گەلی کورد لە هەریەکە لە وڵاتەکانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران و ئەفغانستان و کازاخستان و چەند دەوڵەتێکی تری ناوەڕاستی ئاسیا لە ڕۆژی ٢١ ی ئازاری هەموو ساڵێکدا ئاهەنگی نەتەوەیی نەورۆز دەگێڕن، کە مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە لە ناو سەرجەم ئەو نەتەوانەدا.
لەم هەفتەیەشدا سەدان ملیۆن کەس لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دەگێڕن، وەک “ڕۆژێکی نوێ” کە دەکەوێتە ٢١ ی ئازاری هەموو ساڵێکەوە.
نەورۆز تاکە جەژنە کە لەلایەن نەتەوە و ئایین و گەلی جیاجیای کیشوەرەکانی جیهانەوە بە دروشم و ئاهەنگی گەورەوە بەڕێوە دەچێت، لە زۆربەی وڵاتەکانی وەک عێراق و ئێران و قرغیزستان و ئازەربایجان و چەند دەوڵەتێکی تر کراوەتە پشوو فەرمی و لە لایەن حکومەتەکانیانەوە دانی پێدا نراوە.
کاروانە بازرگانییەکان لە کۆندا کە ڕێگای ئاوریشمیان بەکارهێناوە “ئەو ڕێگە بازرگانییەی کە چین و ئەوروپا و خۆرئاوای ئاسیای پێکەوە بەستبۆوە” ڕۆڵێکی گەورەی بینیووە لە گواستنەوەی بیرو باوەڕو و بۆچون و کلتور و نەریت و سروتی ئایینەکان لە نێوان ڕۆڵەکانی ئیمپاراتۆرییەتە جیاجیاکان کە یەک لە دوای یەک هاتوون.
سەبارەت بە سەرەتا و بنەڕەتی نەورۆزیش، چەندین لێکدانەوە و گیڕانەوەی بۆ کراوە، کورد دەیبەستێتەوە بە روداوێکی مێژوویی بەڵام لە دیارترین گێرانەوەیان کاوەی ئاسنگەرە کە پشتیوانی لە خێر و چاکە و چەوساوەکان کردووە و ڕووبەڕووی پادشایەکی ستەماکاری وەک زوحاک بووەتەوە و بەسەریدا سەرکەوتووە و بەو بۆنەیەشەوە ئاگری لە کۆشکەکەیدا کردووەتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن و رزگار بوون لە بەندایەتی، بەو بۆنەیەشەوە لایەنگرانی کاوەی ئاسنگەر لەسەر لوتکەی چیاکان ئاگریان لە دەوروبەری شارەکە کردووەتەوە وەک دەربڕینێک بۆ خۆشییەکانی سەرکەوتن و کۆتایی هاتنی قۆناغێکی زوڵم زۆرداریی.
وەک پابەندبوونێکیش بەو نەریتەوە، لە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی ئازاری هەموو ساڵێک لە لوتکە و بەرزایی چیاکان ئاگر دەکرێتەوە، وەک دەربڕینی خۆشی و سەرکەوتنی خێر بەسەر شەڕدا.
وشەی نەورۆزیش لە دوو وشەی لێکدراو پێکهاتووە، یەکەمیان نەو بە مانای نوێ و رۆز واتا ڕۆژ، بەو پێیەش نەورۆز بە واتای ڕۆژێکی نوێ و سەرەتای وەرزی بەهار و زیندبوونەوەی دار و درەخت و گژوگیا و سەرەتای سەری ساڵی کوردیی و بەو بۆنەیەشەوە ساڵانە لە هەموو پارێزگا و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئاگر دەکرێتەوە و ئاهەنگ سازدەکرێت و هاووڵاتیان جلی کوردی رازاوە و جیاجیا دەپۆشن.
ڕۆژی نەورۆز لە چەند وڵاتێکی دیکەی کیشوەری ئاسیا ئاهەنگی بۆ ڕێکدەخرێت، بە تایبەت لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی بەڵقان و قەوقاز، بەشێوەیەک ژمارەی ئەو کەسانەی بەم بۆنەیەوە ئاهەمگ دەگێڕن دەگاتە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس و لە ساڵی ٢٠٠٩ش لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک بەشێک لە کلتوری جیهانی تۆمار کراوە