سێ هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له‌دره‌نگانێكی شه‌ودا، كه‌سێك كه پیشه‌ی پۆلیسه‌و پاسه‌وانی به‌رپرسێكه، به‌فێڵێك گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 15ساڵ ده‌ڕفێنێ، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ئاشكراده‌بێت، دوای ده‌ستگیكردنیشی له‌لایه‌ن ئاساییشه‌وه راسته‌وخۆ دان به‌تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێ، ئاوێنه له‌سه‌ر زاری وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی نه‌قیب سه‌ركه‌وت ته‌واوی روداوه‌كه‌و دانپێدانانی ڕفێنه‌ره‌كان بڵاوده‌كاته‌وه.
ئا: شکۆ
چاو‌دێر فایه‌ق گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵی شاری سلێمانیه، وه‌ك وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د باسی ده‌كات، ئه‌و كوڕه باری داراییان باشه، گه‌لێكجار بۆ پشودان ده‌چێته كافتریایه‌ك له‌شه‌قامی سالم (سه‌هۆڵه‌كه) كه نزیكی ماڵی خۆیانه، كه‌سێكیش كه زۆرجار له‌و كافتریایه ده‌بێت، تێبینی (چاو‌دێر) ده‌كات، به‌زۆریی خه‌رجیه‌كانیدا ئه‌وه‌ی تێدا ده‌بینێ كه باری داراییان باشه، هه‌ر بۆیه ده‌كه‌وێته بیركردنه‌وه له‌ئه‌نجامدانی تاوانێك، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حاڵه‌تی چاو‌دێر بۆ براده‌رێكی خۆی باس ده‌كات كه ناوی (ر،ئه)و پیشه‌ی خوێندكاره، ئه‌و خوێندكاره‌ش برایه‌كی هه‌یه ناوی (ب،ئ)ه‌یه‌و پیشه‌ی پاسه‌وانی به‌رپرسێكه كه سه‌ر به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌رگریی‌و فریاكه‌وتنه، دوای ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ی بۆ باس ده‌كات، كاكی پۆلیس ده‌كه‌وێته بیری داڕشتنی پلانێك، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر چۆنێك بوه بڕێك پاره له‌و گه‌نجه بستێنێ، سیناریۆكه‌ش به‌و جۆره داده‌ڕێژێ، كه به‌جلی پۆلیسیه‌وه به‌ناوی بانگكردنی ئه‌و گه‌نجه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌زمه‌ڕ بیبات به‌ناوی ئه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی هه‌یه دواتریش هه‌ر به‌ناوی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌یه‌وه له‌لای پۆلیس، بڕێك پاره‌ی لێوه‌ربگرێت، پاش ماوه‌یه‌ك به‌و جۆره‌ی كه پلانه‌كه‌ی داڕشتوه ده‌ستده‌كات به‌جێبه‌جێكردنی كاره‌كه‌ی، له‌شه‌وێكی سێ هه‌فته‌ی رابردودا، كه شه‌وی پێنجشه‌ممه له‌سه‌ر هه‌ینی ده‌بێت، چاو‌دێر به‌هۆی ته‌له‌فونی (ر،ئه) كه برای پۆلیسه‌كه‌یه، ده‌چێته ده‌ره‌وه، له‌وكاته‌دا كه له‌ده‌ره‌وه ده‌بن له‌ژێر چاودێریی پۆلیسه‌كه‌و كه‌سێكی تردا ده‌بن، ئه‌وان له‌پشتی كۆڵانی شه‌قامی سالم ده‌ڕۆن له‌پڕ ته‌كسیه‌ك كه پۆلیسێكی تێدا دانیشتوه له‌ته‌نیشتیان راده‌وه‌ستێ، به‌چاودێر ده‌ڵێت له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌زمه‌ڕه‌وه داواكراویت وه‌ره له‌گه‌ڵمان، چاو‌دێر ده‌یه‌وێ سه‌رنه‌كه‌وێت ده‌ڵێت “بۆچی چیم كردوه تا بێمه بنكه‌ی پۆلیس؟”، به‌ڵام پۆلیسه‌كه داده‌به‌زێ وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی هه‌ڕه‌شه ده‌ست بۆ ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌بات‌و ده‌ڵێت “سه‌ربكه‌ویت بۆ خۆت باشتره، له‌وێ ده‌زانی بۆچی بانگمانكردویت”، دوای سه‌ركه‌وتنی‌و رۆیشتنی ته‌كسیه‌كه له‌رێگا پۆلیسه‌كه به‌چاودێر ده‌ڵێت “ئێمه ده‌زانین پاره‌تان هه‌یه پاره‌مان بده‌رێ، ناهێڵین بگیرێیت‌و كێشه‌كه‌ت بۆ چاره‌سه‌رده‌كه‌ین”. له‌وكاته‌دا به‌رێكه‌وت ئۆتۆمبیلێكی پۆلیس به‌لایاندا تێده‌په‌ڕێ ئه‌وانیش ده‌شڵه‌ژێن، هه‌ر بۆیه پۆلیسه‌كه‌و چاو‌دێر له‌گه‌ڕه‌كی رزگاری نزیك (ساحه‌ی هونه‌ر) داده‌به‌زن‌و ته‌كسیه‌كه ده‌ڕوات، له‌وكاته‌دا كه‌سێك كه براده‌ری برایه‌كی چاودێره به‌ویادا تێده‌په‌ڕێ‌و ده‌یه‌وێت پرسیار له‌چاودێر بكات، تا بزانێ له‌ویادا چی ده‌كات، به‌ڵام پۆلیسه‌كه رێگریی ده‌كات‌و ده‌ڵێت “تۆ بڕۆ حه‌قت چییه”.
