر لاشیز کە گۆڕی کۆمۆنە ئیعدامکراوەکانی لێبوو. پۆلیسیش بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە هێرش دەکاتە سەریان بۆ ئەوەی ئاڵا سوورەکانیان پێ دابگرێت. خەڵکێکی یەکجار زۆر بەشدارییان لەناشتنی تەرمی کەسێکی سیڤیڵدا کرد، لەهەموو لایەکەوە دەنگی ” بژی پۆتیە” بەرز دەبۆوە.
پۆتیە بە هەژاری مرد، بەڵام یادگارییەکی بەڕاستی نەمری لە نووسین بۆ مرۆڤ لەپاش خۆی بە جێهێشت. پۆتیە لە ڕێگەی سروودەکانییەوە یەکێک بوو لە گەورەترین موبەلیغەکان. کاتێ سروودی یەکەمی دانا ژمارەی کرێکارە سۆشیالیستەکان دەیان کەس دەبوون. بەڵام ئێستا دەیان ملیۆن پرۆلیتاری بە سروودە مێژووییەکەی ئۆجین پۆتیە ئاشنان.