وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، یەكێكە لە وەزارەتە گرنگو جێسەرنجەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەمەش بە هۆی بایەخو هەستیارییو پێویستیی بوارەكەوە، بەڵام زۆربەی بەڵگەو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن، كە وەزارەتەكە، بەهۆی تاكڕەویو قۆرخكاریو نازانستیو نائیداریی كەسی یەكەمییەوە، كەوتۆتە گێژاوێكی قوڵەوەو جێی رەخنەو گلەیی زۆریی پسپۆڕو شارەزاو ئەكادیمییانە.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، د.یوسف گۆران بوو (كە تائێستاش هەر لە پۆستەكەیدایە). ناوبراو، جگە لەوەی تاكو ئێستا خاوەنی نازناوی زانستی (پرۆفیسۆرو پرۆفیسۆری یاریدەدەر) نیە، بەر لەوەی ئەو پۆستەی پێبدرێت، هیچ ئەزمونێكی لە بواری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیدا نەبووە.
یاسایەك بۆ خوێندنی باڵا
دەیتوانی یاسایەكی خوێندنی باڵای باش لەپەرلەمان پەسەند بكات، نەیكرد. نەك هەر ئەمەی نەكرد بەڵكو كاتێك ئەندامانی پەرلەمان پرۆژەی هەمواری یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵایان پێشكەشكرد، بۆ ئەوەی جیاكاری نێوان زانكۆكان نەهێڵدرێت، وەزیری خوێندنی باڵا لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، كە خاوەنداریی زانكۆی كوردستان بە جۆرێك بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، ئامادەنەبوو بچێتە دانیشتنەكەوەو سەرنجەكانی خۆی بە پەرلەمان بگەیەنێت لەكاتی پەسەندكردنی یاساكەدا، هەرچەندە لەلایەن پەرلەمانیشەوە بانگهێشتكرابوو.
زانكۆكانی ئەفریقیا لەپێش زانكۆكانی كوردستانن، كەئەمەش شكستی سیستەمو سەركردەو بەڕێوەبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆكانی كوردستان نیشان دەدات
تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستاندا یاسایەكی نیە، جگە لەوەی یاسای ژمارە (10)ی ساڵی (2008) پەیكەرەی وەزارەت هەیە، پێویست بوو یاسایەكی گشتگیر هەبێتو فەلسەفەو سیاسەتی خوێندنی باڵا بە شێوەیەكی سەردەمیانە تیایدا رەنگ بداتەوە. دەبوایە وەزیر پرۆژە یاسایەكی گونجاو بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام نەك هەر ئەوەی نەكرد، بەڵكو كۆمەڵێك بڕیارو رێنمایی خراپتر دەركران، كە پێچەوانەی یاسا بەركارەكەش بون. ئەگەر شیكارییەك بۆ یاساكانی پەیوەندیدار بە خوێندنی باڵاوە بكەین بەشێكی زۆری مادەو بڕگەكانیان یا جێبەجێ ناكرێن یا پێشێلكراون. بۆ نمونە لە یاسای ژمارە (10) دا مادەی (4) بڕگەی (1) خاڵەكانی (5-6-7)و بڕگەی (3)و مادەكانی (9، 11، 14، 18، 19، 20، 21، 22، 39)و چەندین بڕگەو مادەی تر پێشێلكراون.
سیستەمی خوێندنی باڵا
نەك هەر ئەوە، بەڵكو وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیتوانی ئەو گرفتانەی لە سیستەمەكەدا هەبوو گۆڕانكارییان بەسەردا بهێنێ، بەڵام نەیكرد، دەیتوانی ئەو یاساو سیستەمەی هەیە جێبەجێی بكاتو رێگە بە پێشێلكردنیان نەدات، بەڵام ئەوەشی نەكرد. لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، سەرباری ئەوەی گرفتێكی زۆر بەرۆكی خوێندنی باڵای گرتووە، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بەدواداچوونی گیروگرفتەكانو چارەسەركردنیان، هیچ كۆنگرەو كۆنفرانسێكی تایبەت بەم مەسەلەیەی نەبەستووە.
