ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە ئاڵوگۆڕەکی خێرادا و دیاردە و روداوی جیا جیادا گوزەردەکا ، بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستمان زانی دیدو بۆچونی هاوڕێ مام خدر وەک سیاسیەک لە ناوچەکە و سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بزانین و چەند پرسیارێکی ئاراستە بکەین ..
ئامادەکردنی : سایتی ئاشتی
پرسیار: سەرەتا دەمانەوێت خوێندنەوەی تۆ بە گشتی بزانین لەسەر رووداو ئاڵوگۆرەکان لە لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان و عێراق و ناوچەکە روودەدات ..!
هاوڕێ مام خدر : سەرەتا لە کوردستانەوە دەست پێ بکەین ، رەوشی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەدەر نیە لە ئەوزاعەی کە لە عیراق دەگوزەرێ و هەر ئاڵوگۆڕێک لە عێراق رووبدات و هەر دیاردە و تەنگژەیەک روو لە عێراق بکات ئێمەش وەکو بەشێک لە عێراق ئێمەش دەگرێتەوە،بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵی هەمو لایەکە کورد بەشێکی بەهێزی کاریگەریەکانە لە عێراق و سەقامگیریەکی تەواو بە کیانی کورد لە عێراق و ناوچەکە و هەتا جیهانیش هەستی پیدەکرێت و دەبینرێت ، بەجیا لەوەی لەناوەخۆ بەدەر نین لە گرفت و کەموکوڕی و قەیران،خەڵکی کوردستان زۆر لەوە زیاتر خزمەت بکرێت،بەداخەوە تاکو ئێستا دەبینین دوای ئەو هەمو قوربانیدانە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین نەکراوە ،عەدالەتی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگا نیە و ئازادییەکان لەژێر پرسیاردان، سەرەڕایی ئەمانەش خەڵک و هێز و لایەنە سیاسیەکان لەبەرامبەر قەیران و کێشە چارەنوسازەکانی هەماهەنگی و هاوپشتی تەواو بەدیدەکرێت نەک تەنها لەباشوری کوردستان بەڵکو کوردانی هەر چوار پارجەی کوردستان ئەو ئامادەیی و هاوکاریەیان هەبوە، نمونەیەکی بەرجەستە بەشداریکردنی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بو لە شەری دژی داعش و تیرۆرستان بۆ پاراستنی سەروەریەکانی خەڵکی کوردستان کە بێگومان لە رۆژگاری ئەمڕۆ لە نیو ئەو هەمو دیاردە و رووداوە ناشیرن و ناخۆشانەدا دیاردەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ هەمو لایەک،جاری یەکەمە حزبە کوردستانیەکان لە کۆبانیەوە تا خانەقین یەک هەڵوێست بون ..
پرسیار: ساڵێک بەسەر کابینەی وەکو خۆیان دەڵێن ( بنکە فراوان ) لە کوردستان تێپەڕ دەبێت ،کە لە پێنج حزب پێکهێندرا،هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو کابینەیە چیە ..؟
هاوڕێ مام خدر : ئێمە کاتی خۆی دڵمان خۆش بو بە کابینەی بنکە فراوان بەراستی،چونکە بێزاربوین لە دەسەڵاتی فیفتی بە فیفتی یەکێتی و پارتی و ناکۆکیەکانی نیوانیان،پێمان وابو حکومەتی بنکە فراوان دەتوانێت وەڵام بە زۆرێک لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک بداتەوە،خەڵک و ئێمەش چاوەروان بوین سیستەمێکی مەدەنی و مۆدێرن لەکۆمەڵگا بێتە کایەوە و رزگارمان بێت لە دەیان کێشە و گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە چەندین ساڵە کۆمەڵگا دووچاری بوە ،چەسپاندنی بیری تەسکی حزبایەتی یەکێک بو لە بێزارییەکانمان لە دەسەڵاتی سیاسی لە پێشوتر ،بەداخەوە لەم کابینەیەش هەمان شتمان بینیەوە ئۆپۆزسیۆنیش کە هاتنە ناو حکومەت نەیانتوانی بەڵێن و بانگەشەکانیان لە حکومەت بکەنە کردا و قەیرانەکان نەک کەم نەبونەتەوە بەڵکو زیاتر بوین ،بەرجەستەترین نمونە پێداگریان بو بەشداری پێنەکردنی لایەنەکانیتر بێجکە لە پێنج حزبە حکومڕانەکە لە رەشنوسی نوسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان ،هەروەها قەیرانەکان و کێشە و گرفیتەکانی کۆمەڵگا نەک هەر کەمی نەکردوە بەڵکو زیاتر بوە و ئەوانیش چونە ناو سیستەمێک کە نەیانتوانی کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر دابنێن،نیگەرانی خەڵک لە جاران زیاترە و کەمتر نیە،بێ ئاوی و بێ کارەبای و بێ بەنزینی و بێ موچەی و وەستانی هەمو کار و جموجۆڵێکی بازرگانی خەڵکی هەراسان کردوە ،خاڵێکیتری کابینەکەی بنکە فراوان بڕینی بودجەی حزبەکان بو کە نەیانتوانی پێوەرێکی واقعی دابنرێت بۆ بودجەی حزبەکان،ئەمەش کاری کردە چالاکی مەدەنی و جەماوەری هێز و لایەنە سیاسیەکان و تەسککردنەوەی سیستەمی فرە حزبی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پێچەوانەی بانگەشەی هەڵبژاردەکانیان بو،لەم روەشدا پشکی شێر بەر ئۆپۆزسیۆنی پێشو دەکەوێت کە پییان وابو هەمو