لە ئینگلیزیەوە: بڕوا عەلادین
دوا چیرۆکی کۆمیدییانەی (چارلی چاپلن) ئەوە بوو کە دەیەوێت نیوەی خەڵاتە سۆڤێتیەکەی وەک کۆمەک، ببەخشێتە سندوقی یارمەتیەکانی (باوکە پیار) بۆ هەژاران. خۆی لە بنەڕەتیشدا ئەمە مانای یەکسانی سروشتییانەی نێوان هەژار و پرۆلیتاریا دەگەیەنێت، چونکە دیدی چاپلن بۆ هەژاران هاوشێوەی تێڕوانینیشیەتی بۆ پرۆلیتاریا: هێزی مرۆڤدۆستانەی نمایش و فیلمەکانی و ئاڵۆزیە سیاسیەکانیشیان، هەر لەمەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمە زۆر بە ئاشکرا لە فیلمەکەی (سەردەمە مۆدێرنەکان) دا دەبینین، چونکە لەو کارەیدا بە بەردەوامی دەست بۆ بابەتی پرۆلیتاریی دەبات، بەبێئەوەی خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە ئەرکە سیاسییەکەی.
ئەوەی ئەو نیشانمانی دەدات بوونی کەسێکی ڕەنجدەر و زەحمەتکێشە کە هێشتا کوێر و هەڵخەڵەتاوە، چ ڕاستەوخۆ لە سروشتی خۆیدا و چ وەک کەسێکی نامۆبوو بەدەست سەرکار و سەروەرەکانیەوە (پۆلیسیش). بەلای چاپلنەوە، کەسی زەحمەتکێش هەر بە سکی برسی دەمێنێتەوە. لای ئەو، خودی نیشاندان و وێنەگرتنی برسێتییش سەردەکێشێت بۆ چەشنێک لە داستان: قەبەبوونێکی زیاد لەپێویست و نائاساییانەی ساندویچ، ڕووبارێک لە شیر، ئەو میووانەی کە خەڵکانێک بێئەوەی قەپێکیان لێبگرن، بێباکانە توڕیاندەدەن. لای ئەو، لە پڕێکدا و بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە ئامێرێک بۆ نانخواردن دەبینین، ئامێرێک کە پەیوەندی بە سەرکار و خاوەنئیشەوە هەیە: ئامێرێکی پووچ و بێمانا کە تەنها خواردنمان لەشێوەی پارووی بچووکبچووک و تیکەتیکەدا دەداتێ.
مرۆڤی چاپلنی (وەک ئەوەی کە خۆی وێنەی دەکێشێت) بوونەوەرێکە کۆیلە و زیندانی برسێتیەکەی خۆی، هەمیشە دەکەوێتە ژێر کاریگەری ڕووداوی سیاسیەوە: مانگرتن بۆ ئەو کارەساتە، چونکە هەر بە ڕاستی هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی مرۆڤێک کە برسێتی و سکهەڵگووشین کوێریان کردووە. ئەو مرۆڤە تەنها لەو کاتەدا بە چینی کرێکاران دەگات کە زەحمەتکێش و هەژار لە ژێر چاوی (لێدان و زەبرەکانی) پۆلیسدا بە یەکتری دەگەن. لەسەر ئاستی مێژوویی، چاپلن تا ڕادەیەک باس لە کرێکار لە قۆناغی ڕیفۆرمی شۆڕسی فەرەنسیدا دەکات، واتە ئەو دەمەی کە ئیدی کرێکارانی ئیشی دەست (دەستکارەکان) لە ئامێر یاخی دەبن، لە مانگرتنەکان نائومێد دەبن و مەسەلەی نان (بە ماناحەرفیەکەی وشەکە) بەتەواوەتی بە لای خۆیدا ڕایاندەکێشێت، لێ هێشتا هەر ناتوانن بە زانین و ناسینی هۆکارە سیاسیەکان و پێویستیی بوونی ستراتیژێکی کۆمەڵایەتی، بگەن.