ئەوەی جێگای نیگەرانیە، زۆر لە زانكۆكانی ئەفریقیا لەپێش زانكۆكانی كوردستانن، كەئەمەش شكستی سیستەم وسەركردەو بەرێوەبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وزانكۆكانی كوردستان نیشان دەدات.
یەكێكی تر لە رەخنە جددیییەكان لەسەر ئەو وەزیرە، پرسی بازرگانیكردنە بە خوێندن لە زانكۆو پەیمانگاكانو ماستەرو دكتۆرا
شكاندنی شكۆی مامۆستاو زانكۆكان
لە ماوەی نزیكەی ئەو پێنج ساڵەدا، لە جیاتی گێرانەوەی شكۆ بۆ پێگەی مامۆستایانو زانكۆو پەیمانگاكان، خۆیو گوێڕایەڵەكانی ئەو دامەزراوەیە رۆژ بە رۆژ زیاتر شكۆی مامۆستاو زانكۆو پەیمانگاكانیان هێنایەخوارەوە.
ناعەدالەتیو جیاوازیكردن
جگە لەمانە، جیاوازیكردن لە نێوان زانكۆیەكو زانكۆیەكی تردا هەیە. هەندێك زانكۆ پارەیەكی باشیان بۆ خەرجكراوە بۆ دروستكردنی باڵەخانەو تاقیگەو لەهەمان كات كڕینی كەلوپەلو پەرتوكو سەرچاوەو شتی تری پێویستی زانكۆ. بەهەمان پێوەر بۆ زانكۆیەكی تر نەكڕاوە. هەندێك زانكۆ لە رووی (نەسریەو پارەی وانەی زێدەكیو كڕینی پێداویستی) كەموكوڕیان نەبووەو دەست بەڕوویانەوە نەنراوە. كەچی لەولاشەوە بە بیانوی جیا جیا پارە لە بانك نیەو ئەو پارەیە لەسەریەك زۆرەو… هتد بۆ زانكۆیەكی تر خەرج نەكراوە. ئەوەش بە بڕوای پسۆڕان، ناعەدالەتی دروستدەكات.
بازرگانیكردن بە خوێندن
یەكێكی تر لە رەخنە جددیییەكان لەسەر ئەو وەزیرە، پرسی بازرگانیكردنە بە خوێندن لە زانكۆو پەیمانگاكانو ماستەرو دكتۆرا لە هەرێمی كوردستاندا. ناوبراو وەك خاوەن دەسەڵاتی یەكەم دەیتوانی رێگە نەدات بازرگانی بەخوێندنەوە بكرێت، بەڵام نەیكرد، بەڵكو بە پێچەوانەوە زۆر رێگەی خۆشكرد لەوبارەیەوە.
یوسف گۆران وەك خاوەن دەسەڵاتی یەكەم دەیتوانی رێگە نەدات بازرگانی بەخوێندنەوە بكرێت، بەڵام نەیكرد، بەڵكو بە پێچەوانەوەرێگەشی خۆشكرد
بە پێی دەستورو یاسا لە عێراقو هەرێمی كوردستانیشدا خوێندن بە خۆڕاییە، كەچی بە كۆمەڵێك بڕیارو رێنمایی خوێندنی ئێواران، پارالێڵ (كڕینی نمرە)، كرێی نیشتەجێبون لە بەشەناوخۆییەكان… تاد پارە وەرگیرا، لەسەر دەستی ئەم وەزیرەدا دیاردەیە چەند قات زیادیكرد، كە ئەمانە هەمووی پێچەوانەی یاسا بوون.
هەروەها پێشتر خوێندكاران مانگانە دەرماڵەیان وەردەگرت، خوێندكارانی ناو شار بڕی 50 هەزار دینارو خوێندكارانی دەرەوەی شاریش 100 هەزار دیناریان پێ دەدرا، بەڵام لەساڵی خوێندنی (2014-2015)ەوە نەك هەر ئەو دەرماڵەیە بە خوێندكاران نادرێتو لێیان بڕاوە، لە بەرامبەردا ساڵانە بڕی 100هەزار دیناریشیان وەك كرێی مانەوە لە بەشە ناوخۆییەكان لێ وەردەگیرا.