حزبەکان بێجگە لەخۆیان پاشکۆی پارتی و یەکێتین ،لەم بارەیەوە بێ ویژدانیەکی زۆر بەرامبەر ئێمە وەکو بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کرا کە چەندین ساڵە سەربەخۆیی سیاسی خۆی پاراستوە و تێکۆشاوە لە پێناو کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد و بێ چەوسانەوە،لەهەمان کاتیشدا هاوهەڵوێست بوە لەگەڵ هەمو هێز و لایەنە سیاسیەکان لەهەر چوار پارچەی کوردستان لەمەڕ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانی و چارەنوسسازەکان بە رێکخستن و راگەیاندنەکانمان لەهەمو کات و شوێنێک،بۆیە بڕینی بودجەی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کار و چالاکیەکانی ئێمەیان بەرتەسک کردەوە، بەڵام بە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی خۆمان هەر درێژەمان بە کار و چالاکیەکانی خۆمان داوە بەبێ ئەوەی ملکەچی هیج هێز و دەسەڵاتێک بین و سیاسەتی رۆشنی خۆمان هەبوە لەهەمو پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکان هەتا پشتگیری پارچەکانیتری کوردستانمان کردوە لەماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردو، بەڵام ناوهێنانی ئێمە لەپاڵ کۆمەڵێک حزبیتری پاشکۆ،بێ ویژدانیەکی گەورەیە و زەڕبەیەکی گەورەیان لە خەباتی مەدەنی و چالاکی جەماوەریدا،بەڵام ئێمە بە خۆراگری خۆمان و کادیر و دۆست و لایەنگرامان بۆ هەمویان دەسەلمێنین کە ئێمە خاوەنی هێز و ئیرادە و سیاسەتی خۆمان نەک نابینە پاشکۆی هیچ کەس و لایەنێک بەڵکو دژی سیاسەتی پاشکۆیەتی خەبات دەکەین و لەم بایەوەش قوربانیمان داوە،لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا هەر حکومەتی زۆرینە و بنکە فراوان زیاتر دەتوانێت خزمەت بە خەڵک بکات ..!
پرسیار: دەستور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، دوو باسی گەرمی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستانە ، دەکرێ دیدو بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە بزانین ..؟
هاوڕێ مام خدر : پێش هەمو شتێک ئێمە پیویستمان بە دەستورێک هەیە بۆ دیاریکردنی کار و ئەرک و واجبە و حەقەکانی تاک بەتاک و تادەگات بەرپرسانی هەمو وڵات ، بۆ ئەوەی هەموان ئەرک و حەقی خۆیان بزانن و لەم ڕێ و شوێنەی بۆی دیارکراوە لانەدات ،بەڵام ئیستا کە لەماوەی ٢٤ ساڵی رابردو دەستورمان نەبوە زۆرێک دەسەڵات تێکەڵا بوە و زۆرێک لە کێشە و گرفت بە هەڵواسراوی ماوەتەوە لەزۆر قۆناغدا گرفتی جۆراوجۆرمان توش هاتوە . بەدیدی و سیاسەت و خوێندنەوەی ئێمە بۆ کۆمەڵکا کوردستان و خەڵکی کوردستان دەبێت دەستورێکی مەدەنی بێت و دین و دەوڵەت لەیەکتر جیا بکاتەوە،دەستورێک بێت دەستاو دەستی دەسەڵات بە رێگای ئاشتیانە جێگیر بکات ،لەسەرۆکی هەرێمەوە تا بچوکترین بەرپرسیاریەتی دەبێت بەپیی دەستور دابنرێن و لا بدرێن ،سەبارەت بە سەرۆکایەتی ئێستاش ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەبێت سەرۆکایەتی ئیستا بەپیی یاسا مامەڵە بکەن و کارێک نەکەن کە پیچەوانەی یاسا بێت،ئێمە وەکو بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی سەرۆکایەتیش ئێمە لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانین و دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمیش نە ئەوە دەسەڵاتی تەشریفاتی بێت نە ئەوەی دەسەلاتی متلەق و لەرادەبەدەری هەبێت و پیویستە دەسەڵاتەکان لە نیوان پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری دابەش بکرێت ..
پرسیار: لیژنەیەکی ٢١ کەسی پێکهێنراوە بۆ نوسینەوەی رەشنوسی هەرێمی کوردستان ، ئێوە خوێندنەوەتان بۆ ئەو لێژنەیە چیە ..؟
هاوڕێ مام خدر : بەداخەوە لەم لێژنەیە هەر لەسەرەتاوە ناحەقیەکی گەورەیان کرد بە بەشداری پێنەکردنی هێز و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی حکومرانی لەهەرێم بەمەش دەسورەکەیان بە حزبی کرد،دەستور بۆ هەمو خەڵکی کوردستانە نەک تەنها حزبەکان دەکرا کەسانی یاسایی و بێ لایەن و رێکخراوی کۆمەلگای مەدەنی و هێز و لایەنیتر لەهەمو گروپ و ئایدیا جیاوازەکان بەشداربن لە نوسینەوەی دەستور،پێوسیت بو زانستیانە دەستور بنوسرێتەوە کە لەبەرژەوەندی هەمو خەڵکی کوردستان بێت نەک تاقم و چەند حزب و گروپیک ،بۆیە پێشێلکاریەکی زەقی زۆرێک لە خەڵک و هێز و لایەن سیاسیەکان بو ،بۆیە ئەو لێژنەیە ئیرادەی زۆرێک لە خەڵکی کوردستانی پێشێل کرد هەر لەسەرەتاوە بێگومان لەکاتی دارشتنی دەستوریش لەوە باشتر نابێت .