ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی نوسیویەتی، پسپۆڕانی تەندروستی لە بەریتانیا هەڵمەتێکی هۆشیاریان لەبارەی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و خوێندنگاکان دەستپێکردووە و چەند ڕێنماییەکیان بۆ خوێندکاران دیاریکردووە کە ئەمانەن:
– دۆخی دەروونیت هێوربکەرەوە و شوێنەکەت بگۆڕە تا هەست بە ئارامی دەکەیت.
–بەلایەنی کەمەوە یەک کاتژمێر پێش خەوتن واز لە پێداچوونەوە بە بابەتەکاندا بهێنە.
– خۆت بە هاوڕێکانت بەراورد مەکە، ئەمە دڵەڕاوکێ زیاد دەکات.
– خواردنی باش بکە و لە خواردنی خێرا و خواردنەوە وزەبەخشەکان دووربکەوەرەوە.
– بە بەردەوامی پشووی کورت لە خوێندنەوەی بابەتەکان وەربگرە.
– کاتێک بۆ ڕاهێنانی جەستەیی و وەرزشکردن تەرخانبکە ئەمە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئیندۆرفین و هەستکردن بە دڵخۆشی.
یەکێکی دیکە لە ڕێنماییەکان کە دەدرێتە خوێندکاران ئەوەیە، کە دەبێت خوێندکار لەبیریبێت تاقیکردنەوەکانیان تەواوی چارەنوسی ژیانیان دیاری ناکات.
هەر خوێندکارێکیش کە نەیتوانی سەرکەوتوو بێت دەرفەتێکی دیکەی دەبێت بۆ دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکەی و بەدەستهێنانی نمرەیەکی باشتر.
یەکێکی دیکە لە هۆشیارییەکان ئەوەبووە، ئەو خوێندکارەی کە نەیتوانیووە بچێتە ئەو بەشەی زانکۆ کە خوازیاریەتی، دەتوانێت لە پەیمانگایەک بخوێنێت و هەمان بوار هەڵبژێرێت تا لە داهاتوودا بتوانێت بە نمرەی بەرز و بە ئەزموونێکی زیاترە و بچێتە زانکۆ.
لە بەشێکی دیکەی هەڵمەتەکەدا، داوا لە خوێندکاران کراوە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە ئەزموونی خۆیان بکەن لەگەڵ دڵەڕاوکێ لەکاتی تاقیکردنەوەکانی خوێندنگادا.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانەش ئەوەیە هانی گەنجان بدرێت بە کراوەیی باس لە دۆخی دەروونی خۆیان بکەن و هاوڕێیان و کەسانی لەخۆیان گەورەتر لە ژیانیان ئاگاداربکەنەوە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی نوسیوە، یەکێک لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا ئاشنابوونە بە کەشی تاقیکردنەوە، ئەگەر کەسێک لە ژێر فشاردا یاخود لە کەشێکی هاوشێوەی هۆڵی تاقیکردنەوەدا کاریکردبێت ئەوا تاقیکردنەوە لەلای ئاسانتر دەبێت.