توێژینەوەی زانستی لە زانكۆكاندا پشتگوێخراوە، نەك هەر هاندان نیە، بەڵكو باری سەرشانی مامۆستایان قورستركراوە، بۆ نمونە هەر مامۆستایەك ئەگەر توێژینەوەیەك بنوسێت، بۆ بڵاوكردنەوەی دەبێت 250 هەزار دینار بدات بە گۆڤارەكە. ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی گەلێ جار بە چەند مامۆستایەك یەك توێژینەوە بنوسن، لە كاتێكدا تەنها یەكێكیان نوسیویەتیو ناوی ئەوانەی تری دەدرێتە پاڵ، تا پارەی تێچوونیان كەمتر لەسەر بكەوێت.
ئاستەنگەكانی بەردەم تەرقییە
گرفتی زۆر لەبەردەم بەرزكردنەوەی پلەی زانستیدا دروستكراوە، مەرجی زمانی ئینگلیزی دانراوە لە كاتێكدا پێچەوانەی یاسایە، خولەكانی رێگای وانەوتنەوە یەكێك لە مەرجەكانە، بەڵام خولەكان سستنو وەك پێویست ناكرێنەوە، هەر زانكۆیەك لە بەرامبەر ناردنی توێژینەوە بۆ هەڵسەنگاندن لای هەڵسەنگێنەران بڕێك پارە وەردەگرێتو لەیەكتری جیاوازن، كە مامۆستا بۆ پلە بەرزكردنەوە دەبێت خۆی پارەی هەڵسەنگاندن بدات، هەندێك لە لیژنەكانی بەرزكردنەوەی پلە سستنو مامەڵەی بەرزكردنەوە هەیە، زیاد لە ساڵێكی پێدەچێت. لە چەندین زانكۆدا لیژنەی گازاندە بوونی نیە تا لەكاتی دواكەوتنی مامەڵە گازاندە بكرێت.
مەرجی نازناوی زانستی كە سەنگی مەحەكە بۆ ئەوەی مامۆستایانی زانكۆ بتوانن لە پسپۆڕیەكانی خۆیان وانەبڵێنەوە، مەرجی نازناوی زانستیش دیسانەوە وابەستەكراوە بە توانستی زمانی ئینگلیزییەوە، بەمەش نزیكەی پێنج هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لەم نازناوە زانستیە بێبەشنو بە دەست ئەم بڕیارە نابەجێیە گیریان خواردوە. جگە لەمە ناچار كردنی ماموستایان بەپێدانی پارە بە هەلسەنگێنەر لە پێناو پەسەند كردنی تۆێژینەوەكان گرفتێكی ترە. جگە لەمە پێویستە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زمان خولی زمان بۆ مامۆستایان بكرێتەوە بە پارەیەكی كەم، لە هەندێك سەنتەردا خولی زمان دەگەیشتە 600000 هەزار دینار، كەئەمەش لەم بارودۆخەدا بارقورسییەكی زۆر بوو لەسەر مامۆستایان.
ناچاركردنی ماموستایان بەپێدانی پارە بە هەلسەنگێنەر لە پێناو پەسەند كردنی تۆێژینەوەكان گرفتێكی ترە
نایاساییبوونو ناواقیعیبوون
توانستی زمانی ئینگلیزی كراوە بەمەرج بۆ وەرگرتن لە ماستەرو دكتۆراو بەرزكردنەوەی پلەو نازناوی زانستی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە وەزارەت هیچ كارئاسانیەكی بۆ ئەم مەبەستە نەكردووە، هەر بۆیەشە نارەزایی زۆری لێكەوتەوە. ئەم بڕیارەش بووە مایەی ناڕەزایی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر كە ژمارەیان نزیكەی (2000) هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بوو، لە كەمپینێكدا كە (394) كەس لەسەرتاسەری هەرێم سەرپەرشتیان دەكرد، ئەم فرمانەیان بە پێشێلكاریەكی ئاشكرا دەزانی بەرامبەر مافێكی تایبەتی خۆیان، هەر بۆیە نارەزایی خۆیان نیشاندا، پێیانوابوو نە لۆژكو نەپرەنسیپی كارگێڕی ئەوەی تیادا جێ نابێتەوە كە بڕیارو فەرمانی كارگێری شوێنكار لەسەر پێش خۆی دروست بكات، بەڵكو ئەگەر پێشوەخت فەرمانێكی لەو جۆرە بوونی هەبوایە گومانی تێدا نیە زۆربەی ماستەرەكانی ئێستا بڕیارێكی تریان دەدا.
