چەندین توێژینەوە سودەکانى شیرى دایک بۆ منداڵى ساوایان دوپاتکردوەتەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە شیرى دایک سروشتى و پڕ پرۆتین و منداڵ لە نەخۆشى دەپارێزێت، توێژینەوەیەکى نوێ دەریدەخات سەربارى ئەو سودانە، شیرى دایک دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەى منداڵ کە گەورەبو دەوڵەمەند و پارەدار دەربچێت.
لێکۆڵینەوەکانى پێشو ئاماژەیان بەوەکردوە کە شیرى دایک بۆ منداڵ ئاستى زیرەکى منداڵ بەرزدەکاتەوە و لێکۆڵینەوەیەکى نوێ-ش کە لە وڵاتى بەرازیل ئەنجامدراوە جەخت لە هەمان زانیارى و پەیوەندى نێوان شیرى دایک بە ئاستى زیرەکیەوە دەکات.
د.بیرناردۆ لیسا هۆرتا، ئەنجامدەری لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:” توێژینەوەکە لەسەر نزیکەى (3500) منداڵى ساوا لەسەر ئاستى هەمو چین و توێژە جیاوازەکان بەنمونە وەرگیراوە و ئەوانەى کە شیرى سروشتیان خواردوە ئاستى زیرەکییان لە پلەیەکى بەرزدا بوە”.
وتوشیەتى: “پێدانى شیرى سروشتى بۆماوەى (12) مانگ یان زیاتر بە منداڵ ئاستى زیرەکى و تەنانەت ئاستى داهاتیشى زیادەکات، چونکە شیرى دایک دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک مادە کە رۆڵى کاریگەر و گەورەیان هەیە لە گەشەکردنى عەقڵى و دەرونى لاى منداڵ، ئەوەش وادەکات ئاستى تێفکرین و بیرکردنەوەیان زیاتر ببێت”.