و: جهلال دهباغ
١
لە منداڵيەوە هەوڵدەدەم
وێنەی وڵاتێک بکێشم
کە – ناويان لێناوە – وڵاتی عەرەب
ئەگەر شوشەی مانگم شکاند… لێمدەبوورێ
ئەگەر شيعرێکی خۆشەويستيم نوسی… سوپاسمدەکا
رێگەمدەدا کردەی خۆشەويستی بکەم
وەک هەموو چۆلەکەکانی سەرداران…
هەوڵدەدەم وێنەی وڵاتێک بکێشم
فێرمدەکا کە هەميشە لەئاستی ئەشقدابم
بەهاوينان، عەبای خۆشەويستيم، لەژێرتۆدا رادەخەم و،
کاتی باران کراسەکەت بۆ دەگوشم…
٢
هەوڵدەدەم وێنەی وڵاتێک بکێشم…
پەرلەمانێکی هەبێت لە ياسەمين.
گەلێکی ناسک و نەرم لە ياسەمين.
کۆترەکانی لەبان سەرم بخەون و،
منارەکانی لەچاومدا بگرين.
هەوڵدەدەم وێنەی وڵاتێک بکێشم
کە دۆستی شيعرەکانمبێ.
لوتنەژەنێتە نێوانی خۆم و گومانەکانی من. سەربازەکان لەسەر ناوچەوانم
هاتوچۆيان دەستپێ نەکەن.
هەوڵدەدەم وێنەی وڵاتێک بکێشم…
ئەگەر پارچە شيعرێکم نوسی، پاداشتم پێببەخشێ
ئەگەر روباری شەيدابوونم هەڵچو، لێمببورێ
٣
هەوڵدەدەم وێنەی شارێکی خۆشەويستیی بکێشم…
لە هەموو گرێ و گۆڵێکی رزگاربووبێ…
لەو شارەدا مێيايەتی سەرنەبڕن…
لەشەکانيش دانەپڵۆسن…
٤
بەرەو باشور… بەرەوباکور…کۆچمکرد و…
بەبێ سوودبوو…
قاوەی گشت قاوەخانەکان، يەک چێژدارن…
هەموو ژنەکانيش ئەگەر رووتبونەوە
يەک بۆندارن…
هەموو پياوانی خێڵەکەش
چێشتەکەی دەميان ناجون و
ژنان بە يەک تاقەچرکە هەڵدەلوشن.
٥
لەسەرەتايەکانەوە هەوڵدەدەم…
لەکەس نەچم…
هەردەم پەيڤی قوتوکراوم دايەدواوە.
پەرستنی هەر بتێکم دايەدواوە…
٦
هەوڵدەدەم هەموو ئەو دەقانەی لەبەرياندەکەم بسوتێنم.
هەندێ شيعر خۆيان گۆڕن،
هەندێ زمان خۆيان کفنن.
بەڵێنی ژوانم بەدوا مێینە دا
بەڵام کات بەسەرچووبوو کە هاتم…
٧
هەوڵدەدەم پاکانە لە وشەکانم بکەم
لە نەفرەتی ”موبتەدا و خەبەر…”
تەپوتۆز لە خۆم دەتەکێنم.
دەموچاو بە ئاوی باران دەشۆم …
هەوڵدەدم لە دەسەڵاتی لم بکشێمەوە…
مالئاوا (قوڕەيش)…١
ماڵئاوا (کليب)…
ماڵئاوا (مضر)…
٨
هەوڵدەدەم وێنەی وڵاتێک بکێشم
کە – ناويان لێناوە – وڵاتی عەرەب
پێخەفم تێيدا جێگيرە
سەريشم تێيدا جێگيرە
تا جياوازیی نێوان وڵات و کەشتيەکان بزانم…
بەڵام… سينیی وێنەکێشانيان لێبردم.
رێگەياننەدام وێنەی روخساری نيشتيمان بکێشم…
٩
لە منداڵيەوە هەوڵدەدەم
گەردونێک لە ياسەمين بکەمەوە
لەمێژوی هەموو عەرەبدا…
يەکەمين ئوتێلی خۆشەويستيم
دامەزراند…
تا پێشوازیی ئاشقان بکات…
هەموو جەنگە دێرينەکانم
هەڵوەشاندەوە
لەنێوان پياوان و… ژناندا…
لەنێوان کۆترو سەربڕانی کۆتردا…
لەنێوان مەڕمەرو ئەوانەی سپياتی مەڕمەڕ
دەڕوشێنن…
بەڵام… ئوتێلەکەيان داخستم…
گوتيان هەرگيز خۆشەويستی
بەڕابوردوی عەرەب ناشێ…
بە پاکژیی عەرەب ناشێ…
بە ميراتیی عەرەب ناشێ…
ئای چەند سەيرە!!
