ئاژانسی ناسا ڕایگەیاند لە ساڵی داهاتوودا گەشتیاران دەگەیەننە بۆشایی ئاسمان.
ناسا لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دەستدەکەن بە ناردنی گەشتیاران بۆ سەر وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ساڵانە دوو گەشتی تایبەت بۆ بۆشایی ئاسمان ڕێگەی پێ دەدرێت و هەموو گەشتێک ماوەی ٣٠ ڕۆژ دەخایەنێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم گەشتانە هەرزان نابن، هەموو شەوێک مانەوە لەسەر وێستگەکە بۆ هەموو سەرنشینێک ٣٥ هەزار دۆلاری تێدەچێت.
بەرپرسی سەرەکیی دارایی ناسا ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گەورەیە، ناسا وێستگەی نێودەوڵەتی بەڕووی گەشتیاراندا دەکاتەوە و بۆ لەمەودوا سوودی دارایی و بازرگانیی لێ وەردەگیرێت.”
ناسا داوای لە هەردوو کۆمپانیای بۆینگ و سپەیس ئێکس کردووە کە لەم جۆرە پرۆگرامانەدا یارمەتییان بدەن و ئەو دوو کۆمپانیا گەورانە ماوەی چەندین مانگە کار لەسەر دروستکردنی کەشتییەکی ئاسمانی دەکەن بۆئەوەی پێش ساڵی نوێ تاقیکردنەوەی پێ بکرێت.