بەسروشت حەزم لە هەڵوێستە پەڕگرەکان نیە، واتە ئەوەی هیچ سنوورێکی لەلا نیە و هەموو شتی پێ رەوایە، لەگەڵ ئەوەی ژیان بەلایەوە هەمووی سنوور و سانسۆر و موحەڕەماتە..
خەڵکێک دەناسم زۆر، هەر زۆر دژی دین و ئیسلام و هەموو سیما و هەست و ئاکارێکی دینین، ئەمانە تا بۆیان بکرێ هەوڵ دەدەن کۆمەڵگە بەو ئاقارەدا ببەن، بەتایبەت کە ئەمانە ئەهلی پاره و مەسولیشیان تێدایە، هەندێ جار هەست دەکرێ بۆنە شاییئامێزەکان بۆ ئەو مەبەستە بەکار دێنن یان ئاراستە دەکەن، بگرە رەنگە بۆنە و فیستیڤاڵیشی بۆ بخولقێنن.. ئەمانە هەن..
لەبەرانبەردا خەڵکێکیش دەناسم بەدەست ئەوان بێ گۆرانی عەلی مەردان و هۆرەی ئەلی نەزەر و چوونە دەری بەهاران و پێکەنین و هەڵقونکێ و خەتخەتێن و شیلانشەق و هەڵماتێنیش لە خەڵک قەدەغە دەکەن چ جای ئەو ستایلە ژیانەی نەوەی نوێ و -زۆر تا کەم- هەموو نەوەکان دەیانەوێ و پێویستیانە.. کە هەناسەیەک لە ئازادیی هەڵسوکەوت و تەفریح و چێژ بردن لە ژیانە، هەندێ جار تارادەی گوێنەدان بەبەهاکانی باوان و کۆمەڵگەکەیان، چونکە ئەوان ئەو بەهایانەیان تەلقین کراوە، نەک بەویستی خۆیان پەسەندیان کردبن..
بەڕای بەنده ئەم دوو گرووپە (پەڕ)گیرە دینی و لادینییە هەردووکیان هەڵەن.. ئەم قسەیە وردکردنەوەی دەوێ و ئێستا بوار نیە بچینە ناوی..
بەکورتی فیستیڤاڵی رەنگەکان، کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوە و شەپۆلێک رەخنە لەدژی دەبینم، پێمان دەڵێ:
٭ دەکرێ بەشێک لەوانەی لەو مەراسیمەدان بەبەرنامە و بەمەبەست هەندێ تەسەڕوفاتیان کردبێ کە خەڵکێک بەسنووربەزاندن و بێڕەوشتی وەسف دەکەن، هیچ دوور نیە کوڕ و کچان لە دەرەوەی کوردستانەوە بێنن تا لەو روەوە رچەشکێنی بۆ کوڕ وکچی کوردیش بکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەشێکی زۆر، یان رەنگە زۆرینەی ئەوانەی بەشداری تێدا دەکەن و شەڕە رەنگ دەکەن، نە ئاڕاستەکراو و نە بێڕەوشتن، بەڵکو گەنجانی ئاسایی و تەنانەت بەشێ لە منداڵان و باوک دایکانیان، وەک بۆنەیەک و بۆ شکاندنی رۆتین و ساتێ خۆشی بەسەبردن بەشداریان کردوەو شتێکی ئاساییە و هیچ جێی لۆمە نین.. گەنج یانی گەنج، لە ئێمەمانان زیاتر حەزیان لە ئازادی و سەرکێشی و تەفریحە.. پار بوو یان پێرار بەڕێکەوت چوین بۆ پارکی سامی عەبدولڕەحمان بینیمان ئەو بەزمەیە، زۆربەی بەشداران خەڵکی وەک ئێمە بوون.. شتێکی خراپیان نەدەکرد.
٭ پێی وتین کۆمەڵگە هەرگیز یەک رەنگ نەبوە و نابێ. نەتەنیا فرە ڕەنگی لەنێوان ئەهلی دین و ئەهلی نادیندا، بەڵکو تەنانەت لەناو گرووپی یەکەمیشدا یەک تاکە رەنگ نیە. بڕوانە سەلەفی، دینداریکردنی ئیخوانی و سۆفیگەری پێ راست و تەواو نیە، هەروەها بەپێچەوانەوە. هەرسێکیشیان هی خەڵکی ئاساییان پێ تەواو نیە.
کۆمەڵگە فرەڕەنگە و بەشی ئەهلی مزگەوت و عەمرە و حەجی تێدایە، بەشی فیستیڤاڵ و نەورۆز و رەشبەڵەک و کونسێرتی گۆرانیبێژان و گەعدەی رێی مەسیفیشی!! تێدایە.. بڕۆ ماشەڵا هەر گەڕەکێ دوو سێ جومعەی تیا ئەکرێ، هەموویشی پڕە لە گەنج و پیر، وا ئەزانی خەڵک هەموو لە مزگەوتن، بچۆ فیستیڤاڵی رەنگەکان و کۆنسێرتی زەکەریا و عەزیزی وەیسیش دەڵێی هەمووی لێرەیە.. خۆ رەنگە زۆر لەوانەی لە مزگەوت یان لە حەفلەن هاوبەش بن لەهەردووکیان، کابرا نوێژ دەکا و دوای ئەوە دەچێتە حەفلەکەیش! ئیدی مرۆڤی ئاسایی وایە..
٭ پێی وتین موسڵمان یەک رەنگ نیە، ئەو هەزاران گەنجەی بەشداریی فیستیڤاڵەکەیان کردوە هەر موسڵمانن و پێویستە ئەهلی دین قبوڵیان بکەن، چونکە ئەگەر ئەوانەیان بەبەشێکی بنچینەیی لە پێکهاتەی نۆرماڵی کۆمەڵگەی ئیسلامی قبوڵ نەبێ، ئەوا موسڵمان لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا دەبنە کەمینە و چیدی بۆیان نابێ بەناوی ۹۹٪ی کۆمەڵگەوە قسەو داوەری بکەن، یان شانازی بەبوونی ملیارێک و ئەوەندە موسڵمانی دنیاوە بکەن، چونکە رەنگە زۆربەی ئەو ملیارە لەوانە بن کە ئەمڕۆ لە فیستیڤاڵی رەنگەکاندا خۆیانیان لە رەنگ هەڵژەنی..
ئیعتیدال لە تێڕوانین و حوکمداندا، حیکمەتە. پەڕگیریش سەرگەردانییە..