لەلایەكی دیكەوە ئەم فرمانە سەرەڕای ئەوەی ناوەرۆكەكەی ئیداری نەبوو، هاوكات نا هاوتابوو بە ژینگەی زانستی هەرێمو ئاستی گوزەرانی ماستەرەكانو ئامانجەكەشی تەنها خزمەت كردن بوو بە ئەجێندایەك كەمەبەستی ئابووری نەبێت هیچی دیكەی لێنەدەخوێندایەوە.
ماستەرو دكتۆراو سیاسەتی رازیكردن!
بە هۆی گیروگرفتەوە خوێندنی دكتۆرا لە زۆربەی زانكۆكاندا وەستابوو. بەهۆی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزیەوە كە كرابوو بە مەرجی تەواوكردنی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا، بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە دوو هەزار خوێندكار كە لە ماستەرو دكتۆرا وەرگیرابون، نەیانتوانی خوێندنەكەیان تەواو بكەنو هەمویان بە دڵشكاویو بە تێكشكانەوە گەڕانەوە ماڵەوە. لە كاتێكدا پێویست بوو زمانەكانی پێویست بۆ بەشەكان جیا بكرێنەوە، چونكە هەر بەشێك پێویستی بە فێربونی زمانێكی جیاواز هەیە. یاخود ناكرێت بۆ نموونە پسپۆڕی شەریعە وەك مێژوو یاخود پسپۆڕیەكی تر سەیربكرێت.
لەم مانگەی دواییدا، وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی دووبارە بە وەزیر لە كابینەی داهاتوودا دابنرێتەوە، چەند بەشێك لە لیستی ناوی خوێندكارانی دكتۆراو ماستەری راگەیاند، بۆ ئەوەی دەنگە ناڕازییەكان خەفەبكات
كەچی لەم مانگەی دواییدا، وەزیری خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی دووبارە بە وەزیر لە كابینەی داهاتوودا دابنرێتەوە، چەند بەشێك لە لیستی ناوی خوێندكارانی دكتۆراو ماستەری راگەیاند، بۆ ئەوەی دەنگە ناڕازییەكان بەمە خەفەبكات.
لە رێنمایی ژمارە (5) ی سالی 2016 ی خوێندنی دكتۆرا لە زانكۆ حكومیەكاندا هاتووە: “بۆ كردنەوەی خوێندنی دكتۆرا لەهەر بەشێكی زانستی مەرجە یەك پرۆفیسۆرو سێ یا پێنج پرۆفیسۆری یاریدەدەر هەبێت كە هەلگری بڕوانامەی دكتۆرا بنو پسپۆریان لە هەمان بواری بەشەكەدا هەبێتو مەرجیشە ئەو بەرێزانە لەسەر میلاكی هەمیشەیی بەشی زانستی بن یا خانەنشینكراو بن لەهەمان ئەو بەشە، پێویستە ئەوانەی ستافی بەشێكی دیاریكراون دووبارە نەبنەوە لە بەشێكی تر”. بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت دكتۆرا كراوەتەوە لەهەندێك بەشو كۆلیژداو ئەو مەرجەش بوونی نەبووە. جگە لە هەموو ئەمانە رێنماییەكانی تایبەت بە خوێندنی دكتۆرا ئەوەندە پەرشوبلاون كە زوو زوو زۆرترین گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووەو بەمەش وەزارەت سەری لەخۆیو زانكۆكانو خوازیارانی دكتۆراش شێواندووە.
