بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق(سۆمۆ) رایدەگەیەنێت دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك نوێ نییەو بەشێكە لەرێكەوتنی بودجەی ساڵی 2016 لەگەڵ حكومەتی هەرێمداو بۆساڵی ئایندەش هیشتا هیچ رێكەوتنێك نەكراوە.
فەلاح عامری بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق(سۆمۆ) ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسیا پاسیفیك (APPEC) لە سەنگافور بە رۆیتەرزی راگەیاندووە”لەساڵی داهاتوودا گەشەكردنێكی بەردەوام دەبێت لە بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوتی خاوی عیراقدا. بەڵام روون نیە چەندە زیاددەكات”.
لەمانگی ئابی رابردودا بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عیراق بریتی بووە لە (4.638) ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە.
سەبارەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی خاوی كەركوكیش لەرێگای بۆری نەوتی هەرێمەوە، فەلاح عامری ڕایگەیاندووە”ئەوە شتێكی نوێ نیی، ئەوە بەشێكە لەرێكەوتنی بودجەی ساڵی 2016″.
دەشڵێت”رۆژانە نزیكەی 70 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لەرێگای بەندەری جیهانەوە هەناردەكرێتو داهاتەكەی بە رێژەی پەنجا بە پەنجا لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عیراقدا دابەشدەكرێت”.
18ی مانگی رابردوو كۆمپانیای نەوتی باكور(سەر بە سۆمۆیە) دەستی كردەوە بەهەناردەكردنەوەی نەوتی خاوی كەركوك لە بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەوەش دوای 5 مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێی هەرێمەوە بەهۆی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداوە.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ ئاشكراشیدەكات هێشتا هیچ رێكەوتنێكی ئاشكرا نییە بۆ چارەسەركردنی هەناردەكردنی نەوتی كەركوكو داهاتەكەی بۆ ساڵی ئایندە، وتی”شتە گرنگەكە ئەوەیە جۆرێك لە رێكەوتن هەیە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمدا. بەڵام ڕەنگە چانسێك هەبێت لە داهاتوودا”.
فەلاح عامری ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان هیچ كێشەیەكیان نییە لەگەڵ بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاوی خۆیانداو داواكارییەكی زۆر هەیە بۆ نەوتی سوكو قورسی بەسرە.
لەبارەی جێگیركردنی نرخی نەوت لەبازاڕی جیهانی، بەڕێوەبەری سۆمۆ باسیلەوەكرد عیراق پشیتوانی دەكات لە جێگیركردنێكی جیهانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو ئەگەر ئەوە بازاڕی نەوت ببوژێنێتەوە.
“حكومەتی ئێمە پشتیوانی لە جێگیركردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەكاتو ئێمە پێویستە پشتیوانی لە جێگیركردنەكە بكەین. ئێمە توانای بەرهەمهێنانی زۆرترمان هەیە، بەڵام ئەگەر جێگیركردنەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بێتو بازاڕی نەوت سەقامگیر بكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە جێگیركردنەكە لە بەرژەوەندی ئێمەیە” فەلاح عامری وای وت.