
هەروا دەڵێت، “وێستگەكانی كارەبا رۆژانە دوو هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن و خواستی هاووڵاتییانیش لەسەرەوەی ٥ هەزار مێگاواتە”.
لەچەند رۆژی رابردوو وەزارەتی كارەبا هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانەكانی سرووشتی و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە رێگەی هاتنی گازوایل گیراوەو سووتەمەنی نایەتە هەرێمی كوردستان و بڕی ٢٠ ملیۆن لیتر گازوایل لە ناوخۆ دابیندەكرێت بۆ ئەو ماوەیە، بۆیە لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا رووبەڕووی كێشەی گەورە دەبێتەوە لەسەرچاوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكاتێكدا چەند رۆژێكە پێمان ناوەتە وەرزی زستان و پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا دەكرێت و ئەوەیش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی كارەبا و خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەكارهێنانی كارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت كە ئەگەر سووتەمەنی دابین بكرێت ئەوا دەتوانن سەعاتەكانی پێدانی كارەبا بۆ هاووڵاتییان درێژ بكەینەوە.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا یاسین حەسەن لەچاوپێكەوتنێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “لەكۆتایی هەموو ساڵێكدا لێژنەیەكی تایبەتمان هەیە بۆ ئەوەی بزانین كە لەماوەی ئەم ساڵەدا چەند كارەبا بەرهەمهاتووە، لەساڵی 2014 تێكڕای مێگاواتی بەرهەمهاتوو بریتی بووە لە ٢٣٤٦ مێگاوات و ئەو كارەبایەی كە لە ڵاتانی دراوسێش كڕدراوە، لەتوركیا 90 مێگاوات و لەئێران 8 مێگاوات بووە، ئەم وزەیە لەساڵی 2014 بەپێی ئەو حساباتەی كە كراوە بۆ هەر كیلۆواتێك بڕی 15.17 سەنتی تێچووەو بۆ ساڵی 2015 هێشتا لێژنەكە دەست بەكارنەبووە بەڵام پێشبینی دەكەین وەكو ساڵی پار بێت چونكە چەند وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەگازوایل كاردەكەن لەئێستادا لە كاركەوتوون بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەو، لە هەمانكاتدا ئەمساڵ وێستگەی خورمەڵە كە وێستگەیەكە بە غاز كار دەكات كەوتەكار و رێژەیەكی باش كارەبای بەرهەمهێناوەو ئەم بەرهەمهێنانەش بەغازی سرووشتی بووە چونكە غازی سرووشتی نرخەكەی زۆر كەمترە لە گازوایل هەروەها وێستگەی هەولێری غازی كەوتووەتە كار”.
سەبارەت بە پرۆژەی وەزارەتی كارەبا كە بڕیاربوو وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بكرێتە غازی سرووشتی لە جیاتی بەكارهێنانی گازوایل، یاسین حەسەن وتی: “پێویست بوو لەسەرەتای دروستكردنی وێستگەكان غازی سرووشتی دابین بكرابایە چونكە ئەم وێستگانە دوو جۆر سیستەمیان هەیە واتا بەغازی سرووشتی و بەگازوایل كاردەكەن، لە كاتێكادا فشاری غاز دادەبەزێت لەم وێستگەیەدا ئەوا بەناچاری بە گازوایل كاری پێدەكرێت، بۆیە ئەگەر بەشێوەیەكی ئاسایی بێت ئەوا پێویستە ئەم وێستگانە بەغازی سرووشتی كار بكەن كە نرخی غازی سرووشتی زۆر هەرزانترە لە چاو نرخی گازوایل”.
لە درێژەی قسەكانیدا یاسین حەسەن وتی: “لە مانگی 12ی ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانێكی دەركردووە بە ژمارە 8174 لە 14/12/2014 دەرچووە لەبڕگەی سێ ئاماژە بەوە دەكات كە سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەغازی سرووشتی كار بكەن و پێویستە لەماوەی دوو ساڵدا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت و پێویستە وەزارەتی سامانەكانی سرووشتی ئەم كارە جێبەجێ بكات تا كۆتایی ساڵی 2016”.
سەبارەت بە پرۆژەی بەكارهێنانی سیستەمی كارتی كارەبا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا گوتی: “ئێمە لە ساڵی 2011 پرۆژەیەكمان دەست پێ كرد بەناوی پرۆژەی پێوەری زیرەك كە بەیەكێك لە پرۆژەكانی ستراتیجی وەزارەتی كارەبا دادەنرێت و تا كۆتایی ساڵی 2013 هەموو قۆناغەكانی ئەم پڕۆژەیە گەیشتە كۆتایی بەڵام بەداخەوە لە كۆتاییدا ئەم پرۆژەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگیرا بە هۆی ئەوەی تێبینییان لەسەر پرۆژەكە هەبوو، دواتر بڕیاربوو ئەم پرۆژەیە بە سیستەمێكی تر جێبەجێ بكرێت ئەویش بە هۆی قەیرانی دارایی راگیراوە، ئەم سیستەمە رێگا لە تەواوی سەرپێچی دەگرێت و خوێندنەوەی پێوەر بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەبێت هەروەها بەكارهێنانی ئەم كارەبایە لە رێگای كارتی مۆبایل و یان كڕینی خودی كارتی بەكارهێنانی كارەبا یان لە رێگەی ڤیزا كارت و كۆمەڵێك رێگای دیكەوە دەبێت”.
لەبارەی پێدانی وەزارەتی كارەبا بە كەرتی تایبەت، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنیت كە ئەم هەواڵانە هەتا ئێستا هەر پێشنیازن و هێشتا هیچ شتێك بە شێوەیەكی فەرمی لە ئارادا نییە و لەم بارەیەوە یاسین حەسەن گوتی: “هەتا ئێستا ئەم هەواڵانە هەر پێشنیازن و ئەگەر بە شێوەیەكی زانستی سەیری بابەتەكە بكەین ، ئێمە بەشێكی زۆری وەزارەتی كارەبامان سپاردووە بە كەرتی تایبەت، هۆكارەكەش ئەوە بووە لە سەرەتای دەست بەكاربوونی وەزارەتی كارەبا هەستمان بەوە كرد بەم بوودجەیەی حكوومەت ناتوانین كارەكانمان جێبەجێ بكەین بە تایبەت هەر سێ كەرتی كارەبا، بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن و لە ساڵی 2006 كە دوو سەرچاوەی بەرهەمهێنانی كارەبامان هەبوو ، دوكان و دەربەندیخان ، پێویست بوو ئێمە لەگەڵ ئەو گۆرانكارییە خێرایەی كە هەبوو ئەوا بیر لە رێگای دیكە بكەینەوە، ئەوەبوو بیرمان لە كەرتی تایبەت كردەوە، لە ئێستاشدا كۆنترۆلی كارەبا لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی كارەبایە و ئێمە پێمان باشە تەنیا سێكتەری دابەشكردنی كارەبا و كۆكردنەوەی داهات بدرێت بە كەرتی تایبەت لەگەڵ هەندێك رێنمایی پێویست”.
لە كۆتاییدا وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بە هاوكاری نەكردنی هاووڵاتییان كرد لەبەكارهێنانی كارەباو رایگەیاند كە ئەگەر زیادەرۆیی لەبەكارهێنانی كارەبا نەكرێت، رەنگە ماوەی پێدانی كارەبا زۆر لەوەی ئیستا زیاتر بێت.