ناشەفافیی
لەم كابینەیەدا، بە هۆی زیادبونی داهات لە پارەی خوێندنی ئێواران، پاراڵێڵ، بەشە ناوخۆییەكان، تاقیگەكان، سەنتەرەكانی راوێژكاریی، پارەی كافتریا، … تاد، زانكۆكان بە گشتی پارەیان زۆر بووەو ٧٠%ـش بۆ خۆیان بووە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدایە: ئایا چۆن سەرفكراوە؟ ئیفادو سەفەری بەردەوامی خۆیان، پاداشتكردنی خۆیانو نزیكەكانیان، كە چەندین كەس دووبارەو چەندبارە بوونەتەوە، كەچی كەسانی لێهاتووی تر هەر پاداشت نەكراون، خۆڕاسپاردنیان بۆ خوێندنی ئێوارانو لەگەڵا نزیكەكانیانو دانانی پارەی تایبەت، ناشەفافیو تەخشانو پەخشان كردن…تاد. جیاوازی لە نێوان زانكۆكاندا هەیە، بە تایبەت لە گرێبەستی ستافی بیانی، زانكۆ هەیە زۆری بۆ كراوەو هەشیانە كەم. شێوازی سەرفكردنی پاداشتی توێژینەوەو پارەی بڵاوكردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارەكاندا لە نێوان زانكۆكاندا جیاوازەو بۆ پلەبەرزكردنەوەش هەروا.
زیادكردنی باجو رسومات
هەر لە چوارچێوەی ئەو شكۆشكاندنەدا، نمونە زۆرن، لەوانە: دەیتوانی لەم بارودۆخە قەیراناوییەدا، تۆزێك لەگوزەرانی مامۆستایانو فەرمانبەرانو خوێندكاران بەرەو باشی بگۆڕێت، نەك هەر ئەوەی نەكرد، بەڵكو باری سەرشانیانی قورستر كردو باجو رسوماتێكی زۆر زیاتری خستە سەریان.
جیاوازی لە نێوان زانكۆكاندا هەیە، بە تایبەت لە گرێبەستی ستافی بیانی، زانكۆ هەیە زۆری بۆ كراوەو هەشیانە كەم. شێوازی سەرفكردنی پاداشتی توێژینەوەو پارەی بڵاوكردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارەكاندا لە نێوان زانكۆكاندا جیاوازەو بۆ پلەبەرزكردنەوەش هەروا
دەستی حزب
یەكێكی دیكە لە رەخنە جددییەكان لە یوسف گۆران، مەسەلەی تۆخكردنەوەی حزبایەتییە لە دامەزراوەی خوێندنی باڵادا. لەو ماوەیەدا ناوبراو دەیتوانی تا ئاستێك دەستی حزب لەناو زانكۆكاندا بكێشێتەوەو مامۆستایانو فەرمانبەرانو خوێندكاران هیچیتر لەسەر بیروڕای سیاسی سزا نەدرێنو لە پلەو پۆستی كارگێڕیدا بەهۆی بۆچوونی سیاسیەوە بێبەشنەكرێنو دوورنەخرێنەوە، بەڵام نەك هەر نەیكرد، بەڵكو تۆخی كردەوەو لەناو حزبیشدا تەنها پشتگیریی ئەوانەی كرد كە تەكەتول یان گوێڕایەڵی خۆی بوون. لەكاتێكدا، دەیتوانی بەپێی یاساو رێنماییەكان پۆستەكان دەستنیشان بكاتو كەسانی شیاو دابنێت، بەڵام نەیكرد.
سوپایەك پۆستی بە وەكالەت
ئەمەش وایكردووە، لە ئێستادا لەبەر ئیعتیباری حزبیو شەخسی، زۆرینەی پۆستەكان بەوەكالەتنو زانكۆكان بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن. دەیتوانی بەپێی یاساو پێوەرە زانستیەكان سەرۆك بەشەكان دابنێت، بەڵام نەیكردو زۆرینەی زۆریی سەرۆك بەشەكان بە نایاسایی دانراون.
لە دانانی سەرۆكی زانكۆكاندا زۆر كات یاسا پێشێلكراوە، ئەو كەسەی بە سەرۆكی زانكۆ دانراوە مەرجە یاساییەكانی تیادا نەبووە، ئەمەو سەرباری بوونی هەیمەنەی حزبیو دەستخستنە كاروباری زانكۆوە لەكاتی دانانی سەرۆكی زانكۆكاندا كە حزب بە ئارەزووی خۆی دایناوە، جگە لەمە ژمارەیەك لە سەرۆكی دەستەو زانكۆكان ماوەی یاساییان بەسەر چووەو بەبێ ئەوەی بیانگۆڕن یا بەپێی یاسا بۆیان تازە بكەنەوە، سەرباری ئەوەی ژمارەیەك سەرۆكی زانكۆش هەن كە بەوەكالەت پۆستەكانیان بەڕێوە دەبەن. وە زۆربەیان بەپێ ی ئەو رێنماییانە دانەنراون كە وەزارەت خۆی بانگەشەی بۆ دەكات گوایە لە رێگەی پێشكەشكردنی سیڤیو چاوپێكەوتن. هۆكاری بەوەكالەت دانانیش لەم پرۆسەیەدا تەنها میزاجو ململانێ بووە.