چاو‌دێر كه به‌شێك له‌م چیرۆكه‌ی بۆ ئاوێنه گێڕایه‌وه ده‌ڵێت “كه كوڕه‌كه رۆیشت ئاوڕێكم بۆ دایه‌وه ئه‌ویش ئاوڕی دایه‌وه، زانی كه كێشه‌م هه‌یه هه‌ر به‌چاو تێمگه‌یاند كه نه‌ڕوات، هه‌ر بۆیه ته‌له‌فونی بۆ براكه‌م كرد‌و هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه ڕزگاربوم”. ته‌له‌فونی ئه‌و كوڕه ده‌بێته فریادڕه‌سێك بۆ چاو‌دێر پاش چه‌ند خوله‌كێك براكه‌ی چاو‌دێر ده‌گاته شوێنه‌كه ده‌بینێ براكه‌ی له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه جلی پۆلیسی له‌به‌ره ده‌ستگیركراوه، ئه‌و برایه‌ی چاو‌دێر ده‌ڵێت “هه‌ر كه له‌رێگا رۆیشتم به‌ته‌له‌فون ئاساییش‌و لایه‌نه ئه‌منیه‌كانم ئاگاداركرده‌وه‌و كاتژمێر 11.46 خوله‌كی شه‌و بو گه‌یشتمه ئه‌وێ كه بینیم ده‌ستی براكه‌می گرتبو، كه دابه‌زیم ده‌مانچه‌ی به‌ره‌و روم به‌رزكرده‌وه‌و وتی نه‌یه‌یته پێشه‌وه، منیش گوێم به‌وه نه‌دا رۆیشتمه پێشه‌وه زانیم نایته‌قێنێ بۆیه په‌لامارمدا ده‌مانچه‌كه‌م لێساند وتی (من سه‌ر به‌پۆلیسم) راسته‌وخۆ بردم بۆ ئاساییش”.
دوای ده‌ستگیركردنی ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له‌و تاوانه‌دا بون وه‌ك نه‌قیب سه‌ركه‌وت ده‌گێڕێته‌وه هه‌مویان دانیان به‌تاوانه‌كه‌دا ناوه، پۆلیسه‌كه وتوشیه‌تی مه‌به‌ستی له‌و كاره جگه له‌ده‌ستكه‌وتنی پاره شتێكی تر نه‌بوه.
له‌ئێستاشدا به‌پێی ماده‌ی 321 له‌یاسای سزادانی عێراقی هه‌ر سێ كه‌سه‌كه ده‌ستگیركراون. نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌وه‌ش رونده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه جگه له‌سزای یاسایی خۆی، ئه‌و پۆلیسه ره‌نگه له‌وه‌حده‌كه‌ی خۆیه‌وه ئه‌نجومه‌نێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر دروستبكرێت‌و له‌كاره‌كه‌ی دوربخرێته‌وه، چونكه پیشه‌كه‌ی به‌كارهێناوه بۆ ئه‌نجامدانی تاوانێك، باوكی چاو‌دێر (فایه‌ق ره‌شید) باس له‌وه ده‌كات، كه ماڵی ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانه‌كه‌یان كردوه ویستویانه بۆ سوڵحكردن بچنه لایان، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردۆته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “خۆ به‌ئۆتۆمبیل له‌كوڕه‌كه‌یان نه‌داوم تا لێیانخۆشبم، ئه‌وه دیارده‌یه‌كی زۆر خراپه، ئه‌مڕۆ له‌ئێمه بو ده‌شێ سبه‌ی له‌كه‌سێكی تر روبدات، بۆیه پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن به‌سزای خۆیان بگه‌ن، به‌پێویستیشی ده‌زانم سوپاسی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بكه‌م كه زۆر به‌زویی هاتن به‌ده‌م كێشه‌كه‌مانه‌وه”.