١٠
هەوڵدەدەم شێوەی نيشتيمانەکەم
بێنمەبەرچاو
هەوڵدەدەم شوێنم لە سکی دايکمدا
دەستخەمەوە
پێچەوانەی ئاوی رۆژگار مەلەبکەم…
هەنجيرێک و، بادامێک و، قۆخێک بدزم
وەک مەلەکان بەدوای کەشتيدا بازبدەم…
هەوڵدەدەم بەخەياڵ بەهەشتی بەرين ببينم
چۆن مۆڵەتەکەم
لەناو روبارەکانی مرواريدا٢
لەناو روبارەکانی شيردا
بەسەردەبەم…
کاتێک بەخەبەرهاتمەوە…
زانێم خەونەکەم چەند بێ بنەوانە
نە مانگ لە ئاسمانی (ئەريحادا) هەيە…
نەماسی لە ئاوی فوراتدا…
نە قاوە لە شاری عەدەندا…
١١
هەوڵدەدەم بە شيعر… مەحاڵ بگرم…
دارخورمايەک بڕوێنم…
بەڵام ئەوان لە وڵاتەکەم…قژی دارخورماکان دەبڕن…
هەوڵدەدەم حيلکەی ئەسپ بەرزتربێ
بەڵام خەڵکی شار زۆر رقيان
لە حيلکە حيلک دەبێتەوە.
١٢
خانمەکەم هەوڵدەدەم تۆم خۆشبوێ…
بەدەر لەهەر نەريتێکی دێرينەکان…
بەدەر لە هەموو دەقەکان…
بەدەر لەگشت شەريعەت و سيستەمەکان
خانمەکەم هەوڵدەدەم تۆم خۆشبوێ…
لەهەر تاراوگەيەکدا من
بەئاوارەیی بۆیچووبم…
تا ئەو رۆژەی لە ئامێزت دەگرم
واهەست بکەم خاکی نيشتيمانەکەم
لە ئامێزدەگرم…
١٣
لەوکاتەوە کە منداڵبووم،
هەوڵدەدەم هەر پەڕاوێکم دەستکەوێ
کە باسی پەيامبەرانی عەرەب بکات
کە باسی ژيرانی عەرەب بکات…
يا باسی شاعيرانی عەرەب بکات…
بخوێنمەوە…
بەڵام سەيرە!!
هيچ شيعرێکم نەبينيوە ئەوەنەبێ
کە پێی خەليفە دەلێسێتەوە
لەپێناو مشتێک برنج و…
پەنجا درهەم…
ئای کە سەيرە!!
هيچم نەدێ لەو خێڵانەبەدەر
کە جياوازی لەنێوانی گۆشتی ژن و…
خورمای تازەداناکەن…
ئای کە سەيرە!!
هيچم نەدی لەو رۆژنامانەبەدەر،
کە جلەکانی ژێرەوەيان…
بۆ هەر سەرۆکێک لە غەيبەوە دێ…
بۆ هەر سەرهەنگێک بەسەر تەرمی گەلدا دەڕوا…
بۆ هەر سووخۆرێک هەردو لەپی پڕ لە زێڕو ئاڵتون دەکا…
لەبەر خۆيان دادەماڵن…
ئای کە سەيرە!!
١٤
وا پەنجا ساڵە من،
چاودێریی باری ژيانی عەرەب دەکەم.
دەيانبينم دەگرمێنن، ناشبارێنن…
دەچنە ناو جەنگەوە، لێشيان نايەنەدەرەوە…
پێستی رەوانبێژیی دەجوون
هەرسيان ناکەن…
١٥
پەنجا ساڵە هەوڵدەدەم
وێنەی وڵاتێک بکێشم
کە – ناويان لێناوە – وڵاتی عەرەب
کاتێک بە رەنگی خوێنبەرەکان وێنەمکێشا
کاتێک بە رەنگی توڕەبوون.
کە وێنەکێشان تەوابوو لەخۆم پرسی:
ئەگەر رۆژێک مەرگی عەرەبيان راگەياند…
لەکام گۆڕستان دەنێژرێن؟
کێن ئەوانەی بۆياندەگرين؟
لەکاتێکدا کيژيان نيە…
کوڕيان نيە…
نە دڵگيری هەيەو،
نە کەسانێک کە دڵگيربن!!
١٦
لەو کاتەوە دەستم بە نوسينی شيعرەکەم کردووە
هەوڵدەدەم ماوەی نێوان خۆم و باوباپيرانی عەرەبم بپێوم.
لەشکرەکانم دی… ئای چۆن لەشکرێک…
فتوحاتم دی… ئای چۆن فتوحێک…
سەرنجی گشت جەنگەکانم دا لەسەر شاشەی تەلەفيزيۆن…
کوژراوەکان لەسەر شاشەی تەلەفيزيۆن…
برينداران لەسەر شاشەی تەلەفيزيۆن…
سەرکەوتنيش لە يەزدانەوە بۆمان دێ…
لەسەر شاشەی تەلەفيزيۆن…
١٧
ئەی نيستيمانم: کرديانيتە زنجيرە درامایەکی ترسناک
ئێواران سەرنجی رووداوەکانی دەدەين.
جا ئەگەر کارەبايان لێبڕین
چۆن بتبينين؟؟
١٨
من خۆم پاش پەنجا ساڵ
هەوڵدەدەم ئەوەی ديومە تۆماریکەم…
گەلانم ديوە وا گوماندەبەن کە پياوانی هەواڵگری٣
فەرمانێکن لە يەزدانەوە…وەک سەرئێشە…وەک هەڵامەت…
وەکو گولی… وەکو گەڕی…
عروبەم دی لە مەزادی مۆبيليايە کۆنەکاندا
پيشاندەدرێ…
بەڵام… لەوێ
عەرەبم نەدی!!
١٩٩٦ – لەندەن
_____________________________
١– ناوی سێ خێڵی عەرەبن (قوڕەيش، کليب، مضر).
٢– لە شيعرەکەدا “عقيق” نووسراوە.
٣– لە شيعرەکەدا ” المباحث” نووسراوە.