پەراوێزخستنی زمانی كوردی
یوسف گۆران، زۆر ئاسان دەیتوانی هەوڵی بەرەوپێشەوەبردنی زمانی كوردی بدات، بزاڤێكی گەورەی وەرگێرانی زانستی لە زمانەكانی ترەوە بۆ زمانی كوردی وەڕێبخا، بەڵام نەك هەر نەیكرد، بەڵكو هەنگاوەكانی لەپێناو پشتگوێخستنی زمانی كوردی بوون. لە بڕیارێكی ناپەسەنددا زمانی كوردی پشتگوێخستو هەوڵی بێبایەخكردنی دا، ئەوە بوو بڕیارێكی دا، كە زمانی كوردی لە پۆلی دوانزەهەمی ئامادەییداو لە كاتی وەرگرتن لە كۆلیژەكانی (پزیشكیو ئەندازیاریو زانست) ئارەزوومەندانە بێت.
ئەم بڕیارەش سەرەتایەكی خراپ بوو لە پەراوێزخستنو بێبایەخكردنی زمانی كوردی، چونكە بڕیارێكی نایاسایی بووو پێچەوانەو دژی چەند یاساو بڕیارێك بوو، لەوانە: پێچەوانەی مادەی (4)ی دەستوری كۆماری عێراقە، كە تیایدا زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی وەك دوو زمانی فەرمی ناسێنراون. پێچەوانەی یاسای ژمارە (6)ـی ساڵی 2014ـی زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق بوو. پێچەوانەی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی زمانە فەرمییەكان بوو، كە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسند كراوە. پێچەوانەی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 1997 ئەكادیمیای كوردی بوو، كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە. جگە لەمە بڕیارێكی ناپەروەرانە بوو، چونكە لە كاتێكدا دەركرا، كە كۆتایی ساڵ بوو سەری لە خوێندكارانو قوتابیان شێواند. بڕیارێكی نائیداریی بوو، چونكە پەیوەندیدار بوو بە وەزارەتی پەروەردەشەوە، بەڵام تەنها وەزارەتی خوێندنی باڵا دەریكردبووو پەروەردە ئاگادار نەبوو. بڕیارێكی نانەتەوەیی بوو، چونكە بەرژەوەندی باڵای زمانی نەتەوەیەكی كردە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەتی چەند كەسێكو زمانی كوردی بێبایەخ كردووە.
ژمارەیەك سەرۆكی زانكۆ بەوەكالەت پۆستەكانیان بەڕێوە دەبەن، زۆربەیان بەپێ ی ئەو رێنماییانە دانەنراون كە وەزارەت خۆی بانگەشەی بۆ دەكات گوایە لە رێگەی پێشكەشكردنی سیڤیو چاوپێكەوتنە
ئەم بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا هاوتای ئەو بڕیارانەی رژێمی بەعسی روخاو بوو، كە سەبارەت بە زمانی كوردی لە ساڵانی 1976و 1989 دەریكردو هەمان ناوەرۆكی هەیە.
چەندین گرفتی تری زانستیو یاساییو كارگێڕی
ئەمانەو چەندین گرفتی تری زانستیو یاساییو كارگێڕی، دابەزینی ئاستی زانستی زانكۆكانو بێ بەهابوونی بڕوانامەی هەرێمی كوردستان لەدەرەوەو دابەزینی ریزبەندیی زانكۆكان لە لەلایەن رێكخراوەكانیو یۆنسكۆو ئەو رێكخراوانەی ریزبەندی زانكۆ جیهانیەكان دەستنیشان دەكەنو چەندانی تر كە كاریگەریی خراپیان لەسەر سایكۆلۆجیای مامۆستایانو خوێندكاران بەتایبەتیو كۆمەڵی كوردەواری بەگشتی هەبووە.
ئامادەکردنی :ئینستیوتی پەی