بەڵام هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە چاپلن وێنەی جۆرە پرۆلیتاریایەکی سەرەتاییمان بۆ دەکێشێت کە هێشتا لە دەرەوەی شۆڕشە و هێزە نمایشییەکەیشی زۆر گەورە و بەرفراوانە. تا ئێستا هیچ کارێکی سۆسیالیستی نیە بتوانێت بەو شێوەیە توندوتیژ و هاوکات نەرمەیشەوە کە چاپلن پێیان گەیشتووە، گوزارشت لەو مەرجانە بکات کە کرێکار دەچەوسێننەوە و کەمنرخی دەکەن. ڕەنگە تەنها برێخت توانیبێتی باس لە پێویستیی ڕەچاوکردنی دۆخی مرۆڤ لە سەروبەندی شۆڕشدا بکات، ئەویش لە بەرژەوەندی هونەری سۆسیالیستی، واتە ئەو مرۆڤە هێشتا کوێرە و بە هۆی کەڵەکەبوونی سرووشتیانەی بەدبەختیەکەیەوە، دەتوانێت سەرپەرشتی کرانەوە بەسەر ڕۆشنایی شۆڕشگێڕانەدا بکات. دواتر، کارەکانی تریش بە هۆی هەر هۆکارێک یا حیزبەوە فاکتەری خەباتی هۆشیارانەیان دەرخست، ئەمە جگە لەوەی کە لەو سەردەمەدا پێویستی و گرنگیی واقیعی سیاسی لەبەرچاو گیرا، بەڵام واقیعێک کە خاڵیە لە هێزی جوانی و ئیستاتیکی.
هاوشێوەی بیرۆکەکەی برێخت، ئەمێستا چاپلنیش بە نیشاندانی خۆی وەک کوێرێک کە ئەوەی لە بەردەمیدایە نایبینێت، کوێریی جەماوەر خۆی نیشانی جەماوەرە کوێرەکە دەداتەوە تاوەکو بتوانن لە کوێری ئەمدا، دیمەنی کوێریی خۆیان ببینن. ئەڵبەتە نیشاندانی کەسێکی نابینایش، کەسێک کە هیچ نابینێت، باشترین ڕێگەیە بۆئەوەی زۆر بە ڕوونی ئەو شتانە نیشانبدەیت کە نابینرێن. لە دیمەنی لێبووکەکەیشدا، ئەوە بەتەنها مناڵەکانن کە دژ بە لێبووکەکە دەوەستنەوە، چونکە وا خۆی نیشاندەدات کە هیچ نابینێت. بۆ نمونە چاپلن لە سوچێکی ماڵەکەی خۆیدایە، چواردەوری بە پاسەوانەکانی گیراون، ژیانی ئایدیاڵی خۆی وەک هەر وردە بۆرژوایەکی ئەمریکی بەسەر دەبات: دەیبینیت قاچ لەسەر قاچ دانیشتووە و لە ژێر وێنەی پۆرترەیتێکی لینکۆلن دا ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە، بەڵام هەر خودی ئەو شێوازە جوان و قەشەنگەی دانیشتنەکەی، دەبنە مایەی ئابڕووبردنی، بەبێ تێبینیکردنی کۆی ئەو نامۆبوونەی لە پشتی ئەو شێوازە دانیشتنەوە کەڵەکەبووە، ناتوانین بڵێین دۆخێکە کە دەتوانێت لە پشتیەوە خۆی بشارێتەوە.
ئا بەو شێوەیە دەبینین کە ساناترین چەشنی گرەوکردن لەسەر گۆڕانکاری، بێ سوودە، وەکچۆن دواجار هەژاریش بە بەردەوامی هەر بە هەژاری و (دابڕێندراو و قرتێندراو) لە ئارەزووەکانی دەمێنێتەوە. دەرەنجامیش هەر ئەوە هۆکاری سەرکەوتنی چاپلنە بەسەر هەموو شتێکدا: چونکە ئەو لە هەموو شتێک دەربازی دەبێت، هەر جۆرە فەرمایشت و ئامۆژگاریەکیش ڕەتدەکاتەوە، تەنیا شتێکیش کە ئەو گرەوی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە و لێهەڵهێنجاندنەوەی لەسەر بکات، تەنیا و تەنیا خودی مرۆڤە. لەسەر ئاستی سیاسی، دەکرێت گفتوگۆ دەربارەی ئاژاوەگێڕیی و ئانارکیبوونەکەی بکەین، بەڵام لە ڕووی هونەریەوە، شێوازەکەی چاپلن کاراترین جۆری شۆڕشە.
سەرچاوە:
MYTHOLOGIES: Roland Barthes
، THE NOONDAY PRESS – NEW YORK، Selected and translated from the French by ANNETTE LAVERS
،Twenty-fifth printning, 1991
. لاپەڕەکانی ٣٨-٣٩